ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

 

کەڕۆژ لەسوێ هاتە دەرێ؛

پرشنگم خستە شیعرەوە

نەبوەتە پەرچەمی خاووت

چوومە سەر دەریای

ڕەش و سپی

شەپۆلێک دەستە مۆبکەم

بۆ ئەگریجەی تێکهاڵاووت..

✩✩✩✩✩

شۆڕبیەکی شلک و تەڕو

خەیاڵاوی کەنارچەمێک

کەشەماڵ دەیلاواندەوە

لەسەرو قژی تۆم چواند،

هێشتا خۆت پێ جوانترە

تا ماوەیەک نیگەرانیش

نەدەهاتی

لەبەر ئاوێنەی دڵمدا

تەماشای ڕوخسارت بکەی...

ڕۆژێک ویستم بەڕۆشتنت بڵێم؛

کۆتری

زاتم نەکرد چونکە هێشتا

کەلەنجە دەکەی لەڕێگا

پڕ شۆختری!

✩✩✩✩✩

جارێک بەمانگم گوت وەکو؛

چاوی خۆشەویستە کەمی

دیسان گلەییت لێڕژا

مانگ خۆی لاگیری چاوت بوو،

بۆ ئەوەندە کەم تەرخەمی

موژگانت بەتریفە دوان

وەکو نزا

وەک لێ بوردن

دەستەکانم پاڕانەوە

کەمن لەوەسفی شێوەتا

هێشتا شاعێرێکی کاڵم

لەئاسمان و زەوی خوادا

سنوردار بوە خەیاڵم!

✩✩✩✩✩

مێرگو نواڵی

کوێستانەکانی وڵاتم

کانیاوەکان جۆگەو جۆبار

تولەڕێکان کەدەچنەوە بۆ

هۆبەو هەواری جاران

هەمووم لەتۆ ، تۆم لەهەمواندا

خوێندەوە

باخچەکان بەڕەنگی جیا

بەتامی جیا

بەدەنگی جیاوازترهاتن

لەبەر پەنجەرەی وەسفی تۆ

ڕاوەستاون

وشەکانم چ نوسراو چ نەنوسراو

جوڵەیان تێکەوتوە نازانم

ڕەنگە بڕۆن سەرهەڵگرن

پەڕاگەندەی دال و مەدلولی

مەعنابن...

باڵندەیەک نەما ئاخر

فڕینی لەتۆدا نەبینم

گوڵێک نەما

لەهەرچوار وەرزی ساڵمدا

لەتۆدا بۆنی نەکەم

هێشتا پێتوایە

دەبێ لوتکە لەتەمدا ونبووەکان

دان بە نزمی خۆدا بنێن

هێشتا پێتوایە دەبێ من

بەچاوی خۆم تەماشابکەم

ببینم

کەچنارەکانی دەم ڕوبار

هاژەی ئاو لەخۆیان ئەدەن

سنەوبەرەکان بۆ یەکتر دەنوشتێنەوە

کالیپتۆزەکان سێبەریان داوەتە باڵات

دەڵێی پێویستم پێ نیە..

خۆمن ئەستێرەیەک نەما

لەتەماشامدا نەتۆرێ

تەنیایی بەچەندین زمان و

شێوەزار قسەی لەگەڵدا کردم

کەچیتر

خۆم لەقەرەی

سروشتی جاویدانی تۆ

نەدەم

کەشکەلانی عیشقت

بەرهەڵستمە

هێشتامن پێموایە

ڕوانینیتر هەیە

ڕێگەیتر هەیە....

بۆ گەیشتن بەیار

بۆبیستنی

نەقشەکانی پەروەردیگار

✩✩✩✩✩

کەدەتبینم

گۆزەت پڕکردووە لەناز

نمنم بارانی ئێوارەی

دوای داگیرسانی باوەڕم

لەبەر قاپی چاوەڕوانی دەنوسمەوە

هەورەکان دەنیشن

نەسیم

وەک لۆکەی نەرم

پەڕەیان دەکات و بڵاو دەبنەوە

من ڕێژنەیەک تۆمار دەکەم

خۆم لەپەڵەی

حوکمڕانی

چاوەکانت ڕزگار دەکەم!