ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

ڕێگای کوردستان-ڕێبین

"ئەم خەڵاتە سەرکەوتنێکە و نەک تەنیا سەرکەوتنێکە بۆ ئێمە، سەرکەوتنێکیشە بۆ ئەدەب و هونەر و زیاتر لەوانە، سەرکەوتنێکە بۆ مرۆڤایەتی. سەرکەوتنێک بۆ مرۆڤ و قەیر و ڕێزی مرۆڤ. ئەمە سەرکەوتنێک بوو بەسەر سیستەمێک کە هیچ کات شوناسی ئینسانی ئێمەی بە فەرمی نەدە‌ناسیی.

ئەم سەرکەوتنە دژ بە سیستەمێک بوو کە ئێمەی تا ئاستی ژمارە و شوناسی ماشینی و میکانیکی دابەزاندبوو. لە ناخی دڵمەوە خۆشحاڵم ئەم سیستەمە زۆر پێچاوپێچە نوێیە، کە وەکو دێو وایە، بەرانبەر بە هێزی وشە و ئەدەب چۆکی دادا".

ئەوەی سەرەوە، بەشێک لە وتارەکەی بەهرۆز بۆچانی پێکدێنێت کە پاش وەرگرتنی خەڵاتی ڤیکتۆریای ئەدەبی لە ئوستراڵیا، لە ڕۆژنامەی گاردیەن بڵاو کراوەتەوە. بەهرۆز بۆچانی، پەنابەرێکی کورد، ئەو ئێستا لە دوورگەی مانووس دەستبەسەر کراوە، پاش ئەوەی شەش ساڵ لەمەوبەر، هەوڵیدا وەک پەنابەرێک لە ئوستراڵیا بگیرسێتەوە.

کۆتایی مانگی ڕابردوو، بەهرۆز بۆچانی لە بەرانبەر نووسینی ڕۆمانێک بەناونیشانی "جگە لە چیاکان هاوڕییەک نییە"، خەڵاتی ڤیکتۆریای بردەوە، ئەوەش گەورەترین و پڕ بەهاترین خەڵاتی ئەدەبییە لە ئوستراڵیا. ئەو، نەیتوانی لە ڕێوڕەسمی وەرگرتنی خەڵاتەکەیدا بەشدار بێت، چونکە دەستبەسەرە و حکوومەتی ئوستراڵیا وەک پەنابەرێک دەرفەتی نەداوە، لە خاکەکەیدا بگیرسێتەوە.

بەهرۆز بۆچانی لە ٢٣ی تەمووزی ١٩٨٣ لە ئیلامی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەدایکبووە و وەک نووسەر و ڕۆژنامەوان کاری کردووە و وتار و بابەتی لە میدیاکانی جیهانی بڵاو کردووەتەوە. ئەو خۆی دەڵێ، بەهۆی نووسین و کاری ڕۆژنامەوانییەوە، ئێرانی جێهێشتووە و بەناچاری کۆچی کردووە و پاش گەیشتن بە ئوستراڵیا، لەلایەن پۆلیسەوە دەستگیرکراوە و ڕەوانەی کەمپی پەنابەرانی دوورگەی مانووس کراوە.

ڕۆمانەکەی بەهرۆز بۆچانی، دەنگدانەوەیەکی گەورەی لەئاستی میدیاکانی جیهان و ناوەندە ئەدەبییەکان دروست کردووە. ئەو لە ڕۆمانەکەیدا، باس لە سەختی و دژواری ژیانی خۆی دەکات لە ڕێگەی کۆچ و سەرەڕای ئەوەی ڕۆمانەکەی بە زمانی فارسی نووسیوە، بەڵام بە ڕێگەی واتس ئەپ، بۆ وەرگێڕێکی ناردووە بەناوی "ئومێد تۆفیقیان" و ئەو بۆ سەر زمانی ئینگلیزی وەرگێڕاوە. 

خەڵاتی ڤیکتۆریای ئەدەبی بەهاکەی ١٠٠ هەزار دۆلارە و جگە لەو خەڵاتەیش، ڕۆمانەکە خەڵاتیسەرۆکوەزیرانی‏ویلایەتیڤیکتۆریاشیبەبەهای٢٥هەزاردۆلاری ئوسترالی بردووەتەوە.

وەک شێرکۆ کرمانجی نووسەر باسی دەکات، کتێبەکەی بەهرۆز کە ڕۆمانێکی ئۆتۆبایۆگرافییە، واتە گێڕانەوەی سەربردەی ژیانی خۆیەتی لە فۆرمی ڕۆماندا نووسراوە، باس لەو ‏ئێش‌ وئازارانە دەکات کە بەهرۆز لەڕێگای گەیشتنی بەئوسترالیا لەئێرانەوە بۆئیندۆنیزیا ولەوێوە بۆکەنارە ئاوییەکانی ئوسترالیا‏وە کەپەنابەرێک دووچاری بووە لەگەڵ ئەو دەردەسەرییانەی کە لەو شەش ساڵەی لە زیندانەکانی مانووس ئایلاند چەشتویەتی. ‏هاوکات کتێبەکە ڕەخنەیەکی توند لەخۆدەگرێت لەسیاسەتی دژە-پەنابەری ئوسترالیا، بەتایبەتی ئەوپەنابەرانەی لەڕێگەی‏ بەلەمەوە دەیانەوێت بچن بۆئوسترالیا.‏

بەگوتەی شێرکۆ کرمانج، بەهرۆز بۆچانی لەکاتێکدا ئەو ڕۆمانەی نووسیوە، کە دوورگەی مانووس کە وەک زیندان وایە، بەکارهێنانی قەڵەم و کاغەز قەدەغەیە، بەو هۆیەوە بەهرۆز ڕۆمانەکەی بەهۆی مۆبایلەوە نووسیوە، تەتانەت بەکارهێنانی مۆبایلییش قەدەغە بووە و چەند جاریش مۆبایلی لێسەندراوە و ئەوەش ناچاری کردووە، مۆبایلێکی دیکە بەڕێگەی نهێنی و قاچاغ بەردەست بخات.

ئومێد تۆفیقییان کە ڕۆمانەکەی بۆ سەر زمانی ئینگلیزی وەرگێڕاوە، باس لەوە دەکات، بەهرۆز ئەو کتێبەی، بەش بەش نووسیوە و لە ڕێگەی کورتە نامەوە هەرجارە و بەشێکی بۆ ناردووە، پاشان ئومێد هەموو بەشەکانی کۆکردووەتەوە و وەک کتێبێک چاپ کراوە.

وەک بەهرزۆ لە وتارەکەیدا دەڵێ؛ "کاتێک گەیشتمە مانووس وێنەیەکی دیکەم ئافراند. وێنەی ڕۆماننووسێکی لاو لە بەندیخانەیەکی دوور. جاری وابوو نیوە ڕووت لە ناو بەندیخانەکه‌دا و لە تەنیشت سیمەمێخەکڕێژەکەوە دەڕۆیشتم و نووسەرێکم دەهاتە بەرچاو کە ئێستا دیل کراوە.

ئەم وێنەگەلە هانیان دەدام بەسەر ترس و زەبرییەکانی ژیاندا زاڵ ببم. ئەم شتانەم لە مێشکمدا هێشتبووەوە تەنانەت کاتێکیش ناچاردەبووم بۆ نان خواردن لە سەفدا بوێستم و یان زۆر سووکایەتیی تریش. چاکتر وایە بڵێم ئەمانە وێنەگەلێکن کە دەمێ ساڵە هان بە کۆڵمەوە.

ئەو شتانە هانیانداوم تا قەیر و ڕێزی خۆم وەکو مرۆڤێک بپارێزم. باشتر وایە بڵێم ئەم وێنانەم ئافراند بۆ ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ وێنەیەک کە سیستەم دەیویست بەسەرماندا دایسەپێنێت.

خۆشحاڵم ئێستا پاش چەند ساڵ خەبات لەگەڵ سیستەمێک کە تەواوی شوناسی ئینسانی و تاکەکەسییمانی لەبەرچاو نەدەگرت، گەیشتوومەتە ئێرە. هاتنی من بۆ ئێرە و وەستان بەرانبەر بە ئێوە دەیسەلمێنێت کە هێشتا وشە توانای ئەوەی هەیە هەڵسوکەوتی نامرۆڤانە و پێکهاتەکانی دەسەڵات بخاتە ژێر پرسیار.من هەمیشە گوتوومە باوەڕم بە هێزی وشە و ئەدەب هەیە. بڕوام وایە ئەدەب توانای ئاڵوگۆڕیی هەیە و دەتوانێت سیستەم و دەسەڵات بخاتە ناو کێشەوبەرەوە. ئەدەب توانای ئەوەی هەیە ئازادیمان پێ ببەخشێت. بەڵێ ئەمە ڕاستییێکی حاشا هەڵنەگرە. من چەندین ساڵە لە قەفەزدا بوومە، بەڵام هەمیشە مێشکم وشەی ئافراندووە و هەر ئەو وشانەیش منیان لەو سنوورانە و ئەو بەندیخانە و دوورگەوە گواستوەتەوە. ئەم وشانە منیان بۆ دنیای دەرەوە بردووە و گەیاندوومیانە بە شوێنگەلی نادیار".