ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

‌ 

منيش وه‌ك ئێوه‌ ئينسانم ،

وه‌ك ئێوه‌ ،

ژيان و 

زه‌ويم خۆشده‌وێ .

حه‌ز ده‌كه‌م ،

بچمه‌ سه‌يران و 

به‌ كامى دڵ 

تامى خۆشبه‌ختى بكه‌م .

منيش وه‌ك ئێوه‌ ئينسانم ،

پێم خۆشه‌ 

ده‌مه‌و ئێواره‌يه‌كى زوو 

له‌سه‌ر سفره‌يه‌كى پڕ 

له‌ناو ماڵ و

مناڵدا، 

گوێم له‌ تريقه‌ى پێكه‌نين و 

له‌ڕازى عاشقانه‌ و 

گۆرانى هه‌رزه‌كارانه‌ى 

ژنه‌كه‌م و 

كوڕه‌ جه‌حێڵه‌كه‌م و 

كيژۆڵه‌ نازداره‌كه‌م و 

منداڵه‌ ورديله‌كانم بێ.

منيش وه‌ك ئێوه‌،

پێمخۆشه‌

هه‌ر به‌يانى ،

تا ئێواره‌ 

منداڵه‌كه‌م له‌سه‌ر شۆسته‌ى ناوشار نه‌بێ .

عه‌وداڵي ده‌ست ،

په‌يداكردنى پاروه‌ نانێ نه‌بێ .

خۆم له‌مه‌يدانى كارا 

ژنه‌كه‌م ،

وه‌ك جلشۆرى ماڵان نه‌بێ .

منيش وه‌ك ئێوه‌ ،

پێمخۆشه‌

 

............................

ئێوه‌ له‌م دونيايه‌ بڕوانن 

له‌ شوراى چين 

له‌ ئيڤڵ،

له‌باخچه‌ هه‌ڵواسراوه‌كانى بابل 

له‌ ئه‌هرامه‌كانى ميسر ..

له‌ باڵه‌خانه‌ هه‌وربڕه‌كان 

له‌ فڕۆكه‌ 

له‌ كه‌شتى پانو پۆڕى نێو ده‌ريكان 

له‌ باخ و باخچه‌ بڕوانن 

له‌ كۆشك و ته‌لار 

له‌ ماشێن و 

پۆشاك و پێخه‌ف و 

ته‌نانه‌ت ده‌رزى بڕوانن .

ئه‌وكات تێده‌گه‌ن ،

ئێمه‌ كێين ؟

ئێمه‌ ئينسان گه‌لێكين 

گه‌ر نه‌بوينايه‌ ،

بۆ گه‌نى خۆڵ و خاشاكى ئێوه‌ 

ژيانى له‌سه‌ر زه‌وى ده‌سڕييه‌وه‌ .

ئه‌گه‌ر ئێمه‌ نه‌بوينايه‌ 

ڕوت و قوت ،

بێ پۆشاك و 

شوێنى حه‌سانه‌وه‌ ده‌بوون ئێوه‌ .

ئێوه‌ له‌م دونيايه‌ بڕوانن ؟

ئه‌وكات تێده‌گه‌ن 

ده‌زانن .

ماندوو بوون بۆ ئێمه‌يه‌ 

پشودانيش هه‌ربۆ ئێوه‌ .

كاركردن،

هه‌ر بۆ ئێمه‌يه‌ .

حه‌سانه‌وه‌ش هه‌ر بۆ ئێوه‌ .

برسێتى ،

بۆ ئێمه‌يه‌ .

تێرنه‌بونيش هه‌ر بۆ ئێوه‌يه‌ .

ئێوه‌ هيتله‌رتان له‌بيره‌ 

ئێوه‌ مۆسۆلۆنى و

ستالين و 

صدام و 

شاتان له‌بيره‌ ؟

ئه‌گه‌ر نا 

من وه‌بيرتان ده‌هێنمه‌وه‌ 

بيرتانه‌ ،

به‌ناوى خوداوه‌ 

به‌ناوى نيشتمان و 

سه‌روه‌رى 

نه‌ته‌وه‌ و 

ئاڵاوه‌ .

چيتان كرد 

چه‌ند وولاتتان كرده‌ خۆڵه‌مێش 

چه‌ندين زيندانتان دروستكرد 

مليۆنان ،

ئينسانتان له‌ناوبرد .

بيرتانه‌ ،

ئه‌و هه‌موو جه‌نگانه‌تان له‌بيره‌ ،

ئه‌گه‌ر نا ،

من وه‌بيرتان ده‌هێنمه‌وه‌ .

گه‌ر ئێوه‌ نه‌بان ،

نه‌ ئێمه‌ له‌جه‌نگا ده‌كوژراين و 

نه‌ زيندانه‌كان دروست ده‌بوون و 

نه‌ كيژۆڵه‌كانيش ده‌بونه‌ له‌شفرۆش و 

نه‌ ئينسان موحتاج 

به‌ تلياك و 

گورچيله‌ فرۆشتن و 

كارى سيخوڕى و 

ئاواره‌يي ده‌كرا .

گه‌ر ئێوه‌ نه‌بان ؟

كه‌ى ئينسانى 

سورو 

سپى و 

ڕه‌ش و 

ئه‌سمه‌ر له‌يه‌ك جودا ده‌كرانه‌وه‌ .

كه‌ى جوله‌كه‌ و 

ئيسلام و

بوزى و

مه‌سيحى و

كه‌ى 

ئاسيايي و

ئه‌مه‌ريكايي و

ئه‌وروپايي و

ئه‌فه‌ريقايي 

يه‌ك له‌يه‌ك جودا ده‌كرانه‌وه‌ .

گه‌ر ئێوه‌ نه‌بان 

كه‌ى ئينسان برسي ده‌بوو ؟

كه‌ى ئينسان بێ جێ ده‌بوو ؟

بێ ڕێ ده‌بوو ؟

بێ ناو 

بێ ناونيشان ده‌بوو ؟

گه‌ر ئێوه‌ نه‌بان ؟

نه‌ تاعون و 

نه‌ مه‌لاريا و 

نه‌ شێرپه‌نجه‌ و 

نه‌ به‌دخۆرايكمان ده‌ناسى .؟

گه‌ر ئێوه‌ نه‌بان ،

ئينسان شايسته‌ى ژيان ده‌بوو .

ژيانى بێ چه‌وسانه‌وه‌ 

بێ كۆيلايه‌تى .

ژيانى پڕ له‌يه‌كسانى و به‌رابه‌رى .