ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

كه‌ بیرم نایه‌ته‌وه‌ 

ده‌سپێكی 

یه‌كه‌م دیدگامان 

لێره‌ ده‌سپێكرد 

كاتێ گه‌ڵا ورده‌ ورده‌ ده‌وه‌رین 

سه‌مای جوانی وه‌رینی گه‌ڵا 

چ ئارامیه‌كی جوان ده‌نه‌خشێنێ 

چناره‌كه‌ له‌ پایزان 

وه‌ك ژن له‌ ڕووتی دا 

له‌ كانیه‌كه‌ جوان ده‌رناكه‌وێت 

من له‌ په‌نجه‌ی 

پێی ژن تێده‌كه‌م 

له‌ سه‌ماكردنی ژن و 

چاوه‌كانی فێرده‌بم 

ده‌بێ سه‌رده‌مێكی دی بدۆزینه‌وه‌ 

سه‌رده‌می ژن بێت 

بۆنی ژن وه‌ك نانی گه‌رمی 

به‌یانیانی ده‌ستی دایكم 

له‌ زستانانی سارد ده‌چێ 

كه‌ به‌ ته‌ندوره‌وه‌ی داده‌دا 

من وه‌ك 

ئه‌و ژنانه‌ی خۆشمویستن 

ئه‌و ژنانه‌ی خۆشیان ویستم 

چ عاشقانه‌ بۆت له‌ ڕوانم 

وه‌ك چاوه‌ڕوانی 

كه‌ خۆر له‌ په‌نجه‌ره‌ی ماله‌كه‌تان ده‌دا 

كه‌ به‌یانیان له‌ ده‌رگا ده‌درێ 

كاتێ بۆ ئاودانی گوڵی مه‌ركانه‌كه‌ 

په‌نجه‌ره‌كه‌ ده‌كه‌یته‌وه‌ 

كاتێ ده‌رگاگه‌ 

به‌دوای خۆتدا توند 

پێوه‌ ده‌ده‌ی هه‌ستت پێده‌كه‌م 

كاتێ تابڵۆكه‌ ده‌هێنیه‌ خوارێ 

كاتێ به‌ نه‌رمی ده‌یسڕیه‌وه‌ 

كاتێ ده‌نگی گۆرانیه‌كه‌ نزم ده‌كه‌ی 

كاتێ خێرا له‌ ده‌رگا ده‌درێ 

یان زه‌نگی ته‌له‌فۆنه‌كه‌ چه‌ندجارێك 

دووباره‌ ده‌بێته‌وه‌ 

كاتێ ئه‌وشه‌وه‌ی باران زۆر ببارێ 

كاتێ گوله‌كان ده‌میان كردۆته‌وه‌ 

كاتێ با به‌نه‌رمی 

له‌ پرچی منداله‌كه‌ت ده‌دا 

كاتێك پیاوێك به‌ده‌نگی به‌رز 

بانگت ده‌كات و من نیم 

بیر له‌وساتانه‌ی تۆ ده‌كه‌مه‌وه‌ 

ئێستا من بیر 

له‌سه‌مای كه‌وتنی گه‌ڵای دارچناره‌كه‌ ده‌كه‌مه‌وه‌ 

بیر له‌و ژنانه‌ ده‌كه‌مه‌وه‌ 

كاتێ هیچ شتێكیان به‌ تۆ ناچێ 

به‌یانیان كه‌ دوور دوور ده‌ڕۆم 

ئێواران كه‌ به‌په‌له‌ ده‌گه‌ڕێمه‌وه‌ ژووره‌كه‌م 

له‌ ژووره‌كه‌م بیر له‌وشتانه‌ ده‌كه‌مه‌وه‌ 

كه‌ بیرم نایه‌ته‌وه‌