ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

  

كورتە چیرۆك

  ئەوێ شەوێ تا بەیانی خەو نەچووە چاوەکانی ، هەر لە فکران ڕادەچوو ، بیری لە ئاکامی ئەو کارە دەکردەوە کە لە ڕێکەوتێکدا  هەموو خەون و هیوا و ئاواتەکانی تێدا کۆببوونەوە ،  چەند جارێک سەری لە دەلاقەی ئەو ژوورەی لێی ڕاکشابوو ، بردە دەرەوە ، دیار بوو باران باری بوو بۆنی خۆش و هەوای تەڕ و سافی پاش بارانان  مرۆڤی کاس دەکرد ، پڕ بە سیەکانی هەناسەیەکی قوڵی هەڵمژی ، سەری بەرز کردەوە بۆ ئاسمان ، چاوە خوماریەکانی خستە سەر پەلە هەورێکی سپی ، خەندەیێکی شیرین کەوتە سەر لێوەکانی  بە ئارامی دەمی کردەوە ، لێوە پڕەکانی بە ئاسپایی دەجوڵاند وەک بڵێی لە گەڵ ئاسمان کەوتبێتە گفتو گۆ ،

-خودا گیان تۆ خودای هەردووکمانی ، مەگەر ناڵێن خودا یەکە و نابێتە دوو ، لێتدەپاڕێمەوە هاوکاریمان بکە ، تکایە

 هەناسە ساردمان مەکە

خۆشی نەیدەزانی ئەو شەوە بۆ هێندە درێژ بوو ، هەر چرکەیێکی کاتژمێرێک بوو ، بە حەسرەتەوە لە کونی کڵاوڕۆژانەکەی دەڕوانی، شێت و شەیدا ببوو بۆ ترووسکایێک ، کە پەیامی بەرەبەیانی پێڕا بگەیێنێ، ئەوان ژوانیان پێش مەلا بانگدان بوو ، هێندەی نەبرد ، گوێی لە دەنگی فیکەیێک بوو ، هەموو گیانی ڕاچەنی لە هەموو فکرانی دابڕی ، وەکو بروسکە خوی گەیاندە داڵانەکە بێ ترس و ئاوڕدانەوە لە دەرگا چووە دەرەوە ، وەکو بڵێی ئیتر باکی بە مەرگ نەبێ ، گەیشتە لای تەوێڵەی ئەسپەکان ، لە پڕ یەکێ لە پشتەوە توند گرتی و دەستی خستە سەر دەمی ، ئەو هەر زوو لە ریتمی هەناسە بۆن و بەرامی ئاونگی لا ملی ناسیەوە ،  ڕووی وەرگێڕا، بە تاسە و حەسرەتەوە خۆی خستە باوەشی، ترپەی دڵی هەردووکیان بە ئاشکرا لە ناو دڵی ئەو تاریکیە ترسناکە دەبیسترا،  ئەوان توند یەکیان لە باوەشگرتبوو ، وەک بڵێی ئیتر باکیان بە مردن نەبێ..!!

لە گەڵ دەنگی مەلا بانگدانێدا هاتنەوە هۆش خۆیان ... پەنجەکانیان لە یەک ئاڵاند ، توند دەستی یەکیان گرت و بەرەو دار سپیندارەکانی پشت ئاوایی کەوتنە ڕێ ( ک ) شۆڕشگێر  بوو ،  ئێش و ئازارەکانی ژیان ، ڕێگایان هێنابوویەوە سەر ڕێگای ئەو لادێیە ،  ئەو لاوە ئاشقە تا دەست هەڵبڕی کەڵەگەت بوو ، گەنم ڕەنگێکی شیرین بوو ، قژی لولی لە سەر نێوچاوان و لا ملی بە شێوەی گوڵستانێک پەخشان ببوون ، چاوەکانی لە دەریایێکی قوڵ دەچوون ، هەر بۆیەش ئاشقە شێتەکەی لە یەکەم ژواندا پێی گووتبوو

-کوڕۆ تۆ چاوەکانت لە دەریایێکی قوڵ دەچن، ئەگەرچی دەزانم ئەو ئاشق بوونەم ، نرخەکەی گرانە ، وەلێ لێ دەرباز بوونیانم ئاستەمە....

ئەویش ، پێدەکەنی و ددانە سپیە ڕاست و درشتەکانی دەبریسکانەوە و دەیگووت

-کچێ نازدارە ، بەژن زراڤاکەم ،تۆ چ یاخیێکی بوێر و خورتی..!!

دار ئەسپیندارەکان لە سوپایێکی بێ هەژمار دەچوون ، وەک بڵێی بۆ بەرگری  کردن لە ئاشقی پاکی ئەوان، ملیان دابێتە یەک و خۆیان لە سەنگەر نابێ..!!

-من دەزانم ئەو یاخی بوونەم ، دەبێتە یاخی بوونێکی ئەبەدی چوونکە ئەوان وا دەزانن، ئاشق بوون هەڵبژاردەی دەستی مرۆڤە ، نازانن مرۆڤەکان هەڵبژاردەی دەستی ئاشق بوونن.!

( ک ) لە سەر بەردێک دانیشتبوو ، ڕوو بەرەو ئاوایی ئەویش سەری بە ڕانی کرد بوو ، بە ئارامی ڕازەکانی دڵیان بۆ یەک دەردەبڕی ، دونیا هێدی هێدی ڕووناک دەبوویەوە، چرکەکانی لە یەک دابڕانیان نزیک و نزیک تر دەبوونەوە ، ( ک ) بە ئارامی دەستی بە قژی خاوی ئەو دادێنا ، وەک بڵێی دڵنەوایی لە یەک دابڕانیانی بکات ، لە کاتێکدا دڵی خۆی لە دڵی چۆلەکەیێکی هێلانە خاپور کراو دەچوو ...

دووبارە باوەشیان لە یەک دایەوە ، ئەو دەمی لە گوێچکەی ، نزیک کردەوە

-ئاشق بوون لەو دەڤەرەی ئێمە تاوانە ، یاخی بوونە زۆر جار نرخەکەی بە گیان بەخشین کۆتایی دێت ... هی ئێمە بە هۆی جیاوازی دەڤەر و چین و ئاینەوە دوو ئەوەندە تاوانە لە چاوی ئەواندا ...!!!

( ک )ئەوی توند تر لە باوەش گرت و گووتی

"یان دەبێت یەکمان خۆش بووێت یان دەبێت بمرین"