ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

و/ عەبدولكەریم شوانی

ماڵەكەمان زۆر زەرد هەڵگەڕا بو

ئێوارەی تیا ئەمرد

بەنركەی شەمەندەفەرە دورەكان ئەنوست

لەناوەراستەكەیدا

دار هەنارە روتە تاریكەكان نركەیان ئەهات

بەیەكا ئەشكان و لە بەهارا گوڵیان نەئەگرت

تەنانەت چۆلەكە بەسۆزەكانیش 

بە پەنجەرەكانمانەوە نەیان ئەجریواند 

هەڵبەزو دابەزیان نەئەكرد لەحەوشەكەدا

شەوم خۆشم ئەویستیت

لە خواو شەقامە درێژەكان زیاتر

خۆزگە لێوەكانتم لەشەرابا نوقم ئەكرد و

وەك سێوە سورەی سەر مێز ئەم خواردی

*** 

بەڵام ناتوانم بەئازادی هەناسە بدەم

بەسەر تاریكی و ئاوریشمدا بتفڕێنم

خۆشەویستەكەم ئەوان رقیان لێم ئەبێتەوە

وەك نینۆك دزە ئەكەنە ناو دڵمەوە

كاتێك ئەمەوی لەگەڵ چامەكانما لە مەیخانەیەكدا شەونخون بین

ئەیانەوێت

وشەیەك هەڵكێشم لەروی شەو و تەوێڵ رەشەكان و

پیتەكانم بەئەسپێ‌ و گەرد و برینداران 

قامچی ژەنكەم

ناتوانم خۆشەویستەكەم

دڵم بە چاو رەشان و 

شەو نخونی تا درەنگانێك لەرۆخی دریا 

ترپەی دێت

ئەیانەوێت ئیمبراتۆرەیەتێكیان بۆبنیات بنێم 

كۆخەو سێدارەی لێ‌ بتكێ‌

من باڵندەیەكی لادێیم و

وشە لای من قازێكی سپییە و

گۆرانیش رەزی فستقی سەوز.