ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

له‌ ده‌مێكی بچوك 

هێنده‌ی ده‌نوكی چۆله‌كه‌یه‌ك 

ده‌توانی باسی به‌خته‌وه‌ری بكه‌یت 

ئه‌گه‌ر له‌ خه‌ونیش دا 

بیبینی بۆ ئه‌و

ئێواره‌یه‌ و ته‌م چیا سپی پۆش ده‌كا 

ئێمه‌ ده‌ڕۆین و شار جێ دێلین 

ئێواره‌ به‌ قاوه‌یه‌كی تاڵ ده‌سپێرین 

ژنێك به‌ ڵێوێكی سور 

مژێكی قوڵ له‌ جگه‌ره‌ی نێو په‌نجه‌كانی ده‌دا 

پێكێكی خه‌ست له‌ شه‌وێكی سارد 

بۆمن مشتی شه‌راب ده‌كات 

له‌ ده‌مێكی بچوك په‌یڤ ده‌بارن 

ژیان و خۆشه‌ویستی 

په‌رش ده‌بن 

ئێمه‌ چه‌نده‌ جوان ته‌ماشای ته‌می ڕێگا ده‌كه‌ین 

چه‌نده‌ جوان چاوه‌ڕوانی له‌ چاوه‌ڕوانی ده‌هێلینه‌وه‌ 

بۆ ئه‌وه‌ی ژیانمان خۆشبوێ 

باران ده‌كه‌ینه‌ بیانۆ 

دڵته‌نگی به‌ رێگا ده‌سپێرین 

پێكه‌وه‌ بریارمان دا 

ژیانمان خۆشبوێ 

ئێمه‌ بیانۆ ناهێڵینه‌وه‌ 

تاله‌ عاشق بوونی خوناوی سه‌ر گوله‌كان بكه‌ین 

له‌ ده‌مێكی بچوك وشه‌ی خۆشمده‌وێی 

ده‌كه‌ینه‌ قیبله‌نمای جێگه‌ی ژووانمان 

ره‌نگه‌ تۆ گۆچانێك 

له‌ ده‌سته‌كانت بگری 

منیش پاسه‌وانێكی خراپی 

ڕێگای هیلاكی گه‌یشتنی تۆ بم

دابڕانت كۆتایی ته‌مه‌نی من بێت و 

ده‌ستپێكت چله‌ نێرگزێك بێت 

ڕه‌نگه‌ من خۆشم نه‌وێی 

به‌لام وشه‌یه‌كم پێویسته‌ 

بۆ هاتنی تۆ 

بۆ ناسینه‌وه‌ی تۆ 

هه‌موو ئه‌و شتانه‌م پێویستن 

چاوه‌كانت كه‌ دوور دوور ده‌ڕوانێ 

پێیه‌كانت كه‌ له‌ ئه‌رزدا چه‌قیوون 

له‌ ته‌ماشاكردنی ئاسمان 

كه‌ باران چاوه‌كانم ته‌ڕ ده‌كات 

له‌ بیری من دا 

عیشق هێزه‌ 

بۆ له‌ بیركردن 

ره‌نگه‌ گۆچانێك 

یان چه‌ترێك بۆ پیاوێكی پیری وه‌ك من 

پێویستی بێت بۆ په‌ڕینه‌وه 

ده‌سته‌كه‌تم بدێ تا ته‌می ڕێگا 

نه‌ڕۆیشتووه‌ 

بۆ ئه‌وه‌ی ئاوێته‌ی ته‌م و باران و رێگا و 

سه‌فه‌ر و ژیان ببینه‌وه‌ 

چه‌تره‌كه‌ت فڕێ بده‌ 

با باران له‌م ڕێگایه‌

به‌نێو پرچی تۆدا 

ڕێگا و په‌نجه‌كانی من 

ته‌ڕ ته‌ڕ بكات 

تا له‌ ده‌مێكی بچوك دا 

گوێ له‌ گۆرانیه‌كی تازه‌ بگرین 

ئێمه‌ له‌ سه‌فه‌ره‌كانمان دا جوانترده‌بینه‌وه‌ 

ده‌سته‌كانمان هۆگری رێگا بوون