ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

نووسینى : شێخ سدیق

× × ×

ئێوارەیەکى درەنگ دنیا تاریک داهاتبوو، گەڕایەوە ماڵەکەى خۆى، لەسەر چرپاکەى پاڵ کەوت، فەرشیبایش خۆى کێشا بە سەریا و دەستى کرد بە مژینى لێوەکانى و باوەشیان لە یەکتردا، چوونە خەوێکى قوڵەوە، بەیانى لە دەنگى جریوەى چۆلەکەى سەر گوێسەبانە و سەر پەلوپۆى دارەکان بە ئاگا هاتنەوە...

سۆپاکەى بە دار بەڕووەکان گەشانەوە، قۆریە چایەکەى لەسەر پشکۆى کوانووى سۆپاکە دانا... دەستەکانى فەرشیباى قەلەندەرى گرت و لەسەر چرپاکەى هەڵیساند و، ماچێکى قوڵى عاشقانەى کرد. دوو پەرداخ چاى خەستى گەرمى دانا و سەرنجى چاوە خومارییەکانى دا، کە چایەکەیان خواردەوە، مازوانى ڕۆستەمى هەستایە سەرپێ و ڕووى کردە وێنە و تابلۆکان، بە وێنەى سەرکردەیەکى سیاسى، لە بەردەم هەزاران خەڵکدا گوتار بدات، گوتى: ئێمە هەموومان خەڵکى ئەم وڵاتەین، بوونى ئێمە بەم خاکەوەیە، ژیانمان بۆتە دۆزەخ و ئازادى بوونى نەماوە، برسێتى و قات و قڕى بەرۆکى وڵاتەکەمانى گرتووە، ڕۆژانە گەنجەکانمان لە سێدارە دەدرێن، پێویستە ئەم نیشتمانە داڕوخاو و ئەنفالکراو و سوتماکە سەر لەنوێ بنیات بنێینەوە .

لەگەڵ ئەم گوتارە سیاسییەدا، دەنگى شمشاڵێک، وەک مارشێکى سەربازى دەهاتە گوێیەکان، تابلۆکان وەک ئەوەى لەبەردەم سەرکردەیەکى سەربازیدا وەستابن دەستەکانیان لە سەر چاوەکانیان دانا و لە ئامادەباشیدا ڕاوەستابوون.

× × ×

درەنگانێکى شەو لەگەڵ تابلۆکانیدا کەوتنەڕێ، ملى چیا و هەردە و دەشتاییەکانیان گرتەبەر. لەبیرکردنەوەى پورخورشیدى دایکدا بوو، ئەو ڕۆژانەى هاتەوە یاد کە لە دواى ئۆتۆمبێلە سەربازییەکەوە دەفى دەژەنى، دنیاى لەگەڵ خۆیدا خرۆشان و هاوارى دەکرد و دەیگوت: بڕوخێت دەسەڵات... 

ئارەزووى بینینەوەى دایکم دەکەم، بڕواناکەم جارێکى تر بە دیدارى شادببمەوە. بەهەرلایەکدا هەنگاوى دەنا بەهارێکى تەڕ و سەوزایى بوو، هەواى فێنکى شەو بە گوڵى ڕەنگاوڕەنگ شاخ و دەشت و دۆڵەکان بۆنى هەناسەى بەهاربوون، بۆنێک لە عەتر خۆشتر مەستى دەکردى، هەر دەڕۆشت و سەوزایى و گوڵ و غەردەلە و چاوبازە و تۆڵەکە تاکو ناوقەدى مرۆڤ هەستابوون، دارێکى بە تەمەن لەناوەڕاستى کەلاوەى ئاواییەکەدا بوو.

فەرشیباى گوتى: ئەم دارە ڕەگى لە مێژووى نەتەوەیەک دەچێت. هەستایە سەرپێیەکانى بە چوار دەورى دارە بەتەمەنەکەدا خول و دەورى خوارد و گوتى؛ ئەوە نووسراوى دوو عاشقە بەروارەکەى دەگەڕێتەوە بۆ 1482، پیتەکانى زۆر کۆنن، بە زمانى کۆنى کوردى نووسراون... من نازانم ئەم گوندانە کەى ئاوەدان دەبنەوە، بەڵام مێژوو دەڵێ تەمەنى زۆردارەکان درێژ نابێت.

مازوانى ڕۆستەمى ماندوو بوو، لە باوەشی فەرشیبادا پاڵ کەوت، کەوتە خەوێکى قوڵەوە. فەرشیباى خۆى پێ نەگیرا، ماچێکى قوڵى عاشقانەى کرد، دەستەکانى لە سەر سنگى دەگێڕا و جارجار ماچێکى لێوەکانى دەکرد و لە خەو بە ئاگاى هێنایەوە، شەو داهات و دنیا کپ و بێدەنگ، چۆڵ و هۆڵ هەردووکیان خۆیان ڕووت ڕووت کردەوە، چوونە ناو حەوز و ئاوى بەرمانگەشەو، باوەشیان لە یەکتر دەدا، (شەو ڕاکشا و مانگ بە تاقى ئاسمانەوە) لە ئاوەکەدا تێکئاڵان.

× × ×

بەیانى دەنگى شمشاڵ لە دوور دەهات، تێکەڵ بە جریوەى چۆلەکەى سەر پەلوپۆى دارتووەکە دەبوو، تیشکى هەتاویش تاکو دەهات بە تینتر دەبوو، لە ناو کەشى بەیانیدا بە ئاگا هاتنەوە، بەرگەکانیان لەبەر کردەوە...تەنیا دەنگى شمشاڵ بوو، لەگەڵ نەسیمى بەیان و کەروێشکەى دەغڵ و داندا، شەپۆڵى بچووکى ئاوى کانى و قیڕەقیڕى بۆقەکان، شمشاڵ هێندە بە تین دەنگى دەهات دڵ و بەردى دەکرد بە ئاو، تابلۆى هەڵواسراوى سەر پەلکى دارەکان کەوتنەسەر زەوى.

تابلۆکانى کۆکردەوە، ئاواییەکەى بەجێهێشت و ڕێگاى دەشتاییەکانى گرتەبەر و جارجار لە ناو زەبەنى گژوگیاى بەهاردا نوقم دەبوو، لە ناکاو لە ناو مێرگەلى گوڵە نێرگزەکاندا سەرى دەرهێنا و جارجار بە لاپاڵى ڕووتەنییەوە هەنگاوى دەنا... تەنیا بوو، لەگەڵ تابلۆکانیدا، ماندووى ڕێگا بوو، عارەق بە ناو جەستەى شەکەتی دادەچۆڕا، ڕێگاى پڕ لە هەڵەت و نشێوى دەبڕى، سات لە دواى سات هەنگاوەکانى خێراتر دەکرد، جارجار هەڵوێستەى دەکرد و لە لوتکەى تەپۆڵکەیەک یان گردۆڵکەیەک بۆ دووراییەکانى دەڕوانى بە هەر چوار لاى خۆیدا هەڵوەستەى دەکرد.

دەیزانى هەنگاوەکانى بەرەو کوێ هەڵبێنێ لە کوێ دایان بنێ، لە ترسى لوغمە چێنراوەکانى ڕژێمى بەعس کە لە کێڵگەکاندا چاندبوویان. زۆر جار بەر لە دانانى پێیەکانى ڕادەما، هەتاکو دڵنیا نەبووایە پێیەکانى لە زەوییەکە دانەدەنا. ترسى لە کەمین و گەڕانى سەربازەکان هەبوو، دەترسا لە مۆڵگەکانیان.

لە سەر تەپۆڵکەیەک تابلۆکانى دانا، تاقە دارێکى پیرى بەتەمەن گۆڕێکى کەمێک درێژى لێبوو، خەڵکى گوندەکە هاتوونەتە سەرى و نزایان لە سەر کردووە، سەراپاى دارە پیرە بەتەمەنەکە پەڕۆى سەوزى لێبەسترا بوو، ئەو پارچە پەڕۆیانە نیازی لەسەر کراوە.

دنیا خامۆش و بێدەنگ کزەى بایەک پەڕۆ سەوزەکانى دەجوڵانەوە، سەر نزرگەکە پڕ بوو لە بەردى خڕ و لوس، هەموویان بەردى نەزرگرتنەوە بوون. 

کاتێک منداڵ بووم دایکم لەگەڵ خۆیدا دەیبردینە سەر نزرگەکان، دوو بەردى لەسەریەک دادەنا و بە پەنجە بچووکەکەى دەستى لەسەر هەردوو بەردەکە ڕادەگرت و دەیخولاندەوە، ئەگەر بەردەکان نەکەوتنایە و بخولانایەتەوە دڵخۆش دەبوو.