ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

دیمانە / هێرش مەغدید

ئەو سەرمەستانە و سەربەستانە شیعر وەك بسكی خاوی كۆچەرییەك دەهۆنێتەوە و مەستی دنیای خەیاڵ دەبێ‌، عەشقێك دادەگیرسێنێ‌ و بۆ ئەبەد دڵێك دێنێتە گۆ و مەستی شەونمی سەر پەڕەی گوڵ پێناسە دەكات، لەگەڵ هەنگاوەكانیدا عەشق دەنووسێتەوە و ئاوێزانی ڕۆحێك دەبێ، مەنفا دێنێتە گۆ.

ئەو-ێك دڵ دێنێتە سەما و پاسارییەك وەدەنگ دێنێ، لەنۆتەكانی عەشق جوانترین سەمفۆنیای ئەوین دەژەنێ‌ و پێمان دەڵێ‌؛ دڵێك لەكوێی هەناسەكانیدا گوزەر دەكات.

-بەكوێدا هاتییە ناو شیعر، یان چۆن شیعرت دۆزیەوە؟

+ لە پێشدا بەخوێندنەوە دەستم پێکرد بە تایبەت شیعر، دواتر هەستم کرد دەتوانم شیعر بنووسم، بۆیە دەستم پێکرد و تا ئێستا بەعەشقەوە شیعر دەنووسم. تەنانەت ئێستا لەگەڵ شیعر بووینە دووانەیەکی لە یەک گرێدراو. نە من دەتوانم بێ شیعر بژیم و نە شیعریش دەتوانێ بێ من هەڵ بکا. بۆیە هەر دووکمان گرێدراوی یەکتر بووین و ناتوانین یەکتر ون بکەین.

-لە نووسین و خوێندنەوەدا تەنیایی كەرەستەیە، لەم كاتانەدا هەست بەنامۆیی ناكەی؟

+شیعر و خوێندنەوە هەرگیز ناهێڵن تەنیا بم، تەنانەت ئەو ساتانەی هەر خۆمم شیعر ئەمن دەنووسێتەوە و منیش ئاوێزانی شیعر دەبم، هەر ئەو کاتەش دڵ و ڕۆح دێنە گۆ. لەهەمان کاتیشدا لەکاتی نووسین و خوێندنەوەدا تەنیایی باشترین کەرەستەیە کە بتوانم خۆمی تیا بدۆزمەوە. زۆرجار تەنیایی ساتەکانی مرۆڤ جوانتر و بە بڕستتر دەکات، تەنیایی وا دەکا جوانتر لەگەڵ خۆم بدوێم و باشتر و بە عەشقەوە بنووسم. هەر تەنیاییە ژووانی شیعرم بۆ دەڕازێنێتەوە و دەست لەملانێی خۆمم دەکا.

هەر بۆیە لەوەتەی دەخوێنمەوە و دەنووسم، بۆ یەک چرکەش هەستم بە نامۆیی نەکردووە، تەنانەت لە چرکەساتەکانی بێ قەراریمدا شیعر ناهێڵێ تەنیا بم و دەمنووسێتەوە، منیش هەر لەو کاتەدا لەگەڵ پەریی شیعرێک دەچمە ژووانگە؛ بۆیە نامۆیی ناتوانێ داگیرم بکا.

-كلاسیك، یان شیعری نوێ‌ كامیان چێژ بەخشن؟

+شیعری کلاسیک چێژێکی نەبڕاوەی هەیە لەهەموو ئان و زەمانێکدا، بۆیە هەموو شاعیرێک ناتوانێ شیعری کلاسیک بنووسێ، چونکە پابەندە بە یاسا و ڕێسای تایبەتیی خۆی، بەڵام لەشیعری نوێدا سەربەستانە دەتوانی پتر یاری بە وشەکان بکەیت و فەزای کرانەوە زۆرتر دەخوڵقێ بۆ شاعیر. بۆیە هەردووکیان بۆ زەمەن و کاتی خۆیان تەواوکەری یەکترن.

-شیعر چی لێستاندووی و چیشی پێبەخشیوی؟

+لەواقیعدا هونەر بەگشتی و شیعر بە تایبەتی هیچ لە مرۆڤەکان ناسێنێتەوە، بەڵام دەکرێ بڵێین لە هەندێ کاتتدا مەجالت بۆ کەم دەکاتەوە. لە پەیوەندی و خۆ خەریککردن بە هەندێ کاتی تایبەتی و گشتی خۆت و چۆنیەتیی ڕێ کردنت لە ژیان و دوورکەوتنەوە لە کۆمەڵێک شتگەلێکی لاوەکی. شیعر زۆر شتێکی جوانی بە من بەخشیوە لە جوانبینی و مرۆڤدۆستی و عەشق و ئەوینداری و پەی بردن بە زۆرێک لەو شتە جوانانەی کە لە ژیانی ڕۆژانەماندا تووشیان دەبین، وە توانیومە لە ڕێگەی شیعرەوە سەر بە زۆر دەلاقەی ژیاندا بکەم کە ئەستەمە هەندێ خەڵکی دوور لە هونەر و شیعر پێی بزانن و دەستیان کەوێ. بۆیە تەواوی ئەوانە وای کردووە بتوانم لە ڕێگەی شیعرەوە دونیایەکی جیاواز و تایبەت بە خۆم دروست بکەم و دڵ و ڕۆحم ئاسوودە بێ و دوور بم لە ڕق و کینە و ئازار بۆ ئەوانی دی. دەتوانم بڵێم شیعر دونیایەکی پڕ لە جوانیی بۆ درووست کردووم دونیایەک تەژی لە هەستی ئومێدبەخش و لێوانلێو لە بەرائەت.

-كەسێك هەیە شیعرت بۆ نووسی بێت؟

+شیعر لای من هەناسەی ئەوین و بەرهەمی خەیاڵ و ئازارەکانی ناخمە، زادەی ئەو خەیاڵە ڕاستییانەیە کە لە ژیانی ڕۆژانەمدا دێن و گوزەر دەکەن. سەرچاوەی ئەو هەڵچوون و داچوونەیە کە بەردەوام بەرکەوتەی هەیە لەگەڵ ناخم. بۆیە من شیعر بۆ تەواوی جوانییەکانی مرۆڤایەتی و سروشتی عەشق دەنووسم، شیعر بۆ تێڕامانە ئەدەبییەکان دەنووسم، بۆ ئەو مرۆڤانەش دەنووسم کە ئەوین بۆیان بووەتە سەرچاوەی داهێنان. شیعر بۆ ئەو عاشقانەش دەنووسم کە دەیانەوێ بە بەرهەمی عەشق پەروەردە ببن. بۆیە هەناسەساردی و جوانەکانییەکانی مرۆڤەکان وایان لە من کرد شیعر بۆ جوانی بنووسم. هەر ئەوەشە وای لە شیعرەکانم کردووە تێکەڵاوی هەست و سۆزێ زۆرێک ببێت، بۆیە ئەگەر کەسێ هەبێ شیعری بۆ بنووسم دەبێ تێکەڵاوی تەواوی ئەندێشه و هزری من بێت و لەپێناو عەشق و ئەوینداریدا ئەسرینی هەڵوەراندبێ.

-تا ئێستا چەند بەرهەمت هەیە، كاری نوێت لەبەر دەستە؟

+وەکو کاری تازەم دوو بەرهەمم لە بەرنامەدایە، یەکەمیان بە چاپگەیاندنی تەواوی ئەو نامانەی کە لە زەمەنی تایبەتدا نووسیومن و لەشێوەی پەخشان خۆیان نمایش دەکەن، چونکە بڕوام وایە نامەی ئەوینداری ژانرێکی گرنگ و پڕ بایەخی نێو کایە و دنیای ئەدەبیاتی کوردە. دووەمیشیان چاپکردنی بەرهەمێکی دیکەی شیعرییە، کە لەشێوەی تێکستی کورت و تایبەتە، لەو تێکستانەدا ویستومە زیاتر ئیرۆتیکانە بنووسم و دونیایەکی جوان و جیاوازی خۆم تاقی بکەمەوە لەو مەجالەدا.

- نوێترین شیعرت لەگەڵ خۆشەویسترین شیعر

كاتێ‌ 

باخێك وڕێنە دەكات

تەواوی جەستەی 

تەڕ دەبێ‌

كاتێ‌ 

منیش مەست دەبم

لێوەكانت

ڕامدەژەنێ‌

 

-پرۆفایلی شاعیر

+ساڵی ۱۹۸۳ لە شاری قەڵادزێ لە دایک بووم و ئێستاش لەوێ دەژیم. سێ کۆبەرهەمی شیعریم هەیە، یەکەمیان کتێبێکە بە ناوی "نیگایەک بۆ ساتەکان" کە ساڵی ۲۰۰٦ لەسەر ئەرکی خۆم چاپ کراوە، دووەم سیدییەک بەناوی "دواهەناسەکانی عاشقێک" کە ساڵی ۲۰۰۸ لەلایەن فەرهەنگخانەی قەڵادزێ-وە بڵاو کراواتەوە. سێهەمیش کتێبێکی شیعر بەناوی "لەگەڵ تۆدا وشەکانم سەما دەکەن" لە ساڵی ۲۰۱٤ کە بە سپۆنسەری کۆمپانیای سام چاپ کراوە. 

هەروەها تا ئێستا لە دەیان فێستیڤاڵی شیعری لە ناوخۆ و دەرەوەی عێراق بەشداریم کردووە؛ جگە لەوانەش چەندین کۆڕی تایبەتی و هاوبەش و دیداری تیڤییەکان و گۆڤار و ڕۆژنامەکانم بۆ ڕێک خراوە و ئێستاش بە هەمان شێوە بەردەوامم لە چالاکی و نووسینی شیعر.