ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

لە کۆمەڵگای کوردیدا، کە کۆمەڵگایەکی پەتریاکییە و ڕوانینی پیاو تیایدا باڵادەستە، پاشخانێکی فەرهەنگی و ئاینی لەلایەن بەشێکی زۆری ڕەگەزی نێر هەیە ئەویش ئەوەیە، کە هەموو نەهامەتییەکانی بوون لە ژندا دەبینێتەوە. چونکە ئەو بووە هۆکاری خواردنی بەری دارەکە لە بەهەشت و فڕێدانی ئادەم بۆ سەر زەوی. بێگومان نابێ ئەوەمان لە بیربچێت، کە بەئاسانی نە ئەو زمانە دەگۆڕێت، نە ئەوبینینەش بۆ ژن نامێنێت، چونکە ئەو تێڕوانینە بەشێکە لە پاشخانی هزری و ڕۆشنبیری پیاوی کورد. بۆیە ئەرکی ژن لە کۆمەڵگەی ئێمەدا، وەستانەوەیە لە بەرانبەر ئەو دیدگا نێرسالارییە کە ژن بە سەرچاوەی ئاشووب دەبینێت نەک جوانییەکان. ژنان بەگشتی، دەبێ لەڕێی پەیامەکانیانەوە بە گژ ئەو هزرەدا بچنەوە و ژن وەک ئەوەی کە هەیە کە هێمایەکە بۆ جوانی و سۆز، بەردەوامی ژیان، ببینن. بەڵام لەزۆر کاتدا ژنان خۆیان نەک هەر ئەو ڕۆڵە نابینن، بەڵکو بەجۆرێک لە جۆرەکان هەمان ئەو ئەقڵییەتە پیاوسالارییە درێژە پێدەدەن کە ڕەنگڕێژکردنێکی ئاینی هەیە و ژن وەک هاووڵاتی پلەدوو دەبینێت و بوونی تەنیا لە چوار دیواری ماڵ و کۆمەڵێک خورافەی دینی دەبینێتەوە، کە بەبڕوای بەشێکی زۆری ژنان، دەتوانێت ژیانیان بگۆڕێت. بێگومان ئەگەر پەراوێزێک لە ئازادی بۆ ژنان هەبێت، ئەوا دەبێ خۆیان فراوانتری بکەن و ئەستەمە لە چاوەڕوانی ئەوەدابن ڕەگەزی نێر هەمان سەربەستی و ئازادی بۆ ئەوانیش بە ماف ببینێت. بەڵام کاتێ سەرنج لە ئەزموونی نووسینی بەشێک لە ژنانی کورد دەدەین، بەداخەوە درک بەوە دەکەین کە خەونەکانیان لە ژیاندا چەند بچووکن و چۆن وێرای ئەو هەموو پێشکەوتنەش، هێشتا خۆیان بە پاشکۆی پیاوان دەبینن. لەکاتێکدا هەموو مرۆڤێک لە ژیاندا دەبێ خۆی بێت و هەرکاتێک کەسێکی لە پشتی خۆیەوە بینی، کە ئەو نەما، بێگومان ئەویش کۆتایی دێت. لەو ڕوانگەیەوە کاتێ سەرنج لە شیعرەکانی خاتوو (ناز فەلەکەددین) دەدەین، درک بەوە دەکەین کە خەونی ئەو خاتوونە لە شیعردا، چەند خەونی بچووک و بێ بەهان، لەو شیعرانەدا شوناسی ژنێک نابینین کە خەونی یاخیبوون و هاتنەوە بەگژ ئەقڵی پیاوسالاریی بێت، بەپێچەوانەوە بەڵکو هەمان ئەو خەون و خۆزگانەن کە پیاوان بۆ ژنان بەڕەوای دەبینن. لە کۆمەڵە شیعری نەسیمدا، ژن هەمان ئەو بوونەوەرە کۆمەڵایەتییەیە کە کۆمەڵگە دەیبینێت. هەمان ئەو کارەکتەرە لاواز و بێهێز و خەون و خولیایەیە، کە ئەگەر پیاوێک لە پشتی نەبێت یەک چرکەش ناتوانێت بژیت. بۆیە ئەرکی ژنانە کە ئەو دنیابینییە کاڵ بکەنەوە، وەلێ بە داخەوە دەبینین بەشێک لە ژنانی ئێمە نەک هەر ئەو دنیابینییە قووڵتر دەکەنەوە، بەڵکو نایشارنەوە کە ئەگەر پیاوێک نەبێت، ئەوا ئەوان بێهێز و دەسەڵاتن. ئەمەش دروست ئەو خۆزگەیە کە پیاوان دەیخوازن. لەکۆمەڵە شیعری نەسیمدا، ئێمە خەونی گەورەی ژنێک نابینین کە بەگژ ئەقڵی پیاوسالاریی و دینی کۆمەڵگەدا بێتەوە، بەڵکو خەونێکی بچووک دەبینین کە لە چوارچێوەی ماڵ و یار و ڕۆمانسیەتدا دەرناچێت. خەونێک کە تەنیا بوونی ژن لە هەندێک شتی بەرجەستەیی بێ بەها دەبینێتەوە. خوێنەر لەو کۆمەڵە شیعرەدا، زۆر بەدەگمەن دنیابینی ژنێک وەک شاعیرێک دەبینێت کە هێندە گەورە و مەزن بێت، ئەو سنوورانە تێبپەڕێنێت کە بۆی کێشراون. بەڵکو ئەویش هاوشێوەی هەزاران ژنی دیکە جگە لە چەند خەونێکی بچووک هیچی تری نییە. ئەوەتانێ لە شیعرێکدا دەڵێت:

دنیای ئەم ڕۆژانەی من و تۆ..

بەقەد گوارەکانمە..

من داهاتووی ماڵەکەم بە مۆمێک ڕووناک دەکەم..

بێگومان یەکێک لەو ڕوانینانەی بەشێکی زۆری پیاوی کورد بۆ ژن هەیەتی، لەوەدا خۆی دەبینێتەوە کە دەبێ ژن ماڵێکی هەبێت. کە ماڵیشی هەبوو، ئەوا هاوسەر و منداڵیشی دەبێت. بەدەربڕینێکی تر لە پاشخانی فەرهەنگی و کولتووری کۆمەڵگەی کوردیدا، شوێنی ڕاستەقینەی ژن چوار دیواری ماڵە. لەوێدا هەموو ئازادی و سەربەستییەکان زنجیر دەکرێن. ماڵ ئەو شوێنەیە کە گوزارشت لە بوون و پێگەی ژن دەکات. چونکە لە ڕوانگەی زۆربەی پیاوەکاندا، ژن وەک ئامێرێکە هەم بۆ تێرکردنی ڕەمەکەکانی، هەمیش بۆ خستنەوەی منداڵ. زۆرجار دەگوترێت(ژنێک بێنە و ماڵێک دابنێ). واتە ئەرکی ڕاستەقینەی ژن تەنیا ماڵدارییە. هەڵبەتە ژنان کاتێک دەتوانن ئەو دیدگایە نەهێڵن، کە یاخی ببن، کە بوون و شوناسی خۆیان سەلماند. کە خەونی گەورەیان هەبوو لە ژیاندا، کەچی بەداخەوە ئەو خاتوونە هەموو دنیا بچووک دەکاتەوە لە گوارەکانی وەک ئێکسسواراتێکی جوانکاریی بێ بەها کە بوون و نەبوونی وەک یەکە. ئەو لەبری ئەوەی ئەو دنیایەی تیایدا دەژیت بۆ خۆی و هاوڕەگەزەکانی گەورەتر و فراوانتر بکات، بەپێچەوانەوە بچووکی دەکاتەوە هێندەی قەبارەی گوارەیەک کە نابینرێت! لێرەوەش ئەو پەیامەمان بۆ دەردەکەوێت کە دنیا لای ئەو، بچووک و بێ بەهایە. لەلایەکی دیکەوە ئەو خاتوونە شاعیرە خواستی خۆی بۆ ماڵێک نەشاردۆتەوە، کە پیاوان وایدەبینن کە ژنان تەنیا خشڵ و ماڵ و مۆبیلیات و کەوانتەر و دوامۆدێلی چێشتخانەیەکی جوانییان هەبێت بەسە. بێ ئاگا لەوەی ماڵ لە کۆمەڵگەی کوردیدا هێمای بەستنەوە و نەبوونی ئازادی و سەربەستییە بۆ ژن. ئاخۆ ئەو خاتوونە سەردانی شەڵتەرەکانی کردووە کە چۆن سەدان ژن لە ترسی زەبروزەنگی ڕەگەزی نێر لە ماڵ، چوار دیواری ماڵەکانیان جێهێشتووە؟ڕووناککردنەوەی ماڵ بەوەدا ناکرێت مۆمێک دابگیرسێنین، بەڵکو بەوە دەکرێت ڕۆشنایی بخەینە نێو ئەقڵی داخراو و دۆگمای زۆربەی هەرە زۆری پیاوەکان، کە لایان وایە ژن هەموو خولیای لە ژیان، بوونی ماڵ و مێردە. بێگومان لە کۆمەڵگە ڕۆژهەڵاتییەکاندا و کوردیش وەک یەکێک لەو کۆمەڵگەیانە، هەمیشە ژن بە پاشکۆی پیاو دەبینرێت، هەمیشە وەها وێنا دەکرێت کە ئەگەر ژنێک پیاوێکی نەبوو، ئیدی ئەو هیچ نییە. ئەم ڕوانینە بەشێکە لە پاشخانی میللی و کولتووری کۆمەڵگەی ئێمە، ڕەنگە تا ئێرە ئاسایی بێت(گەرچی ئاساییش نییە)، بەڵام ناکرێت ژنێک لە شیعردا هەمان ئایدیا بەرهەم بێنێتەوە، ناکرێ شیعر بکەینە سەکۆیەک کە ئەوەندی تر پیاوان پیاوبوونی خۆیانی تێدا ببیننەوە، بەڵکو دەبێ لە دژ ئەو ڕوانینە بوەستینەوە. دەبێ ژن لە شیعردا هەڵگری ئەو گوتارە بێت کە ئەویش وەک پیاو مرۆڤە و یەکسانن لە ئەرک و مافدا و هەموو جیاکارییەکان کۆمەڵگە پێی بەخشیون. کەچی ئەم خاتوونە لە شیعردا ئەوەندەی تر پاشکۆبوونی خۆی بۆ پیاو دەردەخات و هەموو بڕوا و خەونەکانی بە گەورەیی پیاوێک هەڵدەواسێت. بۆیە لە شیعرێکدا دەڵێت:

ئەی یاری ڕۆح و دەروونی من..

لەپەرستگەی دین و ئیمانی من.

هەم ڕابەر و هەم ڕێگری من..

بێ من مەڕۆ..

لەڕاستیدا، یەکێک لە دیارترین ئەو سیمایانەی لە بەشێکی زۆری دەقی بە ناو شیعری ئێستا دەبینرێت، ئەو کروزانەوە و نوزانەوەیە، کە هیچ شوناسێک بۆ مرۆڤ ناهێڵێتەوە. ئەو جۆرە دەقانە لە بری ئەوەی وەک شیعرەکانی لۆڕکا فرانکۆ بتۆقێنن و وەک شیعرەکانی شێرکۆ بێکەس رەفیق سابیر، بەعس بخەنە لەرزین، بەداخەوە دێن دەکروزێنەوە، بەڵکو یار بەزەییەکی پێیان دابێتەوە و سەیرێکییان بکات! من ئەو سیمایەم لە بەشێکی زۆری شیعری ئێستا بینیوە و لەوبارەوە ڕەخنەشم کردوون. چونکە بڕوام وایە، شیعر دەبێ مرۆڤی یاخی، ئازادیخواز، سەربەست و بەهێز بونیاد بنێت، نەک کەسێکی لاواز و بێ دەسەڵات کە هەموو باوەڕی وابێت ئەگەر پیاوەکەی لەدەستدا، ئیدی ماڵوێران دەبێت. هیچ مرۆڤێک نابێت لە ژیانیدا هێندە بێ بایەخ بڕوانێتە بوونی خۆی، کە کەسێکی دیکە بە ڕابەر و پەرستگە و موقەدەسی خۆی بزانێت، چونکە مەسیح گوتەنی: (چی بەکەڵکی مرۆڤ دێت ئەگەر هەموو دنیا بەرێتەوە و خۆی بدۆڕێنێت!). ژنان دەبێ لە شیعردا، ئەو پەیامە بگەیەنن کە ئەوانیش هاوشێوەی پیاوانن و دەتوانن هەموو گۆڕانکاریی و کارێک بکەن، نەک پاشکۆی پیاوان بن. بۆ من وەک خوێنەرێک ڕەوا نییە خاتوونێک هێندە بەلاوازی لە شیعردا خۆی پیشان بدات، کە مانایەک بۆ بوون و شوناسی خۆی نەهێڵێتەوە. ئەی ئەویش مرۆڤ نییە؟ خەون و خۆزگەی نییە؟ بۆ دەبێ وای پیشان بدات کە ئەگەر پیاوێک نەبێت، ئەو ناتوانێت بژیت؟ بەداخەوە ئەمە خزمەتکردنە بەو خواست و خەونانەی پیاوان هەیانە و تا ئەندازەیەکی زۆریش بۆیان چۆتە سەر. لە شیعرێکی دیکەدا ئەو خاتوونە دەڵێت:

کە هاتی سەرپۆشەکەم بێنە..

بۆ نوێژی یەکبوونم..

شەونمێک بێنە بۆ هەستی ژن بوونم..

یەکێک لەو شیعرانەی لە ئەزموونی شیعری کوردی بەگشتی و لە مێژووی شیعری کوردیدا بۆ من جێگەی تێڕامانە و بەردەوام دەچمەوە سەری، ئەو شیعرانەی فایەق بێکەسن کە باس لە یەکسانی نێر و مێ، فڕێدانی پەچەی شەرم، ڕەخنەکردنی ئاین دەکات. بێکەس حەفتا ساڵ لەمەوبەر ئەوە تێگەیشتنی بووە، کەچی ئێستا بەشێک لەوانەی گوایە شیعر دەنووسن نەک هەر ناتوانن وەک بێکەس بیر بکەنەوە، بەڵکو بەهەمان شێوەی خەڵکە هەمووەکییەکە ژیان دەبینن. ئەو خاتوونە بە ئاشکرا لەو شیعرەیدا بانگەشە بۆ شاردنەوەی قژ و لەچک و پەچە دەکات. ئەو دەزانێت لە ئیسلامدا (هەرچەندە خۆی ئاینێکی جیاوازی یەکجار مرۆڤدۆست و جوانی هەیە)، سەرپۆش لەسەرکردن، یەکێکە لە بنچینەکانی ئاین، دەبێ ژنان خۆیان بپۆشن و سەر و دەم و چاویان دیار نەبێت. ئەمە بەشێکە لە سوننەتی ژنان و کۆمەڵگەش لەڕێی پاشخانی ئاینییەوە سەپاندوویەتی بە سەر ژنان، ئەو خاتوونە لەبری ئەوەی بانگەشەی ئازادبوونی مرۆڤ لە هەموو جۆرە کۆت و بەندێکی ئاینی و کۆمەڵایەتی بکات، بەداخەوە هەستی ژنبوونی خۆی لە سەرپۆشدا دەبینێتەوە. هەڵبەتە مرۆڤەکان ئازادن لە هەڵبژاردنی ئاین و بەشێکە لەبیروباوەڕی خۆیان و مافێکی ئەوانیشە، بەڵام نابێ لە شیعردا بانگەشەی چەسپاندنی هیچ بنەمایەکی دینی بکەین و دەبێ ئەو سەربەستییە دواجار بۆ خودی مرۆڤەکان خۆیان جێبێڵین. وەک چۆن کەسانێک هەن باوەڕیان پێیەتی، کەسانێکیش هەن لەگەڵیدا نین، ئەرکی شاعیر لێرەدا ئەوە نییە لەڕێگەی شیعرەکانییەوە ژنان فێری پۆشینی پەچە و بنەما ئاینییەکان بکات، بەڵکو دەبێ لەڕێی شیعرەکانییەوە، هۆشیاریان بکاتەوە بۆ ئەوەی درک بەمافەکانیان بکەن. دەبێ ئەو هەستەیان لادروست بکات، کە شانازی بە ژنبوونی خۆیانەوە بکەن و ژنێتی وەک سەرچاوەی ئاشووب نەبینن. نابێ ژنێک خەونی هێندە بچووک بێت کە ژنێتی خۆی لەسەرپۆشدا ببینێتەوە. ئەوە بانگەشەکردنێکی ئاشکرای دینییە، چونکە ئەو لە شیعرێکی دیکەشیدا ئەو دیدگایەی خۆی بەیان دەکات و دەڵێت:

کاتێ چرای پیاوچاکان کوژاوە..

مانگەشەو نەما و مرد..

بۆنی مرۆڤایەتیش سەفەری کرد..

دیارە هەموومان دەزانین مەفهومی پیاوچاکان لە کۆمەڵگەی کوردی ئێمەدا چ دەلالەتێکی هەیە. ئەو چەمکە فۆڕمێکی ئاینی هەیە و بە سەدان و بە هەزاران ژنیش باوەڕیان پێیەتی. کە لایان وایە پیاوچاکان مراز و خەونەکانیان دێنێتە دی. ئەوەش هەمان بیرکردنەوەی ئەو ژنە سادە و ساکار و دواکەوتوو و بێ خەونانەن، کە تەنیا خۆیان وەک ژن دەبینن و لایان وایە شوناس و بوونی ئەوان لەدەست کەسانی ترە. لە کۆتاییدا دەمەوێ ئاماژە بەوە بدەم کە لەم کۆمەڵە شیعرەدا، دەیان و سەدان هەڵەی زمان و ڕێنووس، دەربڕین و مانا هەن، وەلێ چونکە پێویستی بەکات و خوێندنەوەی زیاترە، ناپڕژێینە سەری. دواپەیامیشم بۆ ژنانی خۆشەویستی کورد ئەوەیە، خەونی گەورەیان هەبێت، بەناو شیعری شاعیرانێک نەخوێننەوە کە لە جیاتی ئەوەی هەستی ژنبوونیان لەلا جوانتر و پیرۆزتر بکات، ئەوەندەی تر بچووکیان دەکاتەوە و خەونەکانیان نەزۆک دەکات!!

 

*پەراوێز؛ نەسیم، کۆمەڵە شیعر، نووسینی ناز فەلەکەددین، ساڵی چاپ 2018، هەولێر.