ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

 

نووسینی: جەلال دەباغ

 بەداخ و پەژارەیەکی زۆرەوە دوێنێ رێکەوتی ٢٠-١٢- ٢٠١٨ دڵەگەورەکەی هاوڕێی دێرینم مامۆستا رەئوف حەسەن لەلێدان کەوت و لە ناکاوێکی چاوەڕوان نەکراودا کۆچی دواییکرد و بەلەدەستچوونی ئەو رۆڵە دڵسۆزە گەلەکەمان نووسەرو ئەدیب و رۆژنامەنووس و رۆشنبیرێکی ناسراوی لەدەست دا.

لە ساڵانی شەستەکاندا لەگەڵ هاوڕێ رەئوف حەسەن بووینە برادەرو هەر لە دوای کۆدەتا شوومەکەی شوباتی ١٩٦٣وە وەک هەڵوێستێکی ئازایانە لە دژی کۆدەتا خوێناویەکەی بەعس و کوشتوبڕی شیوعیەکان بۆتە ئەندامی حیزبی شیوعی عیراق و تاساڵانی حەفتا بەردەوامبوو، پاشان لەبەر هەندێ هۆکاری تایبەتیی خۆی لەحزب دابڕا، بەڵام هەروەک چیرۆکنووس و نووسەرێکی کارامە لەسەر بیروباوەڕی چەپگەریی خۆی مایەوەو شایانی باسە لەوساڵانەو دواتریش خۆبەخشانە رۆڵێکی باشی دەگێڕا بۆهاوکاری و پشتگیریی هەفتەنامەکەی حیزبمان (بیری نوێ)کە رۆشنبیری و بەهەردوو زمانی کوردی و عەرەبی دەردەچوو.

رەئوف حەسەن ئەندامێکی چالاکی یەکێتییەکەمان(یەکێتیی نووسەرانی کورد)بوو. مەکتەبەی کوردی بە چەندین بەرهەمی نووسراوو وەرگێڕدراوی ئەدەبی و رۆشنبیری مارکسی- لێنینی دەوڵەمەندکرد.

هاوڕێ رەئوف کەسێکی ئازاو نەترسبوو، رەخنەی زانستانەی دەگرت و هەمیشە رۆشنبیرێکی هەقبێژبوو، لە کاری رۆژنامەوانیشدا تواناداربوو.

نووسەرانی سلێمانی بەتایبەتی و کوردستان بەگشتی مامۆستا رەئوف حەسەنیان باشدەناسی و دەیانزانی لە هەڵوێستی دڵسۆزانەو نیشتیمانپەروەرانەو پێشکەوتنخوازانەی لای نەدەدا.. یەکێک بوو لە ئەندامانی یەکەمین کۆنگرەی پارتی چەپی کوردستان و ساڵانێک لەسەر خەبات لەریزی پارتی چەپی کوردستاندا بەردەوامبوو.

هەروا ساڵانێک وەک رۆژنامەنووس هاریکاری بزاڤی شۆڕشخوازانەی باکوری کوردستانبوو، بەسەرکەوتنەکانی گەلی کوردستان دەگەشایەوەو بە نسکۆو شکستییەکانیش لەناخەوە دڵگیرو خەمباردەبوو.

کۆچی ناوادەی رەئوف حەسەن زیانێک بوو لە بزاڤی رزگاریخوازیی گەلی کوردستانکەوت. پرسەو سەرخۆشیمان بەهەموو هاوڕێ و برادەرو رۆڵەکانی گەلەکەمان و خانەوادە بەڕێزەکەی و خزم و کەسوکارو ناسیاوانی پێشکەشدەکەین. یادگارەکانی رەئوف حەسەن لەبیرناچنەوە.