ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

 ڕۆمان

 بەشى یانزەیەم

پوورخورشید

نووسینى: شیخ سدیق

بە سوارى پشتم هەموو عاریفەکانم بردووە بۆ ئاسمان تەنیا زەمیلەیەکى خاڵیان بە دەستەوە بووە، خودامان نەدەبینى! ئەستێرە و مانگیان دەبڕى، بەوێنەى با بە ناو هەورەکاندا دەڕۆیشتن، ئاسمان پڕ بوو لە باڵدارى گەورەى زەبەلاح، سامناک و ترسناک، دەنووکیان لە مشارى داربڕین دەچوو، باڵەکانیان لە شمشێر تیژتر! دەنگیان ناخۆش و ترسناک، گڤەى تیژڕەوى ڕۆیشتنى بۆراق، هەورى ڕەشى ترسناکى باراناوى ترسیان لە دڵی مازواندا دەچاند...

ئاسمانى (ڕەونەقەکان) پڕاوپڕ بوون لە باڵدارى سەیر و سەمەرەى ترسناکى ناشیرین، پڕبوو لە دارى گەورە و بە تەمەن، نەگەڵایان هەبوو نە بەریان دەگرت، سەوز سەوز ئاونگێکى تەڕ و پاراویان دەڕشت...

باڵدارەکان قاپولکەیان لەبەر قولکەکانیان ڕادەگرت دەیانگوت: بۆ نەخۆشى کۆکەڕەشە و بادارى باشە، باڵدارەکان خۆیان چەور دەکرد و دەیانگوت: لەسەرماى زستان دەمانپارێزێت. 

×            ×                 ×

بۆراق گەیشتە دوایین شوینى ئاسمان، مازوانى ڕۆستەمى فڵچە و تابلۆکانى لە پاڵ دارێکى سەوز دانا، دەستى کرد بە وێنەکێشانى باڵدارە زەبەلاحەکان و دارە بێ گەڵاکان... لەگەڵ وێنەکێشاندا (فەرشیباى) چووە تەنیشتییەوە، لە ئاسمانى پڕ لەڕەنگاوڕەنگى دەڕوانى، سەیرى باڵدارەکانى دەکرد، لەهەورەکان ڕادەما، لە سیماى چاویدا پرسیارێک دەهات و دەچوو، ترسێک ئارامى لێ بڕیبوو. هەرچۆنێک بوو بە مازوانى ڕۆستەمى گوت: دەزانى چەند شەوێکى تر منداڵمان دەبێت؟!

مازوانى ڕۆستەمى دەستەکانى لە وێنەکێشان ڕاوەستا و کەمێک ڕاما و بە هەناسەیەکى خۆشەویستى و دڵتەنگییەوە گوتى: تۆ دەزانى ئێمە لە کوێین ئێرە پڕە لە باڵدارى گەورە و ترسناک... هەستایە سەرپێ و بانگى بۆراقى کرد و گوتى: دەبێت هەر ئێستا بمانگەڕێنیتەوە بۆ سەر زەوى، چەند ڕۆژێکى تر فەرشیباى منداڵى دەبێت! بۆراق گوتى: گەڕانەوەمان لەم ماوە کورتەدا ئاسان نییە، هەورەکان توندن، ڕێگاکان پڕدەبێت لە هەواى سارد و بارینى بەفرى خێرا، بارانى بە خوڕ.... جارێ دەبێت چاوەڕوان بکەین...

×  ×  ×

شەو لە شەوى ئێرە نەدەچوو، شەوێکى تاریک تاریک نەئەستێرەکان دەبریسکانەوە، نەمانگ ڕۆشنایى دەبەخشییەوە، هەواى فێنکایەکى بۆندار دڵى دەکردەوە، نەگەرم نەسارد بۆنێکى خۆش هەرگیز بۆنى وا لەسەر زەوى بوونى نییە. مرۆڤ بەو بۆنانە دڵى پردەبوو لە هەناسەى ژیان و مەست بوون، با ڕەنگى شین بوو، تەپەى پێى باڵدارەکان لە ئاوازى پڕ لە جوانى سیمفۆنیایەک دەچوو، فڕین بە هەوادا گۆرانییەکى کۆنى (تاوتاوییەکانى) ئاسمان بوو، (فەرشیباى) هەستایە سەرپێ لە تەنیشتى دارەکەوە خۆى ڕووت ڕووتکردەوە، بایەکى بۆندار هەڵیکردبوو، نەسیمى با و لەشى ڕووتى (فەرشیباى) ئارەزووى مازوانى ڕۆستەمى جوڵاند، وازى لە تابلۆکان هێنا و خۆى ڕووت کردەوە، ماچێکى عاشقانەى کرد، هەرچەند لە ماچى ئێرە ناچوو، زۆر مەستاوى بوو، مەمکەکانى توند توند جەستە و گیانى نەرم نەرم، هیچ شتێک لێرە ناچوون... لە ئامێزى گرت و تێر یۆنى سەرتاپاى جەستەى کرد و تێک ئاڵان تاکو ماندوو بوون یەکتریان دەهێنا و دەبرد، لەباوەشى یەکدا خەویان لێکەوت، بەیانى لە دەنگى قیڕەقیڕى باڵدارە ناشیرینەکان خەبەریان بۆوە...

×   ×         ×

باڵدارە زەبەلاحەکان هەرگیز نەدەنووستن، نەیاندەزانى نووستن چییە، کوشتنییان نەبیستبوو، ڕاوچیان نەبیست بوو، هیچ شتێکیان لێرە ناچوو، حکوومەتیان نەبوو پەرلەمان و یاسایان نەبوو... دەوڵەتیان نەبوو، نەیاندەزانى خوا کێیە، کەس ناوى نەبیست بوو ...

فەرشیباى لەناکاو ژانى منداڵبوون گرتى. هاوارى دەکرد، باڵدارەکان لێیان کۆبوونەوە، هەردووکیان لەسەر باڵەکانیان دانان و بردیانن بۆ نەخۆشخانە، نە نەخۆشخانە نە دکتۆر لە ئێرە نەدەچوون. فەرشیبایان خستە قاڵبێکى شووشەى تەنکەوە، ئازارى نەما و کەوتە خەوێکى قوڵەوە، بەدەم خەوەوە زەردەخەنەى دەکرد، بەچەند ساتێکى کەم منداڵێکى جوان لە دایک بوو بەبى ئازار!

منداڵەکەیان خستە ناو قاڵبێکى سەهۆڵى سارد ساردەوە، لە منداڵى سەر زەوى نەدەکرد، لە قاڵبە سەهۆڵەکە دەریانهێنا، یارى دەکرد، پێدەکەنى، قسەى دەکرد... بە پێیەکانى خۆى دەڕۆیشت، بانگى دایک و باوکى دەکرد...

بۆراق هات و گوتى: خۆتان ئامادە بکەن لەم کاتەدا کەشوهەوا باشە. فەرشیباى و منداڵەکە چوونەوە ناو تابلۆکەوە، مازوانى ڕۆستەمى خۆى کۆکردەوە، سوپاسى نەخۆشخانە و باڵدارەکانى کرد و سوارى پشتى بۆراق بوو...

بە ناو هەور و ئەستێرەکاندا تیژتر لە با دەگەڕانەوە، باى توند بەفرى خێرا، قازوقوڵینگ، حاجى لەقلەق لە ڕێگەیاندا بوونە هاوەڵیان. بۆراق لە لوتکەى شاخە بەرزەکاندا دایانى بەزاند و داى لەشەقەى باڵ و بەرەو هەورەکان ڕۆیشت...

×           ×              ×                   ×

مازوانى ڕۆستەمى دەستى کردەوە بە ڕۆیشتن، ئەمجارەیان لە لوتکەى شاخ و دەشتاییەکاندا دەگەڕا و جارجار هەڵوێستەى دەکرد بۆ دوورترین شوێن دەیڕوانى و دواتر دەکەوتە ڕێ و هەنگاوەکانى خێرا هەڵدەگرت...

 دابەزین لە لوتکەى شاخەوە بۆ دەشتەکان، توانا و ڕۆیشتنەکان لە دەستى مرۆڤدا نامێنێ. بە لاپاڵ و نشێوەکاندا گەیشتە گوندە ڕووخاوەکان، دەستى کردەوە بە وێنەکێشان، ئەمجارەیان بەجیاوازتر دەستى کردەوە بە کارکردن. لەسەر گاشە بەردەکان و تاوێرەکان وێنەى دەکێشا، دۆڵ و شاخ و دەشتاییەکان پڕبوون لە تابلۆ.