ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

   

وەک ماسیی لەقوتوونراو

چۆن ناگەڕێتەوە بۆ زێ

وەکوو تەرمی مۆمیاکراو

چۆن هاواری لێ هەڵناسێ

 ئیدی دڵی

وەکوو بەرد لێ هاتووی منیش

لێ نادا بۆ خۆشەویستی

ئیدی شیعرم زلـلەیەکە

بۆ ڕوومەتی

چێژی گشتی.

 

وەک چۆن لە کەسێ نابوورم

سۆزی بۆ شۆرش نەبووبێ

لەو شۆڕشگێڕەش خۆش نابم

بە لای ناپاکیدا چووبێ

 

هێشتا وەرزی

بە (با)وە بارینی خۆڵە

هێشتا شۆرش

پەڵەهەوری ناو پانتۆڵە.

 

 مایاکوفسکی (١٨٩٣ - ١٩٣٠) پێویستی بەوە نەبوو، لە ڕێی بڵندگۆوە باسی لە ئەوینی خۆی بۆ شۆڕش بکات، ئاخر کەس لەو زیاتر عاشقی شۆرش نەبوو. ئەو هیچی لە شۆرش نەدەویست، بیری لەوە دەکردەوە، دەتوانێت چی پێشکەش بە شۆرش بکات. ئەو یەکێک بوو لەو شاعیرانەی وەک پاشکۆی خۆی سەرنجی خوێنەری نەدەدا، دیالۆگی لەگەڵدا دەکرد و بە داهێنەری دەزانی. بە هۆشیارییەوە ڕێسا دێرێنەکانی شیعری فەرامۆش دەکرد، نەک لە سۆنگەی ئەوەوە ئاشنایەتیی لەگەڵیاندا نەبێت. چونکە خۆی شاعیرێکی سەرکێش بوو، بۆ خوێنەری سەرچڵ و ئەکتیڤیشی دەنووسی، نەک خوێنەری پاسیڤ و گوێڕایەڵ، بۆ خوێنەرێکی دەنووسی، سەلیقەی ئەوەی هەبێت، چێژ لە شیعر وەربگرێت.

بریا ڕووداو هەر لەوانە قەومابا کە توانای گێڕانەوەیان هەیە، ئاخر زۆرینە توانای گێڕانەوەی هەواڵێکیشیان نییە. هەیە ئەوەندە بەسەر گێڕانەوەدا زاڵە، دەقی شیعری دەنووسێت و خوێنەر هەست دەکات، لە دوای ئەو شیعرانەوە، ڕۆماننووسێک هەیە. شاعیر پشت بە وێنەی شیعری دەبەستێت، وێنەیەک بە کەمترین وشە بکێشرێت، وشەیەک لە ئەنجامی گەمەیەکی هونەرمەندانەوە لە تەکیدا، جێی بۆ دیاری کراوە، بەڵام ئاخۆ وشە بەشی ئەو هەموو مەینەتییانە دەکات، بەرەو ڕووی ئینسان دەبنەوە؟

لە شیعری مایاکۆڤسکیدا جیاوازییەکی ئەوتۆ لە نێوان وەهم و واقیعدا نییە، ئاخر سنووری نێوانیان وەها کاڵ بووەتەوە، بە ئەستەم دەبینرێت. لای ئەو وەک چۆن زۆر جار ئەوە ڕێکەوتە چارەنووسی ئینسان دیاری دەکات، هەر بە ڕێکەوت و بە شێوەیەکی چاوەڕێنەکراویش، دوو وشەی دەکەونە هەمان ڕستەوە. لە شیعریدا هەم وشەی ناسک هەیە و هەم وشەی چڕنووکدار، لە شیعریدا وەک چۆن هەست بە سیمای خۆی دەکەین، دەمامکیش دەبینین.

هەر بە مێردمنداڵی هەست بە جیاوازییە چینایەتییەکان دەکات و هەر زوو بە بەلشەفیکەکانەوە پێوەست دەبێت، کۆمۆنیستێکی هێندە چالاک دەبێت، پێش ئەوەی تەمەنی ببێتە هەژدە ساڵ، سێ جار دەگیرێت. لە زینداندا بە ئەدەبی ڕووس ئاشنا دەبێت، هەر لە زیندانیشدا یەکەمین شیعری دەنووسێت. بە گرووپی داهاتووخوازەکان سەرسام دەبێت کە دژی ئەدەبی کلاسیک دەبن و داوای ڕزگارکردنی شیعر لە هەموو کۆت و پێوەندێک دەکەن و فشەیان بە ڕەسەنایەتی دێت. داهاتووخوازەکان هەڵسوکەوتی سەیریان دەنواند، جلوبەرگی ڕەنگاوڕەنگیان دەپۆشی و لە کۆڕە ئەدەبییەکانیاندا وشەگەلی ناشیرین و بازاڕییان بەکار دەهێنا.

)زلـلەیەک بۆ دەموچاوی ڕای گشتی) یەکەمین کۆشیعری مایاکۆڤسکییە ١٩١٤ بڵاو بووەتەوە. (هەوری نێو شەڕواڵ) کە ناودارترین شیعری مایاکۆڤسکییە و ١٩١٥ نووسیویەتی، تێیدا پێشبینیی شۆرشی ئۆکتۆبەری کردووە. مەبەستی لە  پەڵەهەوری نێو پانتۆڵ، گاڵتەکردن بووە بە ئاوەزی سانسۆر و بەو خەڵکە شل و شێواو و دەستوپێ سپییانەی هیچیان لە باردا نییە و بە کەڵکی تەنگانە نایەن. هەرچەندە لینین شیعری مایاکۆڤسکیی بە دڵ نابێت، بەڵام مایاکۆڤسکی کە شۆڕشی بە هیی خۆی دەزانی، داستانە شیعرێک بۆ مەرگی لینین دەنووسێت.

مایاکۆڤسکی لە بواری سۆزداریدا تووشی نسکۆ دێت و دوای مەرگی لینین، هێرشێکی بەربڵاویش دەکرێتە سەری و هیچی نوێشی بۆ چاپ ناکرێت، ئیدی لە ١٤ی ئەپریلی ١٩٣٠دا، لای تەرمەکەیەوە نامەیەک دەدۆزرێتەوە کە تێیدا نووسیویەتی: (کەس تۆمەتبار مەکەن، بەرگەی هەلومەرجەکەم نەگرت، هیچی دیکەم پێ نەکرا، با کەس شوێنپێم هەڵنەگرێت.) دوو سێ ڕۆژێک پێشتریش لە شیعرێکدا گوتبووی: (بەلەمی خۆشەویستی لەسەر گابەردی ژیان تێکشکا.)

   *

)١(محمد بنیس، تجربە القرا‌وە.

(2) بول أوستر، اللغە أمام محنە الوجود.

 

(*) شیعرەکە وەرگێڕان نییە، خۆم بە سوود وەرگرتن لە دوو سێ دەربڕینی مایاکۆڤسکی نووسیومە.