ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

 لە سەر هەر کەلاوەیەک ماڵێکى نوێ، لەسەر هەر دەرگایەک تابلۆیەکى هەڵواسراو، لەبەردەم هەر ماڵێکدا گوڵێک، لەمێژووى هەموو تاوانێکدا، کوشتنێک، لەسەر هەر کانیاوێک بریسکەى وردەچەو و گۆزەیەکى شکاو. لەهەر باخێکى سووتاو بەرچنەیەک ترێ، بەپەلى هەر دارێکەوە بۆڵەمیوەکى بەهارانە، گوند و دەشتاییەکان  پڕبوون لەڕەنگ و بۆیە جارێکى تر ژیانى دەژیانەوە بە ڕەنگ و بۆیە و فڵچەکانى.

×           ×             ×

بە بەردەبازى چەمەکاندا، بە ڕووبارى بەهاردا، ڕێگە دوورەکانى دەبڕى، جریوەى بولبول، دەنگى بۆقەکان، بۆنى نێرگز، تەڕى بەهار نەدەبڕایەوە. بە شەکەت و ماندوویەتییەکى زۆرەوە گەیشتە زەریاى پڕ شەپۆڵی شینى سامناک، لە شەپۆڵە تەڕەکاندا، لە ئاوى دەڕوانى سەرسام بەجوانییەکانى ئاو هێمنى و هەندێک جار توڕەیی شەپۆڵ بەدەنگى بەرز ئەو گۆرانییەى دەگوتەوە کە دەڵێ: (دەریا بى بێبێل نابێت، زەریا بێ شەپۆڵ نابێت)، لەگەڵ گۆرانییەکەدا نەهەنگەکان لە شەپۆڵى  پڕ لەهاژەدا سەمایان دەکرد.

 پەرى دەریا لەژێر تیشکى مانگدا نەخشى بەئاوى زیوین دەبەخشى، ڕەنگى بەر مانگەشەو دەبوونە ئاوازێکى دڵڕفێن.

لەناو خەیاڵى ڕەنگ و شەپۆڵى ئاودا بوو، لەناکاو بەلەمەوانێک لە لێوارى ئاوەکەدا، وەستا و گوتى: ئەى ڕێبوار بۆ کوێ دەچیت؟ مازوانى ڕۆستەمى گوتى: لە زەریا دەپەڕمەوە بۆ چیاى (مارزانى سپى).

بەلەمەوانەکە گوتى: دوورە و زۆرمان پێ دەچێت!

مازوانى ڕۆستەمى گوتى: چەند کاتمان پێویستە؟

بەلەمەوانەکە گوتى: مانگێکى تەواومان دەوێت، ئێستا شەپۆڵەکان لەهەڵچووندان و ڕێگاکە سەختە.

ڕێککەوتن پێکەوە بچنە نێو شەپۆڵى شێتى دەریا، بەلەمەوانەکە بەلەمەکەى هێنایە لێوارى زەریاکە، مازوانى ڕۆستەمى بەتوندى خۆی فڕێدایە ناو بەلەمەکەوە. بەلەمەوانەکە بە سەوڵەکان دڕى بە ئاوەکە دا، بەرەو قوڵایى زەریاکە ڕۆیشتن.

بەلەمەوانەکە گوتى: ڕەنگ و ڕووخسارت ماندوو دیارە، پێدەچێت لە ڕێگەیەکى دوورەوە هاتبیت، چاوەکانت پڕن لە ڕازى ژیان؟!

مازوانى ڕۆستەمى وەڵامی بەلەمەوانەکەى نەدایەوە، لە شەپۆڵى زەریاکەى دەڕوانى، لە دڵى خۆیدا گوتى: کاتێک مرۆڤ دەچێتە ناوەڕاستى زەریاکان ئەوسا تێ دەگات شەپۆڵى ئاو هەموو یادەوەرییە ناخۆشەکان لە بیرى مرۆڤ دا دەسڕێتەوە. باڵدارە ماسیگرەکان لە بەرزایى ئاسمانەوە بەرەو ناوەڕاستى زەریاکە وەکو با دەهاتن و پەلامارى ماسییەکانیان دەدا، بەدەنووکەکانیان ماسییەکانیان دەگرت و بەرەو ئاسمان هەڵدەکشانەوە. جارجار شەپۆڵى ئاوەکان ماسییەکانیان لە باڵدارەکان ون دەکرد. دەچوونەوە ناو هەورەکان و بە تیژترین تیژى بەرەو ناوەڕاستى زەریا دەهاتن و پەلامارى ماسییەکى دییان دەدا.

نەهەنگە گەورەکان لە قوڵایى زەریاکەوە، خۆیان دەهاویشتە دەرەوەى شەپۆڵى زەریاکان دڕیان بە شەپۆڵەکان دەدا و لەنگەرى بەلەمەکەیان دەگۆڕى.

 قازو قوڵنگەکان ماڵئاواییان لە زەریاکە دەکرد و دەهاتنە کەنارەکانى ئاوەکان و لە ئاسمان و شەپۆڵى ئاویان دەڕوانى.

مازوانى ڕۆستەمى بە سەر پشتى بەلەمەکەوە دەستى کرد بە وێنەکێشان، شەپۆڵى ئاو و زەریاى شین و ماسى و باڵدارەکان، ئاوازى قوڵنگەکان دەبوونە تابلۆى سەردەمیکێ نوێ لەژیانى کۆچى باڵدارەکان.

فەرشیباى لە لێوارى بەلەمەکەوە دانیشت و دەستى کرد بەژەنینى دەف. بەلەمەوانەکە سەرى سوڕما، نەیدەزانى سەوڵەکان لێبدات یان لەو تابلۆیە بڕوانێ، لە دڵى خۆیدا گوتى: ئەم ژنە چۆن پەیدا بوو،  ترسێک سەرتاپاى جەستەى دەهەژاند.

فەرشیباى دەفەکەى لەسەر دەستەکانى دانا بوو، بە پەنجەکانى ژەنینێکى مەستانەى پڕ لە ئاوازى تێکەڵ بە شەپۆڵى زەریا و فڕینى قومریەکان و شڵپە شڵپى نەهەنگەکان و سەوڵى بەلەمەوانەکە بووبوو.

دواى ژەنینێکى مەستانە لە ژەنین وەستا، بەسەر پشتى بەلەمەکەوە کراسەکەى داکەند و خۆى ڕووت کردەوە، تەنانەت ستیان و مایۆکەشى داکەند، خۆى فڕێدا قوڵایى زەریاکەوە.

 لە دووراییەکى دوورى بەلەمەکەوە بە سەر پشتى نەهەنگێکەوە سەماى لەگەڵ شەپۆڵەکاندا دەکرد. بەسەر پشتى نەهەنگەوە شەپۆڵى ئاوەکان بەنێوان مەمکەکانیدا دەهاتنە خوارەوە، سمت و ڕانەکانى پڕبوون ئاوى زەریا سەرشێتەکە یاریان لەگەڵ جەستەیدا دەکرد. تابلۆیەکى مەستانەى پڕ لە تەلیسمى جوانیان دروستکردبوو.

فەرشیباى خۆى خستەوە ناو بەلەمەکە و بە پێوە وەستا و لە شەپۆڵى ئاو و فڕینى قازو قوڵینگانى سەر زەریاکەى دەڕوانى، شەپۆڵى ئاوەکان پەلامارى مەمکەکانى دەدا و دڵۆپەى ئاو لە نێوان  مەمکەکانیدا دادەچۆڕانە خوارەوە.

لە سەر لێوارى بەلەمەکە دانیشت و دەستى کردەوە بە ژەنینى دەفەکە و مەمکە خڕەکانى دەلەرینەوە، زەریاش شەپۆڵى دەدا، بەلەمەوانەکە بە خێرایى سەوڵەکانى لێدەدا.

مازوانى ڕۆستەمى وێنەى دەکێشا، هەموو دیمەنەکانى کردە سکێچى کارێکى نوێ.

هەورێکى ڕەش بەرى ئاسمانى داپۆشى، هەورى پڕ باران، زەریاکە دەلەرزى، بارانێک بەخوڕ بەوێنەى کوندەى سەر بەرەو خوار.

 بەلەمێکى سەوڵدارى کۆن لەقوڵاى زەریایەکدا با و بۆران بەمەیلى خۆى بیانکێشێت بە شەپۆڵە شێتەکانى خۆیدا، دەبى مرۆڤ چ هەستێکى هەبێت لەو کاتەنەدا بەلەمەوانەکە هاوارى دەکرد و دەیگوت: خۆتان بگرن کەمێکى تر دەکەوینە زەریاى هێمنەوە، لەم شەپۆڵانە دەردەچین، ئێستا شەپۆڵەکان بەهێزن بارانەکە ئاستى زەریاکەی بەرز کردۆتەوە، ڕەوتى بەلەمەکە لە کۆنترۆڵى من دەرچووە!

فەرشیباى بێباک لەشەپۆڵى زەریا و باوبۆرانى توون بەسەر پشتى بەلەمەکەوە، دەفى دەژەنى! تۆ تەماشاى ئەو جوانییە بکە، مرۆڤ تاکو بە چاوەکانى خۆى دیمەنى ئاوا نەبینێت، بڕوا ناکات لەبەردەم شەپۆڵە شێتەکانى زەریادا، ژنێک بەڕووتى بەسەر پشتى بەلەمێکى بێچارەنووسەوە ڕووت ڕووت بێت و بەپێوە دەف بژەنێت.