ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

نەزار قەبانی

و/ عەبدولكەریم شوانی

 

 سەرپشكت ئەكەم

 كامیانت ئەوێ

مردن لەلەباوەشی منا

یان بەسەر دەفتەری شیعرەكانما

خۆشەویستی یان دژەكەی،

خۆشەویستی یان دژەخۆشەویستی

هەڵی بژێرە:

ترسنۆكییە هەڵی نەبژێری

ناوچەیەكی ناوەند نییە

لەنێوان بەهەشتء دۆزەخدا

چیت هەیە بەتەواوەتی پێم بڵێ

من رازیم بەهەرچی بڕیارێك كەئەیدەی

بڵێ .. تووڕەبە، هەڵچۆ

وەك سنگ رامەوەستە

ناكرێ هەمیشە من

وەك پوشكەیەكی بەر باران بم

چارەنوسێك لەنێوان دوانا دیاری بكە

چارە نوسەكانم چەند گرانن

تۆ ماندویت . ئەترسێت

من پشوم زۆر درێژە.

نوقمی دەریابە یان دوركەوە

دەریای بێ گێژەلوكە نییە

خۆشەویستی روبەروبونەوەیەكی گەوریە

مەلەوانیی دژە شەپۆلە

قورس و ئازار بەخش و فرمێسكە

سەفەری نێوان مانگەكانە

ژنەكە،

ترسنۆكییەكەت ئەم كوژێ

لەپشت پەردەوە رائەبوێری

من بڕوام بەخۆشەویستییەك نییە

سەركێشی شۆڕشگێڕی تیا نەبێ و

هەمو سنورەكان نەبەزێنێ و

وەك تۆفان نەبێ

ئای .. ئەگەر

خۆشەویستییەكەت قوتم بدات

وەك تۆفان لەبنا هەڵم كێشێ

من سەرپشكت ئەكەم

 كامیانت ئەوێ

مردن لەلەباەشی منا

یان بەسەر دەفتەری شیعرەكانما