ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

محەمەد بەرزنجی – هەولێر

هەندرێن خۆشناو كه‌ شێوه‌كار و كاریكاتێریستێكی ناسراوی كورده‌، هونەرمەندێکی چالاک و ئەکتیڤی بواری هونەری کاریکاتێرە له‌ ناوه‌وه‌ و ده‌ره‌وه‌ی كوردستاندا، پەیوەندییەکی چاکی لەگەڵ هونەرمەندانی دەرەوە هەیە، و بەردەوام وەکو نوێنەری هونەری کاریکاتێری کوردی، بەشداری لە بۆنە هونەرییە نێودەوڵەتیەکاندا دەکات.

وه‌كو درێژه‌دانێك به‌ كار و چالاكییه‌ هونه‌رییه‌ نێوده‌وڵه‌تیه‌كانی، له‌ سه‌ره‌تای ئه‌مساڵدا بەشداریکرد لە فێستیڤاڵی کاریکاتێریی (ئەلیکسەندەر سارۆخان) لە قاهیرەی پایتەختی میسر. 

سەبارەت بەم چالاکییە هونەرییە نێودەوڵەتییە هەندرێن خۆشناو گوتی: له‌ سه‌ره‌تادا ده‌مه‌وێت زۆر سوپاسی دامودەزگا هونەرییە کاریکاتێرییەکانی میسر بکەم، کە بەردەوام داوەتنامە و نامەم بۆ دەنێرن بۆ بەشداریکردن لەگەڵیان لە فێستیڤاڵ و پێشانگا هاوبەشەکاندا، ئەمەش جێگای رێز و ستایشکردنە. مۆزەخانەی کاریکاتێر و کۆمەڵەی کاریکاتێری میسری بەهاوکاری دەستەی گشتی خانەی کتێب و کۆمەڵەی ئەرمەنی خێرخوازی، کە سپۆنسەری پڕۆژەی (یادکردنەوەی کاریکاتێر)ن، هەڵسان بە ئەنجامدانی فێستیڤاڵێکی هونەریی کاریکاتێریی بۆ یادکردنەوەی هونه‌رمه‌ند (ئەلیکسەندەر سارۆخان) کە بە پێشەنگی هونەری کارتۆن و کاریکاتێر دەژمێردرێت لە میسردا، سارۆخان بە ڕەچەڵەک هونەرمەندێکی ئەرمەنیە و لە ساڵی 1924 لە دایکبووە، له‌ کۆمەڵکوژییەکەی ئەرمەنیان ده‌ربازی ده‌بێت و کۆچ دەکات بۆ میسر، لەوێ لە ساڵی 1977 کۆچی دوایی کردووە. سەبارەت بە پێشانگاکەش کە لە هۆڵی خانەی کتێب لە قاهیرە ئەنجامدرا، (180) هونەرمەندی کاریکاتێریست لە (45) وڵاتەوە و بە زیاد لە (250) تابلۆی کاریکاتێریی بەشداریان تێداکرد. منیش یه‌كێك بووم وه‌كو هونه‌رمه‌ندێكی كورد له‌گه‌ڵیان به‌شداربووم، لە کۆتاییشدا زۆر سوپاسی ئێوەش دەکەم بۆ بایەخدانتان به‌ کار و چالاکییەکانمان.