ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

هونەرمەندی شێوەكار عەلی رەزا گەرمیانی، لە دایك بووی 1980، خاوەن بڕوانامەی پەیمانگای هونەرە جوانەكان‌و دوو بەكالوریوس لە بواری هونەری‌و ماستەر لە زانكۆی ناشناڵا كۆلێج ئۆف ئارت دیزاین‌و لە ئێستاكەشدا قوتابی دكتۆرایە.. دوای گەڕانەوەی لە دەرەوەی وڵات‌و كردنەوەی پێشانگایەكی تایبەت لە هۆڵی پەرلەمان بەناونیشانی (یادەوەریەكانی لم (ئەنفال) جێگەی سەرنج و دەسخۆشی بینەران بوو، ئەو هاتبوو بە كەرەستەكانی ئەنفال لەنێو تابلۆكانیدا ئەنفالی زیندوو كردبۆوە، جیاوازیەك لە نێو كارەكانیدا هەبوو كە نەدەكرا هەروا بەئاسانی بەجێی بهێڵین بۆیە لەو دیدارە كورتە ئەوەی لە تابلۆكانیدا نەبوو لێمان وەرگرت. 

-بۆچی دوای یەكەم گەڕانەوە‌و كارت، بیرت لە ئەنفال كردەوە؟

+زەمەنی ئەنفال پەیوەندی بە یادەوەری منداڵیم هەیە، كە خانەوادەكەم قوربانیانی دەستی ئەنفالن، وە كاتێك پڕۆسەكە روویدا من تەمەنم 7 ساڵا بوو بەشێك لە پرۆسەكەم لە یادە جگە لەوە دایكم بەردەوام بۆ خوشك‌و براكانمی باسكردووە، هەروەها خزمەكانم باسیان كردووە‌و ئەم كارەساتەیان چەند جارێك بۆ گێڕاومەتەوە، ئەم پرۆسەیە كاریگەری دەروونی قووڵی لەسەر دایكم‌و ماڵەوەمان هەبووە وە منیش وەكو كوڕی ئەو ماڵە بەشێك لە یادەوەری ئەوان كاردانەوەی لەسەر بیركردنەوەی منیش هەبووە بەدەر لەوە كاریگەرییەكی دەروونی گەورەی لەسەر كۆمەڵگای كوردی هەبووە. هەڵبەتە كاریگەری ئەنفال كاریگەرییەكی زۆر قووڵتری لەرووی دەروونییەوە بینی، پێی دەوترێت زەبری دەروونی، تێكشكانی دەروون، كە كاریگەریەكانی لە دوای ئەنفال‌و دوای راپەڕین دەركەوت. بۆیە من كارم لەسەر یادەوەرییەكانی خۆم كرد وە كارم لەسەر ئەو ژینگەیە كردووە كە بابەتەكەی تێداروویداوە، ئەویش ئەنفالە، هەوڵمداوە وەكو یادەوەری ئەنفال بەناو فۆرمێكی هونەری بەرجەستە بكەم‌و وابەستەی كەم بە شوێن، بۆیە شوێن یادەوەری كۆی لە دەستدانی كەسەكە‌و ژینگە ئەمانە بەردەوام لەناو كاراكتەر‌و بیركردنەوە‌و یادەوەری مندا هەبوونە، وە پێش ئەوەی بڕۆمە دەرەوەی وڵات بەردەوام كارم لەسەر ئەو پرۆسانە كردووە جلم بەكارهێناوە، خۆڵم بەكارهێناوە بەتایبەت ئەو شتانەی كە ئەنفالی پێ‌ دەناسرێتەوە، واتە ئیشكردن لەسەر كۆی ئەو مەتریاڵیستانەی كە كۆی پرۆسەكەی پێ‌ ئەنجامدراوە یان پڕۆسەكەی پێ‌ دەناسرێتەوە، لم‌و جل‌و بەرگ‌و كەرەستە‌و شتەكانی تر، هەڵبەتە پرۆسەی ئەنفال كوشتنی مرۆڤەكان نەبوو بەتەنها، كوشتنی فكر‌و كلتور‌و ژینگە، خاك، ئاژەڵا‌و راماڵیان بوو لەپێناو سڕینەوەی شوناسی گروپێك نەتەوەیەك كە پێی دەوترێت كورد. وە من لە ساڵی 2004 ەوە كار لەسەر ئەنفال دەكەم لە ئێستاكەشدا وەك بابەت دەیخوێنم كە قوتابیی دكتۆرام لە قۆناغی دوو، تێزی دكتۆراكەم لەسەر یادەوەری شوێن لەناو هونەر‌و پەیوەندی بە ئەنفالەوەیە، وە هونەر چ رۆڵێك دەبینی لە گێڕانەوە‌و بەرجەستەكردنی رووداوەكە بۆیە من زیاتر لە 15 ساڵا دەچێت كار لەسەر ئەو پرۆسەیە دەكەم.

-زۆر قوتابخانەی هونەری هەن، ئەو شێوازەی تۆ بەكارت هێنا دەچێتە كامە قوتابخانە؟

+ئەم جۆرە ئیشكردنە سەر بە قوتابخانەی ئەبستراكنیشیزمە، ئەبستراكی دەربڕینخوازی‌و هونەری چەمگەرایی، كاریگەری ئەو دوو جولە هونەرییەی لەسەرە، بەڵام بۆ خۆی خودی ئیشەكە بەشێكی تایبەتە بۆ (نیو ئێكسپیرینیشیزم) نیو دەربڕینخوازی بابەتێكی ستانداری هونەری جیهانییە، ئەو ئیشكردنە سەر بەو قوتابخانەیە، واتە كۆی ئیشەكە كاریگەری هونەری چەمكگەرایی‌و هونەری ئەبستراكی دەربڕینخوازی لەسەرە بەپێی ئەو خوێندنەوە رەخنەییانەی كە مێژوونووسان‌و رەخنەگرانی هونەر لە ئێستایە قسەی لەسەر دەكرێت وە كۆی كارەكان لە (نیو ئێكسپیرینیشیزم) ئەناسرێتەوە، بەڵام من لێرەدا ئیشم لەسەر میكس میدیا‌و مۆڵتی میدیا كردووە لەناو كارەكاندا كاری ئیسنتەڵەیشنم بەكارهێناوە، كاری لاند كارتم بەكارهێناوە واتە پێشانگایەكەی من پێشانگایەكی هەمە ستایلە هەمەجۆرە، سوودم لە زۆر قوتابخانەی هونەری تر كردووە وەك ئەوەی كە لەسەرەوە باسم كرد، هەندێك هونەرمەندی جیهانی هەن كە كار لەسەر ئەم شێوازە دەكەن یەكێ‌ لەوانە هونەرمەندی بەناوبانگی ئەڵمانی (ئەنسڵم كلیفەر)ە ئیشی لەسەر مێژوو‌و یادەوەری نازییەكانی ئەڵمانیا دەكات دوای جەنگی جیهانی دووەم، ئیشی لەسەر جل‌و خاك‌و ئۆتۆمبێل‌و كۆی مەتریاڵانە دەكات كە دوای جەنگ كەوتوونەتە ناو دونیای هونەری ئێستاوە، وە هونەرمەندی تریش هەن وەكو كریشیان بۆنتالیسكی ئەویش ئیشی لەسەر پەڕۆ بەكارهێنانی فۆتۆی قوربانییەكانی هۆڵەكۆست كە خۆی جولەكەیە‌و قوربانی ئەم كارەساتەیە.

-بەردەوام بوون لەسەر یەك ستایل باشترە یاخود چەند ستایلێكی دی؟

+بە دڵنیاییەوە هونەرمەند دەبێت شوێن پەنجەمۆری خۆی ئیمزای خۆی هەبێت، واتە كاتێك ئێمە دەڵێین بیكاسۆ كارەكانی بیكاسۆ لەهەر شوێنێكی دنیابێت دەیناسینەوە، یان دەڵێین ڤانكوخ، كۆی ئەو هونەرمەندانەی كە لە دنیا هەن پەیوەندییان هەیە بە هونەری هاوچەرخ‌و مۆدێرن‌و پۆست مۆدێرن، ئەو هونەرمەندانە بۆ خۆیان خاوەنی ستایلی خۆیانن بۆیە زۆر گرنگە ستایلی خۆت هەبێت لەسەر ستایلی خۆت كاربكەی كە تۆی پێ‌ دەناسرێتەوە، بۆیە ئەگەر هات‌و هەر جارێك بە ستایلێك كاربكەی كارەكە ئەو هێزەی نابێت‌و زوو ون دەبێت، بەڵام پێویستە بە جۆراوجۆری كاربكەی واتە ناكرێت تۆ لەسەر یەك هێلكاری كاربكەی، دێین لەناو هێلكارییەكان، هێلكاری تر دەكەین، بەڵام بە شوناسی خۆت‌و هێلی خۆت، مانەوە لەسەر یەك شێواز تووشی بێزاریت دەكات، بەڵام مانەوە لەسەر ستایلی خۆت ئەوە بۆ خۆی دەتوانێ‌ كە هونەرمەند كەوتە ناو خانەی داهێنانەوە ئیتر ئەوكات خۆی دەدۆزێتەوە‌و راستەوخۆ دەبێتە خاوەنی خۆی.