ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

1

لێم ببورە وا راهاتووم

هەموو سپێدەیەک

کەمانچەی دڵە شێتەکەم

بکەوێتە ئاواز لێدان

پەنجەکانم لەنێو باوەشی

پەنجەتا سەما بکات !

من دەمەوێ لەگەڵ پەیمان نوێکردنەوەی

خۆرو پێدەشت

گوڵ و هەنگ

باڵندەو ئاسمان

دەریاو زەمەند، منیش لەگەڵ پەنجەکانتا

پەیمان نوێ بکەمەوەو

بەیادی یەکەم گوشینی پەنجەکانتەوە

پەنجەکانت ماچ بکەم و

پێت بڵێم ئازیزەکەم

ئەمڕۆ لەدوێنێم زیاتر خۆش دەوێی؟

2

رەمەزان بوو

پیرەمێردێکی ردێن سپی

ووتی کچم تۆکەی بەرۆژوو دەبی

ووتم کاتێ ،رێگەتان دام

لەبری لوقم، بەماچ بەربانگ بکەمەوەو

بەباوەشی ئەڤینەکەم

رۆژووم بشکێ ؟

3

باهەردووکمان دەمان قفڵ دەین

باس لەئازادی نەکەین

کە هەردووکمان بەئازادی لەدایک بین

بۆچی دەبێ ، بەس بۆ ماچێک

لەچاوی منداڵێک بترسین

4

دەڵێن سەیرە

ئەو خۆشەویستیەی ئێوە

بۆ هێندە بەگڕو بەتینە؟

دەڵێم چونکە

ئەو خواوەندی عەشق و سۆزە

منیش بەندەی ئەم ئەوینە !

5

هەرکات ویستم

خۆم بخزێنمە باوەشتەوە

رێگەم بدە

من ئەو منداڵە بێ نازەم

لەباوەشی تۆدا نەبێ

ژیر نابمەوە ؟

6

هاوڕێیەکم لێم پرسی

ئەرێ کچەکە تۆ پێم ناڵێی

ئەم شعرانە بۆ دەنووسی؟

منیش ووتم : لێم ببورە

هەرگیز ،هەرگیز، شعرم بۆ کەس نەنوسیووە

ئەوە ،گوڵە، خوێنمە، هەستمە

هەڵۆیەکی بەرزەفڕە

شادەمارێکی نێو دڵمە .

7

لەسەر کانی گوندەکەتان

نوێژم دەکرد

شێخێک بەلامدا تێپەڕی

ووتی : کچم هانێ بەرماڵ

نوێژەکەتی لەسەر بکە

ئەو نەیزانی بەرماڵی رۆحم راخستووەو

نوێژەکانی عەشقت دەکەم

8

کەمجار هەیە، پێڵوی چاوم

تارمایی خەفەت دایبگرێ

بەڵام کاتێ سیمای گەشت

بۆساتێ بزەی لێدەبڕێ

لەناخمەوە

بورکانی گریان هەڵدەستێ

9

ووشەکانت بخەرە فڕین

وەک چۆن فێرت کردووم

خۆزگەکان هەستم داگیر بکەن

لەم ووڵاتە بێ خۆزگەدا

وەک چۆن فێرت کردووم

کەدڵم بوو بەئاگردان

بەبەفراوی هەناسەکەت بیکوژێنمەوە

جگە لەتۆ بیر لەهیچی تر نەکەمەوە

10

نەکەی بڕۆی من دڵنیام

هەرگیز دەستم لەدەست جیانابێتەوە

هەردوو چاوم

لەتێڕوانینی چاوانتا دەتوێتەوە ؟