ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

 

پێم وتی هاوڕێم

كە گەڕایتەوە

چركەیەك لادە لای نەورەسەكانی كەناری گیانم

تاوێ‌ هەناسەی سەبووری بدە

لەژێر چەترێكی پڕ موحیبەتم

پێش ئەوەی هەرمێی مردن پێبگا

شنەی شەماڵی ئەجەل هەڵبكا

وەرە پێكەوە

بڕژێینە بینینەكانی هەموو دونیاوە

قامەتی ئازار لەم سەفەرەدا ڕووت بكەینەوە

بهێڵە هاوڕێم

سنجاقێك بدەم لە یەخەی ڕازە نەوتراوەكان

بەرلەوەی تەرمت بشارێتەوە

بمبوورە هاوڕێم پیا ڕانەگەیشتم

ڕستەی شیوەنت بهۆنمەوە

تخوا بهێڵە

هێشووی ئەم خەونە ڕاوەشێنمەوە

بهێڵە بەفری كەڵەكە بەستووی ئازاری گیانت

بەدەیان حەرفی ناسكی شیعرم بتوێنمەوە

ئەزانم هاوڕێم

ڕۆژی ژیانت تەمی مردنی لێهەڵنیشتووە 

بهێڵە بێمە زستانی مەینەتی عومرت

خەزانی تەمەن بنووسمەوە

چییە ؟ ناتەوێ‌ هاوڕێم

بڕۆین پێكەوە 

پیاسەیەك بەناو سپێدەكانی فەسڵی گوڵ بكەین

یان ئێوارانی فلكەی عەقاری 

گوڵی سوور ڕاخەین

گۆزەی گریانمان بشكێنینەوە

ئەڵێی ناتەوێ هاوڕێم

بەر لەوەی نەسیمی دەنگت ژەنگ هەڵبهێنێ‌

كەمێك سەبووریم بە قەرز بدەیتێ‌

گەرچی هەمیشە هەوری خەیاڵم پڕووشە دەكات

لە كانی سۆزت خۆی هەڵدەكێشێ .

 

----------------------------------------------------

خاتوو ( نەرمین عزیز جاف ) لە ساڵی 1972 لە شاری سلێمانی لەدایك بووە لە بنەماڵەیەكی شۆڕش گێڕ و تێكۆشەر بووە ، لە سەرەتای لاوێتی لە ساڵەكانی نەوەتەكان كە سەرەتای كاری ڕێكخراوەیی لە ڕیزەكانی یەكێتی لاوان و یەكێتی گشتی قوتابیان كە تەمەنی ( 18 ) ساڵی بوو كە سەرەتای كاری بوو بۆ كۆمەڵگایەكی یەكسان لەنێوان مرۆڤەكان ، لە ڕیزەكانی كۆمەڵەی ئافرەتان درێژەی بە تێكۆشان داوە وەك كادرێكی چالاك پاشان پلەكانی بەرپرسیارێتی لە ئەستۆ گرتووە تا بووە بە ئەندامی سكرتێری كۆمەڵەی ئافرەتانی كوردستان لقی سلێمانی .

هاوڕێ‌ نەرمین لە بواری سیاسی و ڕێكخراوەیی خزمەتی زۆری پرسەكانی ئافرەتانی كردوە لە ڕووی سیاسیەوە وەك ماركسێك بۆ خزمەتكردنی مرۆڤایەتی لە ڕیزەكانی حزبی شوعی كوردستان بەدڵسۆزییەوە كاری كردووە .

هاوڕێ‌ نەرمین وە داكۆكی كردن لە مافەكانی ژنان سەرپەرشتی چەندین كەمپەین و بەشداری چەندین وۆرك شۆپی كردووە . هەمیشە پێشەنگ بووە لە ڕاپەڕاندنی ئەرك و كارەكانی ڕێكخراوەیی و حیزبی .

خاتوو نەرمین جاف ئەستێرەیەكی گەشی ئاسمانی یەكسانی خواز و بزوتنەوەی ئازادی ئافرەتان بووە .

زۆر بەداخەوە كە لە بەرواری 15/2/2019 دڵە گەورەكەی لە لێدان كەوت و بۆ هەتایی كاروانی خەباتی داكۆكی كردن و یەكسانی خوازی بەجێهێشت .

ئەم خاتوونە لە دوای خۆی كوڕ و كچێكی بەجێهێشت بە ناوەكانی ( میر و مەستی )