ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

 

هەور

کۆڵە پشتەکەی

تۆند بەست و خەمی 

زستانی لەکۆڵنا.

باران 

بەپی خاوسی

بەکۆڵانەکانی جۆگەلە

خۆپیشاندان دەکەن.

خاک

دەستی پاڕانەوەی

بەرز کردووەتەوە،

نزا ئەکا بۆ گێڕانەوەی باران

لە زیندانی هەورا.

سەرما 

فەروەیەکی سپی

لەبەر کردووە

بەتوولە ڕێـیەکانی زستانا

مل دەنێن بۆ ناو شار و

تەم بڵاو دەکەنەوە.

گەرما 

کراوەتە کونجی زیندانەوە و

دەست بەسەرە لای زستان

ڕۆژ دەژمێری بۆ ئازاد بوون.

ئاونگ 

چووەتە ژوانی

پەلکی گیا،

لەسەر سنگی ڕاکشاوە

جار و باریش؛

بەکەمەریا دێتە خوارەوە

بە ماچێکی تەڕ 

تام ئەدا بە سەوز بوون.

"بــا"

خۆی لە درەختەکان تووڕە کردووە

پرچی هەندێکیانیشی ڕادەکێشا

تا باران هاتە هانایەوە.

شەختە 

چەند دڵی ڕەقە

پێ دەنێتە سەر دڵی وردە گیا

بەبەرچاوی بەستنەوە.

کڕێوە

بەچاوی زیتەوە

هاتووەتە گیانی سروشت و 

ستیانی درەختەکان فڕێ دەدات.

بەفر 

چاوی سپی سپی 

هەڵگەڕاوە

لەپرسەی درەختا

بەکپی دانیشتووە.

تەرزە 

بەرد ئەگرێتە

شووشەی پەنجەرەکان

ئەزانێ لەژوورەوە 

زستان گەرم ئەکەنەوە.

زوقم

هاتووەتە گیانی گەرمای

ناو ژووری نووستنەکەم،

دەست و پەنجەی منیشی 

بەستووە.

تـــەم

هەر دوو چاوی بەستووم،

"کزە"ش کەلەپچەی کردووەتە

دەستم.

زستان 

بەهەموو سەربازەکانیەوە

کوودەتای کردووەو

هێرشی هێناوەتە سەر 

جەستەی تەزییوم..!