ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

 

(1)

دەڕژێمە منداڵیمەوە

ئەو نوقرچەی دایكم بیر دەكەوێتەوە

كە لەسەر دەستبردن

بۆ شەكرلەمەكەی رەسووبێچوو

لا رانێكی شین كردمەوە،

نوقرچێك

دەستمی بە بەتاڵی هێشتەوەو

دایكیشم پارەی پێنەبوو

تا منداڵیم ژیر كاتەوە.

(2)

دەڕژێمە منداڵیمەوە

ناڵەی ئەو تۆپە كوێرەم دێتەوە یاد

كە تۆزی لەماڵی مەلامستەفا هەستاندو

منیشی لە شەقامدا لولدا

مەلاژنەستی و جەباری كوڕی

لەنێو دووكەڵدا رزگار كران

هەروەك منیشیان تیمار كرد

بەڵام هێشتا وڕو كاسم و

لەگەڵ تۆپە كوێرە ئاشت نابمەوە.

(3)

 

دەڕژێمە منداڵیمەوە

هەرگیز ئەو شریقەیەم بیر ناچێتەوە

كە خاڵە نورەدینم

لەنێو قاپە ستیلەكەیدا كوڵاندی و

وەك دووپشك لەمنی دا

شریقەیەك.....

زۆر زوو منی هەستاندەوە

حەزمدەكرد خاڵم ماباو

هەمان شریقەی لە حزبەكەی منیش داباو

هەروەكو من هەستاباوە.

 

(٤)

 

دەڕژێمە منداڵیمەوە

شەڕە کەوی باخچەی میرزا

هەمومان بۆ ئەوێ دەبا

وەستا رەشیدی کەبابچی

هانی کەوەکەی خۆی دەدا

منیش لەلای راوەستاوم

هەرچەند کەوێ...!

دەبەزێت و

لەبەر کەوەکەی ئەو هەڵدێ

هێندە زیاتر 

بۆنی کەبابی ویم بۆ دێ

بۆنی کەبابی برژاو

لەنێو شەڕێکی براکوژی

پڕ ژاوەژاو.

(٥)

دەڕژێمە منداڵیمەوە

دەچۆڕێمە

جیهانی کرچ و کاڵیمەوە

ئەمجارەیان

لەگەڵ عومەری عەبە پێنجوینی

بەسەرخۆشی

قۆڵ لە قۆڵی یەکتر دەکەین

لەلای سەراو...

لەبەردەم باغی شار دەوەستین

هەر بەهەوەس

جنێو بەبەعسی و

جاش و موستەشاران دەدەین

دێین و دەچین

خەمی خۆمان

داوێینە ناو نارنجۆکێکی دەنگی و

بەزیلێک

یان قیادەیەکی دادەدەین.