ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

جەرگ زۆر خۆشەویستە و ئەگەر ئەمە لە مرۆڤدا بە ئەقڵ و بە غەریزە دیار و ئاشکرا بێ , ئەوە لە گیانداراندا شتێکی غەریزییە . هەموومان چاومان بە باڵندە کەوتووە کە چۆن بێچووەکەی دەپارێزێ و چۆن خواردنی بۆ دێنێ و بە قوڕگیدا دەکا و گیاندارانی دیکەش هەر وەتر بێچووەکانیان دەپارێزن و بە شیری گوانەکانیان بەخێویان دەکە ن تا گەورە دەبن لە خەم دەرەخسن . ئەو غەریزەیەی خۆشەویستییە لای ئادەمیزادهەیە وەکو گوتم بەرجەستەتر و دیارترە . 

ئەحمەدی مامەعەدە پیاوێکی کاسب و رەنجدەری ماڵی خۆی بوو . ئەو لەگەڵ پیاوێکی دیکەی کۆیی بە ناوی رەفیقی خەڵەف چاوەش دەڵاڵی گە راج بوون . ئەو سەردەمە ئۆتۆموبیل کەم بوو بەتایبەتی لە قەزاو ناحیەکان و کۆیەش یەکێک بوو لەو شارە بچووکانەی کە ئۆتۆموبیلیان کەم بوو و ئەو ئۆتۆموبیلانەش هەر هەموو پاسی تەختە یان لۆریی بارهەڵگر بوون. قەمەرە زۆر کەم بوو , چونکە ڕێگاکەی نێوان کۆیە ــــ هەولێر , کۆیە ــــ کەرکووک گڵ و خۆڵ بوو بۆ قەمەرە قورس بوو هاتوچۆی پێدا بکات . لە بیرمە پیاوێکی هەولێری بە ناوی عەلی مەحمود و یەکێکی دیکە بە ناوی گەرەبێت قەمەرەیان پێ بوو و ناو بەناو دەهاتن بۆ کۆیە , هەروەها پیاوێکی دیکە واتێ بگەم ناوی ڕەسوڵ چۆلاغ بوو کەمێک دەشەلی قەمەرەیەکی تەنتای پێ بوو سەرەکەی چادر بوو هەڵدەدرایەوە و هۆڕنەکەی لەتەنیشتەوە بوو لای شوفێر کە وەکو هۆقنەی سەفەری وابوو و بۆڕییەکی بچووکی پێوە چەسپ كرابوو کە شوفێرەکە لاستیکی هۆرنەکەی دەیگوشی , هەواکەی ناوی لە بۆڕییەکەوە دەچووە دەرەوە دەنگێکی وەکو عوعی لێوە دەهات و هەر لەبەر ئەوەش بوو منداڵان بە ئۆتۆموبیلیان دەگوت عووعە . زۆر جار پاس و لۆری لەو ڕیگا ناخۆش و قوڕە , بە تایبەتی زستانان لە قوڕێ دەچەقین و هێنانە دەرەوەیان ئاسان نەبوو , یان گەلێک لەو پاس و لۆرییان وەردەگەڕان و زۆر جار خەڵکیان تێدا دەمرد کە مامۆستا مەجیدی حەمەدبەگی تازە زاوا لە ناوچەی سمایل بەگیانوەرگەڕاو جوانە مەرگ بوو و داخێکی زۆری بە جەرگی خەڵکی کۆیەوە نا . ئەو سەردەمە ئەحمەدی مامە عەدە ژنی هێنا . من دیبووم , ژنەکە لە چاو کاک ئەحمەد زۆر بێ داروبارتر بوو . لە نیوەی یەکەمی چلەکان لە ساڵی ١٩٤٥خوا کوڕێکی دانێ ناویان لێ نا سەردار . هەموو کەسێک جەرگی خۆی خۆش دەوێ بەڵام سوبحانەڵلا ئەو کاک ئەحمەدە لە خۆشییان جێی بە خۆی نەدەگرت و وایدەزانی خوا هەموو موڵکی هەموو جیهانی بەو بەخشیووە و دڵخۆشییەکەی هەموو سنوورێکی بەزاند و ئیدی لەوێ ڕۆژێوە ناوی ئەحمەدی مامەعەدە نەماو بوو بە باب سەردار . مالەکەیان لە ماڵی ئێمەوە نزیک بوو , کە سەردار کەمێک گەورە بوو بە باوەشی باوکییەوە دەمدی , منداڵێکی تا ڕادەیەک لاواز و بێ داروبار و وردیلانە . سەردار لە سەرەتاییەوە ئارەزوویەکی هونەری هەبوو . ئەو حەزو ئارەزووە لە قۆناغی ناوەندیدا زیاتر بەرجەستە بوو , بە تایبەتی کاتێک مامۆستا باکووریی هونەرمەند لە قوتابخانەی ناوەندیی کۆیە دامەزرا بە مامۆستا و بە هاندان و دەست لەپشت دانی مامۆستا شەفیق سابیری خوا لێ خۆشبوو کە کرابوو بە بەڕێوەبەری ناوەندیی کۆیە . کۆمەڵێک قوتابی, هونەری مۆسیقا ڕایکێشان کە سەردار یەکێک بوو لەوانە و تێپی مۆزیکی باواجییان پێک هێنا. ئە و تیپە قوتابخانەیەکی هونەری بوو گەلێک هەنەرمەندی پێ گەیاند کە سەردار یەکێک بوو لەوانە . سەرداری دەست و پەنجە ڕەنگین دوای ناوەندیی خۆی گەیاندە بەغداو لە پەیمانگەی هونەرە جوانەکان وەرگیرا . وا تێ بگەم سەردار پێویستی بەوە نییە من بە شان و باڵیدا هەڵبدەم و ئەو لەسەر ئاستی کوردستان , هەموو کوردستان و عیراق ترۆپکێکی گەلێک بەرزی سەر بە مەشخەڵە و هەموو کەسێک لە دوورەوە دەیبینێ . سەرداری هونەرمەند لە هەموو بۆنەیەکدا بەشداری کارا بووەو جێ پەنجەی دیارە . ئەو هونەرمەندێکی خۆڕسک بوو , شەیدای ئەو نایە بوو کە جگە لە فوو پێدا کردن , لێوی پێوە دەنا و ماچی دەکرد . ئەی ئەگەر یەکێک کەسێکی خۆش بوێ ماچی ناکا ؟ سەردار هونەری مۆزیکی کوردیی گەیاندە چڵەپۆپە . ئەو جامی هونەری مۆزیکی کوردیی لێوان لێو کرد و لەسەریەوە ڕژا . ئەمڕۆ هەموو کورد خەمبارە بە کۆچی دوایی سەرداری باب سەردار . ئەو حەزو ئارەزووی هونەری لە ماڵەکەی لەنێو براکانیدا ڕواند . سەردار بە تاقی تەنێ قوتابخانەیەکی هونەریی گەورە بوو .

ئەمن ناڵێم سەردارەکەی باب سەردار 

هونەرمەند بوو گەلێک بەرحەستەو دیار

ئەمن ناڵێم سەردار زۆر بێ وێنە بوو 

ناڵێم هونەرمەندی وەکو ئەو نەبوو 

ناڵێم ئەو چریکەی بولبولێکی خۆشخوان بوو

یا تاکە هونەرمەندی کوردستان بوو 

تەنیا دەڵێم وەک خەڵکی دی لێی مەنوڕن 

سەرداری کۆ بە خەڵکی دی مەگۆڕن 

ئەوەی ئەمڕۆ جەرگم بۆی هاتۆتە ژان 

ئەوەی بۆی خەمبارە هەموو کورد زمان 

لە ساڵی ١٩٧٤ پێش نسکۆ بە ماوەیەکی کەم تیپی مۆسیقای شۆڕش هاتن بۆ مەریوان و کاک وریا ئەحمەد و کاک سەرداریشیان لەگەڵ بوو . گەنجێکی قۆز , سەری وەک قەتران ڕەش بوو . ماوەیەک لایان دانیشتم و دوای ئەوە جێم هێشتن . سەردارم دوای ماوەیەک بینیەوە مووی سپی ڕووبەرێکی ئەوتۆی بۆ مووە ڕەشەکان نەهێشتبۆوە و هەمووی بۆ خۆی داگیر کردبوو تا دواجار دەستی بەسەر هەمووی داگرت . زۆر جار کە پێکەوە دادەنیشتین دەیگوت : من لە مەریوان کە تۆم بینی من سەرم تاکە موویەکی سپی تێدا نەبوو و تۆ سەرت هەر ئاوەها سپی بوو , کەچی ئێستا منیش سەرم وەک سەری تۆی لێ هاتووە . منیش دەمگوت , باکت پێی نەبێ , بڕوا بکە من بیرم نایە کەی سەرم ڕەش بووە. زۆر جار لە بۆنەکاندا کە نایەکەی لێ دەدا بەڕادەیەک بە جۆشی دێنام کە خۆم بە قوربانی دەست و پەنجەی دەکرد . بەم دواییانە زێتر لێک نزیک بووینەوە کە کچێکی برازام بوو بە بووکی . من بە سروشت حۆم حەزم لە مۆزیکی خەمبارانەیە , شمشاڵ , کەمانچە , عود . پێم دەگوت حەزم لێیە هەندێک پارچە مۆزیکی نای خەمبارانەم بۆ تۆمار بکات . دەیگوت : وەکو جاران بەو گوڕ و تینە فووم بۆ ناکرێتە قوڕگی نایەکە . تومەز ئەوە سەرەتای نەخۆشییەکەی بوو بەڵام پێی نەزانیبوو . 

سەرداری ئەحمەدی مامە عەدە... سەرداری باب سەردار خوات لەگەڵ بێ و گوڵ و گوڵزاری بەهەشتی بەرینی خوا جێگەت بێ . ڕاستە مردن لەڕێی هەموو کەسێکە و وەکو دەڵێن هیچ شتێک وەکو مردن دادپەروەر نییە و جیاوازی لە نێوان پاشایەک و گەدایەکدا ناکات . یان دەڵێن مردن کەری بەقاڵانە لەبەردەمی هەموو ماڵێک ڕادەوەستێ , بەڵام مردنی هەندێ کەس زۆر بە ناسۆرە و لەبیرچوونەوەی زۆر گرانە. هەندێک کەس کە دەمرن , ناوەکەشیان لەگەڵ خۆیان دەمرێ , بەڵام سەردار و هەموو سەردارەکانی دیکە هەتا دنیا بە دنیایە ناویان هەردەمێنێ و هەر چەندە بە لاشە لامان نەماون , بەڵام بەناو هەر زیندوون . 

کاکە سەردار بنوو , خەوی خێرت بێ . بنوو , دڵنیابە دڵێ هەموو کوردێکی دڵسۆز و بە شەڕەفت لەگەڵە . بنوو لەگەل هەموو ئاوازێک کە دەیبیسین دەڵێین ئەوە سەردارە , سەردارەکەی باب سەردار کە هەرگیز لە بیر ناچێتەوە :

نایەکەی تۆ , لە پاڵ هەموو رەوەزێک و , 

کەپکە شاخێ

لەگەڵ هەموو ئۆفێکی خەم پڕژێن ,

لەگەڵ هەموو ئاخێ , هەموو داخێ 

لەگەڵ فرمێسکی گشت لێ قەوماوێ 

لەگەل هەناسەی گشت برسییەک , گشت داماوێ 

دەبێتە نەعرەتەی ستەمدیدەو هەژاران 

بەسەر ستەمکاری وڵاتەکەمدا دادەکا

هەر وەک ڕێژنەی باران

دەبێ بە لافاوی ڕق و تۆڵە و ڕادەماڵێ

هەرچی ستەمکار و دزو ڕێگر هەیە 

تا ئەبەد دەیخاتە چاڵێ .