ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

لەتاریکی خلیسکام

چرایەک دەستی گرتم و

لایتێکی قەڵەمی بەچپە هات گووتی؛

دڵگران مەبە 

وەرە پێکەوە دەڕۆیین.

ئەوە لەهەشتاکانی سەدەی رابردوو!

ٚٚ✫ ✫ ✫

شەوم بردە سەرجێگە ،

تاریکیم بەسەردا هەڵکێشا

لەپەنجەرەوە روانیم

مانگ تازە چاوی لێکنابوون و 

دلیشم وەنەوزی ئەدا

هێشتا نەمدەزانی؛

تەنیایی لەکام پنتی ژیاندا کاریگەرترە!

✫ ✫ ✫

دوای دەست گەرم کردن لەگەڵ تەمەن

شەوێک لەشەوانی مانگی بەفران بار

سەرما تینی بۆهێنام

ویستم تاریکی بسووتێنم

فریشتەیەک هات و بەختی خۆی ئاگردا

گەرم بوومەوە

ئەوسا من تەنیا باڵ 

خەریکی دۆزینەوەی خۆم بووم

✫ ✫ ✫

تاریکی دەیویست گڵۆپەکە داگیرسێنم

بەڵام گووتم نا

تاریکیم سارد کردەوە

بەگوێرەی

هەندێک سەرچاوەی پزیکشی

ڕوناکی بۆ شەکرە باش نیە

ئیستا من تەمەنم لەپەنجا بەپشتەوەیە!

✫ ✫ ✫

خزامە باوەشی خەو

دەنگی تاریکی رایچڵەکاندم

هەستامەوە سەیرمکرد کاتژمێر

چواری بەیانیەو

هێشتا 

ئەستێرەکان بەئاسمانەوە دڵداری دەکەن!

✫ ✫ ✫

ژەنەڕاڵەکانی ـــ با،

لەژیان چەند سەرکەوتوترن 

لەپەڕینەوەدا شەپۆلەکانیان خەساندن

هەنوکە قاقا بەدەریا پێ دەکەنن.

کێشەی من و تاریکی هەرگیز کۆتایی نایە

رۆژ نیە نەیکەین بەهەرا

کەچی؛

ئەوانەی بێ دەنگیان تاقیکردەوە

دە لەدەیان هێنا!