ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

دیمانە: ئاراس مام سەعید

رەنج رەسوڵ براوەی دووەمی فیستیفاڵی گەلاوێژ بۆ چیرۆك لاوێکی دانیشتوی قەزای چەمچەماڵە ،ماوەی شەش ساڵە خەریكی خوێندنەوەو نووسینە روداوەکانی رۆژانە ئاوێتە بەخەیاڵ و فەنتازیا دەكاتە وێنەیەكی ئیستاتیكی و لەشێوەی چیرۆك هەڵیدەڕێژێ‌، ئەو كەهێشتا لەسەرەتاكانی نووسیندایە بەهرەیەك پێی دەڵێ‌ بەردەوام بەو منیش هاوكارتم بۆیە هەمیشە لە فیسیفاڵ و كۆڕە ئەدەبیەكاندا بەبێ‌ خەڵات ناگەڕێتەوە،ئاخر ئەو بۆیە دەنووسێ‌ تا گرفت و روداوەكانی ژیان یاداشت بكا تا بەوانی دی بڵێ‌ هەموومان دەتوانین ئەوەبین كە دەمانەوێ‌ ئێستا ،قوتابیە لە قۆناغی زانکۆ ، لە دیدارێكی كورتدا بۆ رێگای كوردستانبەم شێوە وەڵامی داینەوە:

*زۆرینەی نووسەران سەرەتا بە شیعر دەست پێدەكەن دواتر چیرۆك و ژانرەكانی دی،تۆ لە كوێوە هاتی؟

+_ سەرەتای نوسینی من، کە دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 2013 بە نامەی کورت و درێژ دەستیپێکرد، کە بەشێوازێکی ئەدەبی دامدەڕێژایەوە و لە فەیسبوک و پەیجەکاندا بڵاوم دەکردنەوە.

*بابەتی چیرۆكەكانت خەیاڵین یان وێنەكانی ناو كۆمەڵگان؟

+ لە چیرۆکەکانمدا زیاتر گرنگی بە لایەنی دەرونی ئینسان دەدەم، ئەو گیروگرفتانەی کە بەهۆی ژیانی مۆدێرن یاخود بەهۆی پەراوێزبوون لە کۆمەڵگەوە دروست دەبن و بە دێڕی کورت کورتی ئەدەبی گوزارشتیان لێ دەکەم

*خوێندنەوە بەسە تا ببیە نووسەر یان بەهرەیەك لە ناخی نووسەراندایە؟

+ خوێندنەوە ڕێگایەکی زۆر گرنگە بۆ ئەوەی بنوسیت. هەموو نوسەرێک دەبێ خوێنەری هەمیشەیی بن. بەهرەش لایەنێکی گرنگی ترە بۆ نوسین و پێویستی بە پەروەردەکردن هەیە.

*تەكنیك لە چیرۆكەكانتدا هەن؟

+ تەکنیک لایەنێکی گرنگی چیرۆکە، نوسینی چیرۆک خۆی تەکنیکی خۆی هەڵدەبژێرێت و پاش و پێش بە ڕوداوەکان دەکات

*حەزدەكەی بە زمانی سادە بنووسی یان پەخشان؟

+ من بە زمانێکی سادە ئەنوسم.. پێم وایە نوسین و ئەدەب پەیامن، پەیامیش پێویستی بە زمانی ئاڵۆز نییە.

*چەند گرنگیت بە روداو داوە لە چیرۆكەكانتدا؟

+ چیرۆک گێڕانەوەی ڕووداوە.. بێگومان هیچ چیرۆکێکی کاریگەر خاڵی نییە لە ڕووداوێکی کاریگەر.. لە چیرۆکەکانی منیشدا هەمیشە ڕووداوی لە ناکاو و باسی ڕووداو هەن.

*كاتێك لە فیستیفاڵێك خەڵات وەردەگری هەستت چۆنە؟

+ وەرگرتنی خەڵات لە ڤیستیڤاڵ خاڵێکی گرنگە بۆ هەر کەسێک کە بنوسێت، وا دەکات زیاتر خۆت ماندوو بکەیت بۆ نوسین و زیاتر کاتی بۆ تەرخان بکەیت

*ئەو خەڵاتانەی وەرتگرتوون؟

+ یەکەمی شیعری ئامادەییەکانی گەرمیان بۆ ساڵی 2013 و 2014 و 2015.. براوەی یەکەمی خەڵاتی ڤیستیڤاڵی ڕوانگە بۆ چیرۆک ساڵی 2016. براوەی خەڵاتی شیعر لە ڤیستیڤاڵی زانکۆی چەرموو ساڵی 2017. براوەی خەڵاتی چیرۆک بۆ دیداری لەتیف حامد، براوەی چیرۆکی ڤیستیڤاڵی گەلاوێژ ساڵی 2019.