ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

 

 ناخوازم بمرم، بەڵام گاڵتەم بە مردن دێت.

ململانێی نێوان دوو ژن، ڕۆمانێکی گەورەنووسەری سووریایی (حەننا مینە)یە، باس لە ژیان و خەباتی خەڵکی گەڕەکێکی شاری لازقییە، لە سەروەختی دووەمین جەنگی جیهانگرەوەدا دەکات. ئەو سەروەختە لەو شارەیش کە زێدی نووسەرە، وەکوو شارەکانی دیکەی دونیا، وەک چۆن لایەنگرانی هیتلەر و مۆسۆلینی هەبوون، هەر وایش، هەوادارانی ستالین و سۆڤیەت و هاوپەیمانەکانی هەبوون. ئەو سەردەمە سووریا لە بن دەستی فەرەنسادا بووە، فەرەنسایش لە بن دەستی ئەڵمانیادا بووە. کە فەرەنسا ئازاد دەبێت، سووریا هەر بە بندەستی دەمێنێتەوە، وەلێ فەرەنسای ئازاد بەڵێن بە خەڵکی سووریا دەدات، لەگەڵ کۆتایی پێ هاتنی جەنگدا، شام جێ بهێڵێت. بەڵام چونکە قسەی سەردەمی لاوازی، هەمان گفتی سەردەمی بەهێزی نییە، بەڵێندان ئاسانە، وەلێ جێبەجێکردنی گرانە و ئەگەری ئەوەیش لە ئارادایە، ئەو بەڵێنە زەردەخەنەی گورگ بێت، بۆیە نیشتمانپەروەران گومانیان لە جێبەجێکردنی هەیە و پێیان وایە کە جەنگ بە قازانجی فەرەنسا دوایی هات، مەرج نییە خاوەنی پەیمانی خۆی بێت.

ئەگەر حەننا مینە ناو بنێین ئوستادی ڕۆماننووسین، ئەوا بە هەق شیاوی ئەو نازناوەیە، ئاخر ئەوێک کە دەیان ڕۆمانی نووسیوە، هەر یەکێکیان بگرین، بۆ ئەوە دەست دەدات، نووسەران لێیەوە فێری هونەری ڕۆماننووسین ببن. لەم ڕۆمانەیشیدا، وەک ئەوانی دیکەی، ڕیتم ئەوەندە خێرایە، هەر ئەوەیە لەم بەشەوە بۆ ئەو بەش، باز نادات. ململانێی نێوان دوو ژن کە هێندەی لە سێسەد لاپەڕە کەمتر نییە، بە جۆرێک ئارەزووی خوێندنەوە لای خوێنەر دەورووژێنێت، کە دەست بە خوێندنەوەی دەکەین، لێ ناگەڕێت، پشوو بدەین هەتا تەواوی نەکەین.

حەننا مینە ڕۆماننووسێکی ڕیالیستە، یان دروستتر زۆربەی بەرهەمەکانی دەکەونە خانەی ئەو ڕێبازە ئەدەبییەوە کە بە ڕیالیزمی سۆسیالست ناوبانگی ڕۆییشتووە و بە ڕۆمانی (دایک)ی ماکسیم گۆرکی دەست پێ دەکات. نووسەر چەند ڕۆمانێكیشی نووسیوە کە دەتوانین بە ئەدەبی ڕەمزییان لە قەڵەم بدەین. ململانێی نێوان دوو ژن کە تێیدا خەباتی ڕزگاریخوازی و تێکۆشانی چینایەتیی پێکەوە گرێ دراون، نموونەیەکی جوانی ئەدەبی ڕیالیزمی سۆسیالیستە، تێیدا فیکر خزمەتی بە هونەری گێڕانەوە کردووە، نەک بە پێچەوانەوە. ململانێی نیوان دوو ژن، ڕیالیزمێکی وشکوبرنگ نییە، ئاخر تێیدا سنوورێک نییە خەون لە واقیع، یان وەهم لە حەقیقەت جیا بکاتەوە، ئەم لایەنەیش خزمەتی بە پۆیەتیکای ڕۆمانەکە گەیاندووە.

لەم ڕۆمانەدا ژنێک کە گومانی ئەوەی لەسەرە، خەریکی لەشفرۆشییە و دەستیشی لەگەڵ فەرەنسییە داگیرکارەکاندا تێکەڵ کردووە، بۆ ئەوەی تەمی ئەو گومانانە لە دەوری خۆی بڕەوێنێتەوە، بە عالەمی ئاشکرا، ئەفسەرێکی ستەمکاری سوپای داگیرکار کە بەردەوام ئازار و ئەشکەنجەی خەڵکی شاری لازقییە دەدات، دەکوژێت. کە دوای ئازادبوونی فەرەنسا، ژنەیش ئازاد دەکرێت، خەڵکی ئەو گەڕەکەی پێشتر نەفرەتیان لێ کردبوو، وەک قارەمانێکی نیشتمان پێشوازی لێ دەکەن.

هەرچەندە هەندێک جار بەرەو ڕووی وێنەی شیعری دەبینەوە، وەک: (پرسیارەکان چەکوش ئاسا، توند بەر لاجانگی دەکەوتن، دارستانێک لە دەستی بەرزکراوە، یان زیو لەناو مشتیدا دەبوو بە مانگ،) بەڵام حەننا مینە ڕۆمانەکەی بە زمانێکی شیعرئامێز نەنووسیوە، وەلێ کورتبڕییەکی ڕەچاو کردووە، مەگەر ئەلبێر کامو لە (نامۆ)دا، یان کافکا لە (کۆشک) و هەمەنگوای لە (پیرە و زەریا)دا ڕەچاویان کردبێت. ئەو کورتبڕییە وای کردووە، هەم ڕیتمی ڕۆمانەکە خێرا بێت و هەم زمانەکەیشی بەشیعربوونی پێوە دیاربێت. لە ململانێی نێوان دوو ژندا، دیالۆگ پشکی شێری پێ دەبڕێت، بەڵام دیالۆگی کورت و چڕ، کە نەک هەر ڕستەیەکی زیادی تێدا نییە، بەڵکوو تووشی وشەیەکی زیادیش نابین.

یەکێک لە خەوشەکانی ڕۆماننووسانی کورد ئەوەیە، هەندێک ڕستەی وا دەدەنە پاڵ کارەکتەرێک کە لێی ناوەشێتەوە، بەو ئاستە بڵندە لە ڕۆشنبیری، بدوێت. لای حەننا مینە ڕووبەڕووی خەوشی وەها نابینەوە. (بێ ئەوەی هیچ ئامادەکارییەکی بۆ بکەم، ئەو قسانە دێنە سەر زارم کە لە ناخمەوە هەڵدەقوڵێن و وشەکان خۆڕسکانە لە ناخمەوە باز دەدەنە سەر لێوم.) لە ڕۆمانی (ململانێی نێوان دوو ژن)دا، قسەی پارێزەرێک لە قسەی یاساناسێک دەچێت، قسەی کۆمۆنیستێک، جیاوازە لە هیی نەتەوەیییەک. نە قسەی چەقۆوەشێنێک لە هیی فەیلەسووفێک دەچێت و نە ئاخاوتنی کاربەدەستێک لە هیی بێکارێک. (تۆ گومان دەکەیت، کەواتە تۆ وەک دیکارت بیر دەکەیەوە.) نووسەر ئەم گوتەیەی خستووەتە سەر زاری کۆڵۆنێلێکی فەرەنسایی کە لێی دێت، قسەی وا بکات. وێرای ئەوانە لایەنێکی گەشی تری ڕۆمانەکە ئەوەیە، خوێنەر هەست دەکات، کارەکتەرەکان بە گشتی، قارەمانگەلێک نین لە وشە و هیچی تر، بەڵکوو هەر کامێکیان بگریت، تەواو لە ئینسانی ڕاستەقینە دەچێت.

هیچ ژانرێکی ئەدەبی، هێندەی ڕۆمان بە کولتووری نەتەوەیەک ئاشنامان ناکات، ئاخر سیستەمی بیرکردنەوە، چۆنییەتی ژیان، خەباتی خەڵک و دابونەریت، کەم و زۆر لە ڕۆماندا ڕەنگ دەدەنەوە. قسەی نەستەق کە زادەی ئەزموونە، بەشێکی گرنگە لە کولتووری میللی و جۆرێک لە ڕەسانەیەتی بە کارە ئەدەبییەکە دەبەخشێت.  وەک چۆن قسەی نەستەقی هاوبەش لەناو میللەتاندا هەیە، هەر میللەتێکیش قسەی نەستەقی تایبەت بە خۆی هەیە. وەک کەموکووڕی وایە، ئەدیبێکی ڕیالیست بین و لە دیالۆگی کارەکتەرەکانمدا، هیچ قسەیەکی نەستەق ئامادە نەبێت، تەنانەت ڕەنگە لە دەستپاکیی نووسەری وا کە بە درێژایی ڕۆمانێکی تووشی قسەیەکی نەستەقی باوی ناو میللەتەکەی نابین، بکەوینە گومانیشەوە.

حەننا مینە لە ڕۆمانی (ململانێی نێوان دوو ژن)دا، بایەخی بە قسەی نەستەق داوە و زانیویەتی دەبێت لە کوێدا و لەسەر زاری کام کارەکتەرەوە بگوترێن. (ستەمی خزم لە هیی بێگانە بەئازارترە. تەنیا ئەوانەی شێر بن، لە دەوری نەڕەی شێر کۆ دەبنەوە. چاوەڕێ بە، تا پێ دەگات، ترێ بە بەرسیلەیی مەخۆ. بۆ ئەوەی چاوبەرەوژێری بکەیت، دەبێت پێشەکی تێری بکەیت.) ئەوانە هەندێکن لەو ئیدیۆمانەی نووسەر بە هۆشیارییەوە، لە قازانجی ڕۆمانەکە بەگەڕی خستوون.

لەم ڕۆمانەدا، دوو ژن کە یەکێکیان ستەمی کۆمەڵایەتی، ناچار بە لەشفرۆشیی کردووە و ئەوی تریشیان کە مێردی هەیە، هەردووکیان لەسەر گەییشتن بە هەمان پیاو لە ململانێدان، ململانێیەک بەوە کۆتایی دێت، یەکەمیان بە دەستی دووەمیان بکوژرێت. لایەنێکی گەشی ڕۆمانەکە ئەوەیە، حەننا مینە لە کۆمەڵگەیەکی بابسالاردا، دوو ژنی هێناوە و ڕۆڵی سەرەکیی پێ بەخشیون، دوو ژن کە هەر لە ڕۆمانەکەدا قارەمان نین، لە واقیعیشدا قارەمانن،( لەو قارەمانانەی سروشتی پڵنگیان هەیە و ئەگەر سوور بزانن، هێرش بە مەرگیشیان کۆتایی دێت، هەر سڵ لە هێرشبردن ناکەنەوە.)

وەک چۆن شیعری جاک بریڤەر تەنک دێتە بەر چاو، بەڵام ‌هێندە قووڵە، ئاسان نییە کەسانی تر بتوانن شیعری لەوەی ئەو بنووسن، ئاخر ساکاری لای ئەو، فریودەر و هەڵخەڵەتێنە. ململانێی نێوان دوو ژنیش، لەو جۆرە ئەدەبەیە کە بە ساکارییەکی قووڵ نووسراوە و کاریگەرییەکی هێندە گەورە لای خوێنەر جێ دەهێڵێت، وا هەست دەکات ئەفسوونی لێ کراوە. لایەنێکی سەرنجڕاکێشی تری ئەم ڕۆمانە ئەوەیە، هەرچەندە نووسەر باس لە خەباتی نەتەوایەتی و چینایەتی دەکات و هەندێک لە کارەکتەرەکانی کادیری ئەم یان ئەو حیزبن، بەڵام هیچ دەستێوەردان و دروشمبازی بە بەرهەمەکەوە دیار نییە و کارەکتەرەکان لە گۆشەنیگای خۆیانەوە دەدوێن، نەک لە ڕوانگەی نووسەرەوە.

نووسەر ناڕاستەوخۆ و لەسەر زاری کارەکتەرەکانییەوە پێمان دەڵێت:

(*) ئازا کەسێک نییە نەترسێت، کەسێکە لە بەردەمی مەترسیدا خۆی ڕابگرێت. بەشێک لەوانەی ئاوەزیان تێک دەچێت، لە ئەنجامی ترسەوەیە و دەگمەنە ئازایەک ئاوەز لە دەست بدات. ئینسانی ئازا، کەسێکی چاکیشە، شتێکە وەک مەحاڵ، کەسێکی بەدکار، بوێر بێت. یەکێک لە کارەکتەرەکان کە خۆی بە دوژمنی داگیرکار فرۆشتووە، کە پیاوێک دەستگیر دەکات، هەتا پیاوەی دەستگیرکراو نەڵێت من ژنم، ئازادی ناکات. پیاوێک کە خۆی دەفرۆشێت، بێڕێزی بە خۆی دەکات، ئیدی چۆن دەبێت چاوەڕوانیی ئەوەی لێ بکەین، ڕێز لە ژنان بگرێت.

(*) ئەوە سوپای سوور بوو، نەک جەنەڕاڵی بەفر، لەشکری هیتلەری بەزاند. ئەوە شەرمە، ددان بە بوێری و قوربانیدانی کەسانی دیکەدا نەنێین، با دوژمنایەتیش لە نێوانماندا هەبێت.

(*) ئەگەر گەشبینیی بێ بناغە، جۆرێک بێت لە گەوجایەتی، ئەوا سەرنجدانی پرشنگی خۆر بە چاویلکەی ڕەشەوە، جۆرێکە لە بەدکاری.

)*(فرۆشتنی لەش لە پێناوی پاروودا، شکۆمەندانەترە لە فرۆشتنی نیشتمان لە پێناوی پارەدا. ئەگەر سۆزانی هەر لەشی بفرۆشێت، ئەوا ناپاک، وێڕای جەستەی، ڕۆح و ویژدانیشی فرۆشتووە. هیتلەر یادی بە شەڕ، گوتەیەکی سەرنجڕاکێشی هەیە: (سووکترین کەسانێک لە ژیانمدا ناسیومن، ئەوانە بوون بۆ داگیرکردنی وەڵاتی خۆیان، کۆمەکیان کردووم.)

حەننا مینە یەکێکە لەو نووسەرە دەگمەنانەی لە بواری نووسینی سیناریۆدا شارەزایییەکی باشیان هەیە، ڕەنگە ئەمەیش هۆکارێک بێت بۆ ئەوەی  زوو زوو ڕۆمانەکانی دەکرێن بە فیلم، ڕۆمانی (ململانێی نێوان دوو ژن)یش، هەر دەڵێیت بۆ فیلم نووسراوە. نووسەر لەم بەرهەمەیشیدا بایەخێکی زۆری بە پێوەندییە کۆمەڵایەتییەکان داوە، بەڵام هاوزەمان بە لێزانینێکی کەموێنەوە، بە ناخی کارەکتەرەکانیدا شۆڕ بووەتەوە. وەک چۆن ئەگەر هەور هەبێت، بارانیش دەبێت، هەر وایش ئەگەر خۆشەویستی هەبوو، گومانیش دەبێت. نووسەر هێندە بە هۆشیارییەوە باس لەو گومانە دەکات، کە ژن لەو پیاوەی هەیە کە خۆشی دەوێت، دەشێت دەرونناسان ئێرەیی بە توانای ببەن. پۆڵ ئۆستەر دەڵێت: (چیرۆک تەنیا لەوانە ڕوو دەدات کە دەتوانن بیگڕنەوە.) حەننا مینە هەر دەڵێیت بۆ گێڕانەوەی چیرۆک لە دایک بووە.