ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

نووسینی: جەلال دەباغ

شنەبای بەهاری گەرمیان دڵ و دەروونی کیژەکەی ئاسودەکردبوو، وێڕای گەرمای سەرەتای هاوین، بەهەزارو یەک ئاواتەوە لەگوندە پڕ لە یادگارەکەی خۆیان دەرچوو، بەرەو کانیی ئاشقان، لەنزیک گوند، جێگەژوانی لەگەڵ کاروانی خۆشەویستی. کە گەیشت تەماشایکرد، کاروان چاوەڕوانی دەکات و بە زەردەخەنەیەکی پڕ لە هیواوە پێشوازیی کرد وباوەشی پێداکردو ماچێکی لێوانلێو لە تاسەی خۆشەویستی لەسەر لێوەکانی نەخشاند.

کامەران لەسەر کانییەکە بە چیلکەوچەوێڵی ئەوناوە ئاگرێکی کردبۆوەو لەناو قۆرییە گچکەکەیدا چایەکی بۆ هەردوکیان دەمکردبوو تا پێکەوە لەگەڵ دڵئارامی یەکەم دڵداریدا، دوور لە چاوی چاودێران نۆشی بکەن.

کە پێکەوە لەگوێ کانییە چۆڵەکە دانیشتن، مرواریی زیخ و چەوەکانی کانییەکە بریسکەیان دەهات، کامەران سەرنجی گۆبەرۆکی دڵئارامی دەدا کە تازە هەندێ ئاوی لەگۆزەکەیاندا لەسەر شانی نابوو، بۆ ماڵەوەی بردبوو، کەمێک ئاوی پێدا رژابوو کە جوانترین دیمەنی مەمکۆڵەکانی دەرخستبوو، کاروانی  بردبووە دنیایەکی رازاوەی بێ وێنەی گەشبینیبەخش بۆیە لەگەڵ نووساندنی سنگ بە سنگەوە، دڵئارامی سرک، وەک کارمامزی گەرمیان، دوای ئەوەی تەزوویەکی زۆرخۆشی بە جەستەدا تێپەربوو خۆی کشاندەدواوەو کامەرانیش دوای هەمان تەزووی خۆشیی گوتی: بەهیوام ئەمساڵ بەرهەمێکی باشی دانەوێڵەمان ببێت و لە ئەنجامدا توانایەکی گونجاوی داراییمان هەبێت، بەڵێنبێ شاییەکت بۆ بکەم لەناوچەکەماندا دەگمەنبێت، ئەویش ودڵئارامیش ئاواتەخوازی ئەو هیوایەبوون، بەخۆشیەوە سەروچای بۆ هەردوکیان تێکردو کەوتنە نۆشکردنی. کاتێکیانزانی لەباشورو باکورەوە وڕەوڕی زیلە سەربازییەکان و لوورەی چەقەڵە نۆکەرەکانی رێژیم نزیکیان کەوتنەوەو، هەردوکیان زۆر شڵەژان و حەپەسان و باوەشیانکرد بەیەکدا.کاتێک جانەوەرەکانی سوپاو جاش گەیشتنەلایان بە جوێن و قسەی ناشرین پەلکێشیان کردن بۆناو گوندەکەیان، سەرنجیان دا هەرچی کەسێکی گوندەکەیان دەستگیرکردووە لە ژنان و منداڵان ولاوان و بەساڵاچووان، هەر هەموویان کۆکردونەوەو بەگەیاندنی ئەمانێش، دوای قسەی سووکی جاشە سووکەکان، کە"رەوشت نەماوە"!و ئەم دووەیان پێکەوە گرتووە، هەموویان پەلکێش کردنە ناو زیلە سەربازییەکان و بەرەوخوار بردیانن..

چەند ویستیان نەیانتوانی دڵئارام و کاروان لێک جودا بکەنەوە، چونکە هەر دەگەیشتنەوەیەک.

لە بارودۆخێکی تازەدا،دوای چەندساڵێک لەکاتێکدالەباشوور گؤڕێکی بەکۆمەڵ هەڵدرایەوە، ئێسک و پروسکی دوو مرۆڤیان هەڵگرتەوە دووناسنامەلە پارچە جلە دراوە رزیوەکانیانەوە کەوتنەخوارێ بەناوەکانی (دڵئارام) و(کاروان)...

ئێستا لەپێش ئۆردوگایەکی زۆرەملێدا پەیکەری ئەو دوو دڵدارە بەرزکراوەتەوەو برادەرە هونەرمەندەکەی گەرمیان دروستی کردوەو، بە تایبەتیلە بەهارانداو، یان لەیادی شەهیدانی ئەنفالدا، کیژان و لاوان، دوای راوەستانی یەک خولەک ماتەم، چەپکەگوڵیرەنگاوڕەنگ و نێرگز لە بن(پەیکەری خۆشەویستی)دا دادەنێن.

(١)پەیکەری "خۆشەویستی"لەلایەن پەیکەرتاش(زیرەکمیرە)وەدروستکراوە

(٢)پەیکەری ئەنفال