ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

ئێوارەیەک،

لەسەر ڕیتمی خۆراوابوون،

ژنانە لە دەرگام بدە.

نیوەشەوێک،

لەسەر نەزمی تریفەی مانگ،

ژنانە ئاوێزانم بە. 

دەمەوبەیان،

هەر ژنانە، 

بمپێچە لە شەبەنگی ماچ.

لەگەڵ هەنگاوی بەهاردا؛

پەنجەرەی تارمەکە بترازێنە.

بە سووەندەی ژنیێتیت؛ 

چیمەنەکە نازپرژێن بکە،

با گوڵەکان چەپکێ خەندەت لێ قەرز بکەن.

لەگەڵ هەڵتۆقینی "کەنتەرێل"دا،

سڵاوێک لە دارستانەکە بکە،

تا کارئاسکەکان، دەرسی ڕۆیینت لێوە فێر بن!

لەگەڵ تیرۆژی هەتاودا،

ژنانە پیاسەیەکی سەر کەناراوەکە بکە،

لەسەر گابەردێک خۆت هەڵخە!

تا پێلەکان، ڕەنگی ژنانەی پێیەکانت بگرن،

ماسییەکان، سواڵی سەما،

لە ڕیتمی جووڵەی پەنجەکانت بکەن.

ژنیێتیی تۆ، 

ژیان وە سروشت دەبەخشێت...

چ پیرۆزە ژنیێتیی تۆ!

کەنتەرێل: جۆرە قارچکێکی بۆنخۆش و ڕەنگزەردی نێو دارستان.