ئەم هەواڵە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

 

چه‌ند ته‌سكه‌ بیابان بۆ ڕۆحم!

ئه‌ی‌ سه‌حرای‌ ڕۆحم

ژنێتییم چۆن ته‌رجه‌مه‌ ده‌كه‌یت؟

كه‌ وێرانه‌یه‌ك له‌سه‌ر له‌پی‌ ده‌ستما ئاوساوه‌

كه‌ چاوه‌ڕوانییه‌ك شه‌ل بووه‌، له‌زه‌مه‌نی‌ چاوه‌كانما..

ئه‌م هه‌موو ده‌لاقه‌ ده‌بینم و شه‌و له‌ناویاندا نووستووه‌،

كه‌چی‌ شه‌وێكم نه‌دی‌ تامه‌زرۆی‌ ته‌نیایی‌ بێ!

ئه‌م هه‌موو ئه‌سپه‌ سه‌حرا ده‌بڕن،

كه‌چی‌ ئه‌سپێكم نه‌دی‌ له‌ دڵی‌ ژنێكا ته‌نیایی‌ په‌رتكا!

ئه‌سپه‌كان هه‌ر شتێك ده‌زانن:

سه‌فه‌ر پڕ ده‌كه‌ن له‌ حیله‌ و

پێشبڕكێ له‌گه‌ڵ (با) ده‌كه‌ن،

ده‌ستم لێمه‌ده‌، ئه‌ی‌ سه‌حرای‌ ڕۆحم،

بڵێسه‌ی‌ ئه‌م ئاوه‌ هه‌ر ستیانی‌ به‌ردی‌ ده‌وێ،

لێژیی‌ له‌ پێڵاوه‌كانییه‌وه‌ ده‌ڕوا،

پیاسه‌ی‌ هه‌تاویشی‌ له‌ خۆیا هه‌ڵچنیوه‌،

چۆن ده‌گاته‌ ده‌ستی‌ تۆ؟

ئاخر پێم وتی‌: مه‌ل به‌بێ باڵ ناكه‌وێته‌ ڕسته‌ی‌ فڕینەوە

ماڵی‌ ئاسمان تا عه‌رشی‌ خوا ده‌ڕوا

كه‌چی‌ هه‌ڵۆ گه‌ر چیا نه‌بێ،

بێلانه‌ ده‌بێ..!

خۆت مه‌خه‌ره‌ تاری‌ ته‌نیاییمه‌وه‌،

كه‌ ته‌نیاییم تا قیامه‌ت ده‌چێ،

كه‌چی‌ تۆ له‌ قوڵایی سه‌حراته‌وه‌ وتت:

غه‌ریبیت ده‌كه‌م، ته‌نیایی‌!