ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

لەماوەی دوو مانگی ڕابردوودا، دوو دەقی ئەدەبی دوو هاوڕێی خۆشەویستم خوێندەوە و بەچاكم زانی چەند دێڕێكیان لەبارەوە تۆمار بكەم و دەستخۆشییان لێبكەم.

یەكەمین بەرهەم ڕۆمانی (زامەكان دەكولێنەوە)ی نووسەر بەهرام محەمەدە، لەبواری ڕۆمان نووسیندا یەكەمین بەرهەمییەتی و لە تاقیكردنەوەكەشدا سەركەوتووە و ئومێدی بەرهەمی باشتری لێ دەكرێت، سەلام عومەری شاعیر و ڕۆژنامەنووسیش كە پێشتر خۆی بە نووسینی چیرۆك تاقی كردووەتەوە، ئەمیش هاتووە ئەسپی خۆی لەبواری نووسینی ڕۆماندا تاو داوە و هەر لەبەرئەوەی خۆی شۆڕەسوارێكی بواری نووسین و ئەدەبیاتە، دەبینین ڕۆمانێكی دڵگیری بۆ بەرهەم هێناوین كە دەستت بە خوێندنەوەی كرد حەز دەكەی دەستبەرداری نەبیت تاكو لە خوێندنەوەی دەبیتەوە، هەر بەشێكی هانت دەدات بەدوای بەشەكانی دواتردا بڕۆیت تا دەگەیتە ئامانج، تەواوی ڕۆمانی (جن بۆ خۆیم دەبات) لەنێوان واقیع و خەیاڵدا دەتهێنێ‌ و دەتبات و چێژ لە دەقێكی ئەدەبی جوان وەردەگریت.

زامەكان دەكولێنەوە:

مامۆستا بەهرام محەمەد بە نووسینی ڕۆمانی (زامەكان دەكولێنەوە) ئەزموونێكی سەركەوتی جوانی لەبواری ڕۆمان نووسیندا تاقی كردووەتەوە، چێژی زۆرم لە خوێندنەوەی وەرگرت، بە وشە و دەستەواژە و زاراوە خوجێییە جوانەكانی دڵخۆش بووم، دەوڵەمەندی زمانی كوردی دەسەلمێنێت، بەسەرهاتەكان سەرنج ڕاكێشن، سەركەوتووانە سوودی لە مێژوو وەرگرتووە لە كۆمەڵە ڕووداو و چیرۆكێكی سەرنجڕاكێش ڕۆمانێكی ئەدەبی بەرهەم هێناوە، هەروەكو خۆی لەپێش خۆری ڕۆمانەكەدا نووسیویەتی دەڵێت: "من هیچ تیۆرێكم بۆ باسكردن كە لەدەوی پاڵەوانەكانی ئەو چیرۆكە خۆیانم بیستووە هاوڕێكانم كە زانییان ئەو چیرۆكە درێژەی دەیگێڕمەوە پەیوەندی بە باسەكەی ئەوانەوە هەیە، ژیرانە دانیشتن و گوێیان لێگرتم، بەڵێنیشیاندا شەوانە كتلی چایی و جەزوەی قاوە لەسەر پەنگری ئاگری داری قەراشكەری بەردەوام بێت، منیش لەبەر ئەوەی چیرۆكەكە زۆر درێژ بوو بەشەوێك و دوان تەواو نەدەبوو بە چەندین شەو قۆناغ بە قۆناغی چیرۆكە درێژەكەم بۆ كردنە مێوژ و گوێز و بادەمی شەوچەرەی ئەو شەوانە و چۆنم بیستبوو وام گێڕایەوە".

ڕۆماننووس تەنیا زامی پاڵەوانەكانی ڕۆمانەكەی (ئیبتسام و كارۆ و مەلا و مامز) ناكولێنێتەوە، بەڵكو زامەكانی ئێمەی خوێنەریش بە خوێندنەوەی ڕۆمانەكە دەكولێنەوە، زەمەنی ڕۆمانەكە زۆر درێژخایەنە، كەسەكان سەركەوتووانە ڕۆڵی خۆیان دەبینن لەو مەودا درێژەدا هەندێك وردە هەڵەی میژوویی تێدایە بۆ نموونە لە ساڵانی شەستەكانی سەدەی ڕابردوو گەراجی نەهزە لە بەغدا دروست نەكرابوو، بەڵكو ئەوكات گەراجی هەولێر لە گۆڕەپانی مەیدان بوو، نێرن و تەكسییەكان لەوێ دەوەستان. ڕێككەوتننامەی جەزائیر لە ساڵی 1975 بوو، نەك ساڵی 1976، دڵنیام برای نووسەریش ئەمە دەزانێت، بەڵام دەبێت هەڵەی چاپ بێت، من لە كۆتایی شەستەكانی سەدەی ڕابردووەوە نووسەر دەناسم، سەر بە ڕەوتی نەتەوەیی بووە، ئێستا هاتووە زۆر جوان و ڕاستگۆیانە باس لە مێژووی هاوچەرخی عێراق و ڕۆڵی چەپ و حزبی شیوعی دەكات لە تێكۆشانی سیاسی و هەڵوێستی چینایەتیدا، ئەمەش نیشانەی پاراستنی ئەمانەتی مێژووە، سەرەڕای هۆشیاری سیاسی و ڕاستگۆیی نووسەر لە سوودوەرگرتن لە مێژوودا.

ڕۆماننووس لەمیانی بەسەرهات و چیرۆكەكانی نێو ڕۆمانەكە، ڕژێمە دیكتاتۆر و كۆنەپەرست و ڕەگەزپەرستەكانی عێراق هەر لە پادشایەتییەوە تاكو ڕژێمی بەعس و سەدامی دیكتاتۆر ڕیسوا دەكات و ڕەفتارە دڕندنانە و نامرۆڤایەتییەكانیان دەخاتە ڕوو، بەتایبەتی ڕەفتاری دڕندانەی بەعسییە كودەتاچییەكانی 8ی شوباتی 1963، هەروەها نووسەر خیانەتی شای ئێرانیشی فەرامۆش نەكردووە، ئەو شایەی كورد بە دۆستی خۆی داینابوو، چۆن دوای مۆركردنی ڕێككەوتننامەی جەزائیر خیانەتی لە شۆڕشی باشووری كوردستان كرد، بەڵام ئەوەی جوانە ڕۆماننووس لە دوای نسكۆكەش ئومێد دەچێنێت و لێ ناگەڕێ (كارۆ)ی پاڵەوانی ڕۆمانەكە لە نموونەی گەنجێكی كوردی ماندوو و ستەمدیدە و بێ ئومێد و سەرگەردان بمێنێت، بەڵكو قەرەبووی شەهید (ئیبتیسام)ی بۆ دەكاتەوە و دواجار خوێنەرییش بە دڵگرانی جێ ناهێڵێت.

جن بۆ خۆیم دەبات:

بە بۆچوونی خۆم، كە زۆر ئارەزووی خوێندنەوەی ڕۆمان دەكەم، ئەم ڕۆمانەی برای شاعیر و چیرۆكنووس (سەلام عومەر) وەك یەكەم ئەزموونی لەم بوارەدا داهێنانێكی جوان و سەركەوتووانەیە، جوانە لە بوارەكانی شێوازی ئەدەبی گێڕانەوە و گەڕانەوە بۆ دواوە، ئاخافتنی لە جیاتی ئەوانی دیكە بەستانەوەی خەیاڵ بە واقیع، بەراوردكردن لەنێوان زەمەنی ئێستا و ڕابردوودا، بەراوردكردن لەنێوان شوێن و بەكارهێنانی زانیاری و ڕۆشنبیری و زانستی لە ڕووداو و دەوڵەمەندكردنی دەقە ئەدەبییەكەدا، لە هەموو ئەمانە هاوڕێ سەلام باڵادەستی و دەستڕەنگینی خۆی سەلماندووە، چێژم لە خوێندنەوەی هەموو بەشەكانی ڕۆمانەكە وەرگرت، لە هەندێكیاندا شێوازی گێڕانەوەی یادەوەری بەكارهێناوە، لە هەندێكیان بە خەیاڵ دەچێتە ناو هەسارەكان و گەردوون و وەكو هێما بۆ جیهانێكی جیاواز بەراورد دروست دەكات، لەگەڵ جیهانەكەی خۆماندا، لەگەڵ واقیعەكەی خۆمان، ئەگەری تاڵی سوێری و دەردەسەری و پاشاگەردانیشی تیا بچێژین، بەڵام نیشتمانمانە و لەنێو دڵماندایە و هەوڵدان بۆ گۆڕینی باشترە لەجیهانێكی جوان و پێشكەوتوو، بەڵام لە ناویدا نامۆ بژین و لە (ئامانج)مان دوور بكەوینەوە، بە دیوێكی تردا نووسەر بەرجەستەی ژیانی خۆی لە دەقێكی ئەدەبی ڕۆمان ئامێزدا كردووە، هەر لە منداڵییەوە تاكو مێردمنداڵی و گەنجی و خەباتی سیاسی و پێشمەرگایەتی، ئازارەكانی وەكو ئازاری چێژبەخش نیشانداوە، كە گەورەش دەبێت (جن بۆ خۆی دەباتەوە)، جنی هاوڕێی تەمەنی هۆشیارانە مەستی دەكات و هەمیشە خۆی بە ژیان دەبەستێتەوە و ڕاناكات و تا دێت هەست و خەیاڵ و زمان و تێكۆشانی پاراوتر و بێ گەردتر خۆدەنوێنن و لە كۆتاییدا بەرهەمی ئەدەبی ڕاستگۆیانەمان پێشكەش دەكات.