ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

١

نەرم ،نەرم ،کلو ،کلو

لەسنگی بێگەردی ئاسمان

بەفر دادەبارێ

تۆ بڵێی ئاسمانیش دایک بێ

شیر لەمەمکی بێتە خوارێ.

٢

بەفر گریا

ووتی "من دەمەوێ

چوار وەرزی ساڵ ،سپی بنوێنم

تا بۆگشت بووکە جوانەکانی نیشتمان

رەنگی سپی بنەخشێنم.

٣

شەڕە بەفرم لەگەڵ مەکە

بەرگەی ئەو تۆپەڵە ناگرم

چونکە من ھێشتا مناڵم

بۆگەلێ شت گڕوو دەگرم.

٤

بەفر لەتۆ دەچێ

یان تۆ لەئەو

من نازانم لە شەوێکی بەفرانباردا

چۆن دەردەکەوی

وەک مانگەشەو.

٥

درەختەکان زۆر دڵخۆشن

کاتێ بەفر

تاڵی قژیان سپی دەکا

ئەی تۆ نەت ووت

قژت جوانە

وێنەی بەفر نیشان دەدا.

٦

بابە نۆئێل زۆر راست دەکا

بەرگی سوور، لەگەڵ بەفر جوانە

وێنەی روومەتت دەنوێنێ

کاتێ لای قژم میوانە.

٧

ئەزمڕ بەو بەرگی سپیەوە

چاوەڕێی پیاسەی تۆ دەکا

ئەونازانێ عەشق وایە

بۆھەمیشە لە ناو قژی سپی مندا

خۆی وون دەکا.

٨

زەیتونەکەی بەردەرگەمان

سپی بووە

رەنگە سەوزەکەی نەماوە

تۆخوا تۆش رەنگت بگۆڕە

حەزم لەو ڕەشە نەماوە.

٩

بەبەفر بڵێ

بابەسەرمنداببارێ

من دەمەوێ چاوەکانت

ھەر لەقژی من بنواڕێ.

١٠

لەناو پێستی سپی تۆدا

من ھەر وێنەی خۆم دەبینم

تۆ لەسروشتەوە سپی

یامن وەک بووکە بەفرینە

دەتنەخشێنم.