ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

8

دەڕژێمە منداڵیمەوە

دەچۆڕێمە

جیهانی کرچوکاڵیمەوە

چێشتەنگاوێک

خلۆر دەبمەوە سەر چۆمی

خۆ بەماڵی خانمەشێتدا دەکەم

ئاشێک مێشکم کاس دەکات و

گۆڕێکی درێژ زراوم دەبا

خانمەشێتیش

وەک هەموو جار دەرم دەکاو

پڕ بەگەرووی هاوار دەکا......

نەجیبەڵاڵ

عومەرە خێل......

وەرن کوڕەکەتان بەرنەوە

دەنا بە جندووکەکانم دەڵێم

دەستی لێبوەشێنن و

هەڵیدەنە

نێو ئاشی ئاوەکەوە

وەرن کوڕەکەتان بەرنەوە.

٭ ٭ ٭

وەک تیسکەی تفەنگ رادەکەم

خانمە شێتیش

روو لەماڵی مەلا دەڵگەیی دەکاو هاوار دەکا.....

لە وردە منداڵان بێزار بووم

حاجی کوڕم لە قایمقامیەو

خدریشم لە ئامر لیوایە

ئەو کوڕەشم کە لە ژوورێ ناشتووە

بابی مدیری سەرایە

چیدی مەهێڵن منداڵتان

بێنە ناو ئاش و ماڵەکەم

دەنا وەک قایمقام شێت و

وەک ئامر لیوای هار دەکەم

هۆ نەجیبە

عومەرە خێل

با چیدی ئەو کوڕەی ئێوە

نەیاتە نێو ماڵی من و

سەر گۆڕی کوڕە نۆبەرەکەم

دەنا دەستم دەوەشێنم و

جلی جندۆکانی لەبەر دەکەم

هەروەکو خۆم سەرگەردان و

وەکو ئێوەش شێتی دەکەم

وەرن کوڕەکەتان بەرنەوە.