ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

ئێواره‌یه‌كی نارنجی 

ته‌ماشای ئاوابوونی خۆر ده‌كه‌م 

فڕۆكه‌یه‌ك ڕوو له‌ ئاسمان به‌رز به‌رز ده‌فڕێ

ده‌ستێك له‌ سه‌ر شانم ده‌نیشێ و 

خه‌یالم دوور دوور ده‌ڕوا 

راده‌وستم و خه‌یالم ده‌پچڕێ 

ده‌سته‌كانم سارد و پێیه‌كانم شه‌كه‌ت 

ئێواره‌ ئاواده‌بێت و 

تاریكی ڕه‌شێكی چه‌ند جوانه‌ 

چاوه‌كانم به‌ په‌نجه‌كانم ئارام ده‌بنه‌وه‌ 

چاوه‌كانم ڕه‌نگ نا ناسنه‌وه‌ 

تابڵۆیه‌كی شینی ژنێكی سپی 

له‌ شه‌وێكی تاریك تاریكدا 

له‌ ده‌فته‌ری بیره‌وه‌رییه‌كانم 

مێژووی دوێنێم له‌ بیرده‌باته‌وه‌ 

به‌ قه‌له‌مێكی ڕه‌ساسی ناوی تۆ 

ڕادێنم له‌گه‌ل من دا 

چیرۆك دروست بكه‌ن 

چۆنیه‌تی سه‌فه‌ر و ژیان 

كه‌وتن و هه‌ستانه‌وه‌ 

فێرببنه‌وه‌ 

ئێستا من له‌ په‌یكه‌رێك ناچم 

په‌نجه‌ مۆرم جودایه‌ و 

له‌ دۆزینه‌وه‌ی خۆمدا 

تۆ هه‌یت و له‌ ئاوابوونی ئه‌ودا 

تۆ وه‌ك خۆر هه‌لدێی و 

له‌ سه‌ر رۆحم ده‌نیشیه‌وه‌ و 

بۆ ئه‌به‌د له‌ نێو ده‌ماره‌كانم 

له‌ خوێنم و دیه‌ی چاوم دا

له‌ ئێسقانه‌كانیشم 

ئێستا له‌ گه‌ل خۆمدا ته‌نیانیم 

تامی خواردن و سه‌فه‌ر ده‌كه‌م 

بینین له‌گه‌لم ئاشت بۆته‌وه‌ و 

حه‌ز له‌ بنینی فڕۆكه‌ و ڕێستۆرانت ده‌كه‌م 

جاران له‌ سه‌فه‌ره‌كانم دا 

له‌ خه‌ونه‌كانم دا 

له‌ ڕۆیشتن و گه‌ڕانه‌وه‌مدا 

له‌ كڕینی جل و به‌رگ دا 

له‌ گوێ گرتنی گۆرانی و سه‌ما دا 

له‌ كاتی بارینی باراندا 

له‌ سپی یه‌تی به‌فردا 

كه‌ گه‌رم ده‌باری و مندالانی دڵخۆش ده‌كرد 

له‌ خه‌ونه‌كانمدا كه‌ ده‌هاتی و نه‌ده‌مایته‌وه‌ 

ئێستا ئه‌وانه و ده‌یان خه‌ونی من 

ئه‌و له‌ خۆیدا بۆ من گه‌وره‌یان ده‌كات و 

وه‌ك ژیانی من ده‌یپارێزێ 

ده‌سته‌كانی ئه‌و پرن له‌ میهر

خه‌نده‌كانی گه‌ش و توڕه‌بوونه‌كانی ئارام 

ئه‌وینی وه‌ك با وایه‌ 

بۆ من نا بۆ ژیان په‌رت ده‌بن 

هه‌ناسه‌كانی بۆ گیا ده‌بن 

كه‌ سه‌وز سه‌وز 

نیگا ده‌كه‌ن 

بۆ ژیانی من چه‌ترێكه‌ 

كۆمده‌كاته‌وه‌ 

تا من هه‌بم 

له‌ قولایی ئارام ده‌رده‌كه‌وێ 

تا ژیان هه‌بێت 

جوان پێده‌كه‌نێ 

ئێمه‌ پێكه‌وه‌ چه‌ند جوانین 

پێكه‌وه‌ له‌ ئێواریه‌كی جوان 

ته‌ماشای ئاوابوونی خۆر ده‌كه‌ین 

فڕۆكه‌یه‌ك روو له‌ زه‌وی ده‌نێشێته‌وه‌ 

خه‌یاله‌كانم چه‌ند گه‌وره‌ن له‌ گه‌وره‌بووندا 

ده‌ستێك ده‌توانێ بۆ هه‌میشه‌ 

له‌سه‌ر شانمدابن 

تا ئێواره‌كان جوانتر ببینم 

تا تۆ هه‌میشه‌ له‌ به‌رزی دا ببینم 

تۆ له‌به‌رزی دا من ده‌هێلیه‌وه‌ 

ناهێلی بكه‌وم