ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

 

عەبدولرەحمان كاكۆ

کافکا پێی وایە (مرۆڤ دەبێ تەنیا ئەو کتێبانە بخوێنێتەوە کە گاز لەمرۆڤ دەگرن و بە مرۆڤەوە دەدەن). کافکا بەم بۆچوونەی مژار دەکاتە سەنتەری پرۆسەی خوێندنەوە بەبێ ئەوەی بەرئەنجامی ئەو گاز و پێوەدانە دەستنیشان بکات چونکە هەندێجار لەوانەیە کتێب زۆر خراپ گاز لە مرۆڤ بگرێ و بە چەشنێکی کوشندەش پێوەی بدات، سەرئەنجام بیکات بە تاکێکی زۆر خراپ و زیانبەخش. بۆیە بەبۆچوونی من نابێ هەڵبژاردنی مژاری خراپ و باش لەو پرۆسەیەدا ڕەچاو نەکرێ.

ئەگەر کەسێک تەنیا بۆ خۆشی بخوێنێتەوە وەک (تیۆدۆر فۆنتانا) پێی وایە ئەوا کتێبی خراپ و باش بەلای ئەو کەسەوە گرنگ نیە. بەڵام کاتێک مرۆڤ بە ئامانجی خۆ پێگەیاندن و کەشف کردن بخوێنێتەوە زۆر گرنگە بزانێ چی دەخوێنێتەوە. چونکە لەڕێگەی خوێندنەوە وە وەک (ڤۆڵتێر) بۆی چووە لایەنە ڕۆحییەکانی مرۆڤ گەشە دەکەن، مەرجی خوێندنەوەی باش بەلای فەیلەسوفی ئەلمانی (شۆپنهاوەر) نەخوێندنەوەی شتی خراپە.

شتی باش و خراپ چین لە دونیای خوێندنەوەدا؟ ئەوە پرسیارەکەیە.

من پێم وایە بە لەبەر چاوگرتنی لایەنی ڕێژەیی (باش و خراپ) هەر بابەتێک مرۆڤ بەرەو بەستەڵەکی بیرکردنەوە ببات شتێکی خراپە، هەر بابەتێک ئەگەر لۆژیکی گۆڕانی ئەم دونیایە لە هزری خوێنەر نەچێنێ شتێکی خراپە. هەر بابەتێک بەربەست بێ لەبەرامبەر وەڵامدانەوەو بەخۆدا چوونەوەی مرۆڤ لە دونیای بەردەوام گۆڕاو شتێکی خراپە. لە بەرامبەریشدا هەر کتێبێک بە ئاراستەی وەڵامدانەوەی گۆڕان و بەرەو پێشەوەچوونی ژیان ڕامانبچڵەکێنێ شتێکی باشە. هەر کتێبێک فێری ڕەخنە و بەخۆداچوونەوەمان بکات شتێکی باشە. هەر کتێبێک فێری لێبوردەیی و گەورەیی مرۆڤ و خۆشەویستی مرۆڤمان بکات شتێکی باشە. هەر کتێبێک فێری ڕق و کینەو دەمارگیری و ڕەتکردنەوەی هزری دیکەمان بکات بە هەر ئاراستەو ئایدیۆلۆژیایەکەوە نووسرابێ شتێکی خراپە. مێژووی هزرو بیرکردنەوە پێمان دەڵێ کتێبی خراپ لە ڕابردوودا چ زەبرێکی کوشندەی بە مرۆڤایەتی گەیاندووە. ئیتاڵییەکان قسەیەکیان هەیە دەڵێن هیچ دز و جەردەیەک ئەوەندەی کتێبێکی خراپ زەرەر بە مرۆڤ ناگەیەنێ.. ئەمیان ماڵ و سەروەتە کەت بە تاڵان دەبات، بەڵام ئەویان بۆی هەیە ئەقڵ و بیرکردنەوەت ئیفلیچ بکات.

کەواتە ئەگەر بمانەوێ بخوێنینەوە زۆر گرنگە بزانین چی دەخوێنینەوە..