ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

نووسینى: شیخ سدیق

وێنە و تابلۆکان، گەڵاى دارى حەوشە، چۆلەکە و باڵدارەکان، لە بەردەم دیمەنى عاشقانەى سەرمەست و شەیدا، کەیل و بێدەنگ، دەیانڕوانى، تنۆکەى فرمێسک لە نەرمە بارانى پایز دەچوو، تێکەڵ بە بۆنى خاک دەبوون، لەگەڵ کەشى هێمنانەى ناو تابلۆکاندا ئاوێتە دەبوون....

دەستەکانى بەتوندى لە سەر شانەکانى دانا و سەیری چاوەکانى یەکتریان کرد و، بەتامەزرۆییەوە باوەشیان لەیەکدا، ساتێکى غەمگینى پڕ لە تاسە و حەزى عاشقانە.

× × ×

پیاوێکى ڕیشسپى، لەناو تابلۆکاندا بەهێواشى و لەسەرخۆ گوتى؛ ئارام بن! خامۆشى و بێدەنگى باڵى کێشا بە سەر ژوورەکەدا، دەنگى هەناسەت نەدەبیست. پیاوە ڕیشسپییەکە سەرنجى ڕاکێشا، فەرشیبا وەکو دارچنارێکى سەوزى باڵابەرز بەبێ دەنگى وەستا، دەدرەوشایەوە وەکو مانگ، پەرداخە بەتاڵەکەى پڕکرد لە چا، بەڕێزەوە پیشکەشى پیاوە ریشسپییەکەى کرد.

شمشاڵى پشت تابلۆکەى دەرکرد، پەنجەکانى لە سەر کونەکانى ڕێکخست و بە تاسە و حەزێکى عاشقانەوە دەستى کرد بە ژەنینى شمشاڵ، شێتانە بەوێنەى سۆفییەکى خودایى پەنجەکانى لەنجەى پڕ لە نازیان دەکرد، لە هەوا و هاژەى ناو لوولەى شمشاڵدا، کەشێکى سیحراوى بۆندار، لە سەما و ئاواز، هەیوان و حەوشە و ماڵیان پر کرد بوو.

(فەرشیباى قەلەندەر) لەگەڵ ژەنینى پڕ سیحرى تەلیسماوى شمشاڵدا، دەستى کرد بە سەما، بە وێنەى بایەکى نەرمى دەمەوبەیان یارى بە باڵا و گیانى دەکرد.

لە نێو تەلیسمى تابلۆ و سیحرى ژەنینى شمشاڵ و سەماى پڕ نازدا، دەتگوت: خودایە ئەمە چ ڕووداوێکە، ڕاستە یان خەونى زڕاوى شەوێکى نائارامە.

لەگەڵ سەماى فەرشیبادا، وێنەى تایلۆکان، پیاو و ژنەکان، کەوتنە سەما. ماڵێک پڕبوو لەشەوە جوانەکانى هونەر و تابلۆ و شمشاڵ و ئاواز، پەرداخى سەرمێزەکە پڕ پڕ بوو لە هەناسەى ژەنین و ئاوازى شمشاڵ.

× × ×

لەگەڵ "فەرشیباى قەلەندەر" بەر لە هەڵهاتنى هەتاو لە ماڵەکە هاتنە دەرەوە، هەندێک لە بنارى چیا و لوتکە و دۆڵ و دەشتاییەکانیان ڕوانى و دەستى فەرشیباى گرت بە بنارى چیاکەدا هەڵشکان.

لە چاوى یەکتریان دەڕوانى، پڕبوون لە خۆشەویستى، دڵیان وەکو باڵدارێکى بێ ئۆقرە لە ناو قەفەسەى سنگیاندا باڵەفڕکەیان بوو. 

مازوانى ڕۆستەمى گوتى: فەرشییباى زۆرم خۆش دەوێیت.

فەرشیباى گوتى: ئازیزەکەم تۆ بۆ من سامانێکى گەورەى، خۆشەویستییت کۆتاى نایەت.

هەر دەڕۆشتن و لە دەشتایى بەهار و چڕى گژوگیایان دەڕوانى. باوەشیان لە یەکدا، لە ناو گوڵە سوورەکانى بەهاردا، خۆیان ڕووت ڕووت کردەوە، بە بەرچاوى تەنیاییەوە، وەکو تینووى زەمەنێکى دوور لەیەکترى ئاڵان، بەتاسە و مەیلێکى مەستانەوە یەکتریان دەخواردەوە. قەترانەى عەشق دادەبارییە سەر گەڵاى گوڵاڵە سورەکان، پەلکى خەردەلە پربوون لە هەناسەى عیشق.

دواى ماندووبوونێکى زۆر هەناسەیان تێکەڵ بە دەنگى بۆقەکان دەبوو، مارمێلکەکان، بزن مژەکەکان بە سەر تاشە بەردەکانەوە، سەیریان دەکردن و پێدەکەنین، بە وێنەى سێکسیان دەکرد. تابلۆیەکى جوان و پێکەنیناوى بوو!.

مازوانى ڕۆستەمى هەستێکى غەمگینى هەبوو، تەنیایی و دابڕان، دۆخێکى نوێ لە ژیانى مرۆڤدا دروست دەکات. هەموو شتەکان سەیر و نامۆ دەبن وا هەست دەکەیت تۆ لە هەموو کەس جیاوازترى، هەمیشە غەمى دابڕان و تەنیایى دەتخواتەوە.... بۆیە زۆر جار قاچەکانى تێک دەئاڵان، نەیدەزانى هەنگاوەکانى بەباشى لەنگەریان پێ بگرێت. ئەوەى دەیبەستەوە بە ژیان تابلۆکانى بوو. فەرشیباى قەلەندەرى هێزیکى گەورەى پى بەخشییەوە.

بەنێو بەهار و گوڵاڵە سورە و گژوگیاى هەڵکشاو تاکو ناوقەدى مرۆڤ، عاشقانە دەڕۆشتن، عاشقانە قسەیان دەکرد و عاشقانە یەکیان ماچ دەکرد.

ماندوو نەدەبوون لە ماچکردن و سەیرکردنى یەکتر. نزیکبوونەوە لە کەلاوە ڕووخاوەکانى گوندێک، کە لە لایەن ڕژێمەوە ڕووخێنرابوون، لە ژێر دارتوویەکى بەتەمەندا دانیشتن، کۆمەڵە ئاژەڵێکى بە جێماوى گوندەکە ئەوەندە لە مێژ بوو لە مرۆڤ دابڕابوون، نامۆبووبوون بە مرۆڤ، وەکو ئاژەڵە کێوییەکان سرک بووبوون و هەڵدەهاتن، زۆر هەوڵیان دا لێیان نزیک ببنەوە تاکو بە مرۆڤ ئاشنایان بکەنەوە، بەڵام بێسوود بوو وەکو با بە لوتکەى شاخەکاندا هەڵگژان.

فەرشیباى ڕووتکردەوە، دەستى کرد بە وێنەکێشان، لەش و لارێکى جوان و ناسکى هەبوو، کاتێ وێنەى دەکێشا ئارەزووە سێکسییەکانى پەرێشانى کردبوو، جارجار فڵچە و بۆیەکانى دادەنا، تێر تێر لێوەکانى دەمژى، ئارامى لێدەبڕا، خۆى ڕووت کردەوە، مەمکە تووندەکانى دەگرت، تێک دەئاڵان، مەست و بێهۆش بوون، خاوبوون دواى هەناسە بڕکێیەکى توند دوونرکەى بەهێز، لاربوونەوە بە هەردوو دیوى دارتووەکە.

دەنگى شمشاڵێک لەگەڵ نەسیمى بەهاردا دەشت و چیاکانى پڕکردبوو، ئاژەڵە کێوییەکان کە گوێیان لە دەنگى شمشاڵەکە بوو، فرمێسک بە چاوەکانیاندا دەهاتە خوارەوە، هەستیان کرد ئەوە دەنگ و بۆنى مرۆڤە، دەنگى ئاوازى ژیانى ڕابردوویانە. بە دەم ڕشتنى فرمێسکەوە بەرەو لایان دەهاتن لە چوار دەوریان کۆبوونەوە وەکو ئەوەى داواى لێبوردن بکەن، هەر دەیانبۆڕاند وەکو نزا و پاڕانەوە.

بارامى ڕۆستەمى بەرەو ڕووى ئاژەڵەکان ڕۆیشت و باوەشى پیا دەکردن، یەک بەیەک ماچى دەکردن، ئەوانیش پڕ بە دەشت و دەر هاواریان دەکرد، دەنگیان دەگەیشتە لوتکە بڵندەکان.

× × ×