ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

 

بێ ئەوەی تۆزقاڵێک شەرم بکەم، ڕووتی دەکەمەوە، هەموو جەستەی ژیانم.

هەنری میللەر

 

)ئەم دونیایە شانۆیەکی گەورەیە، ئەو خەڵکەیش هەموویان ئەکتەرن، ئیدی هەر یەکە و ڕۆڵێک یان زیاتر دەبینێت.) ئەو گوتەیە لە شانۆنامەی (وەک دەخوازیت)ی شەکسپیردا (١٥٦٤ – ١٦١٦) هاتووە، کە یەکێک نییە لە ئیشە مەزنەکانی و دەڵێن بە پەلە، لەسەر خواستی یەکێک لە هاوڕێ نزیکەکانی و بە بۆنەیەکەوە نووسیویەتی. تۆلستۆی (١٨٢٨ – ١٩١٠) پێی وابووە، وەک دەخوازیت، لە ئاستی بەرهەمی ئەو شاعیرە مەزنەدا نییە کە هاملێت، ئۆتێللۆ، ڕۆمیۆ و جولیا و بازرگانی ڤینیسیای نووسیوە. چونکە لە (وەک دەخوازیت)دا، لە (ئاهەنگێکی خۆ لەوانی دی گۆڕین)*دا، ژنان ماسک و بەرگی پیاوانە دەپۆشن، ساڵانێکە ئەو ئیشەی شەکسپیر بووەتە جێی بایەخی ئەوانەی توێژینەوە لە بارەی (جێندەر)ەوە دەکەن. ئەو دەمامککردن و بەرگگۆڕینە لە مەم و زینی (ئەحمەد خانی)یشدا (١٦٥٠ – ١٧٠٧) هەیە، دوو مێ: زین و ستی، خۆیان وەک دوو نێر نمایش دەکەن و بە پۆشاکی پیاوانەوە بەشداری لە ئاهەنگی نەورۆزدا دەکەن.

ئەوەیان بڕینی ڕێگەیەکی دژوار و درێژ و تژی لە هەوراز و نشێوی دەوێت، ببین بە کەسێکی سەرکەوتوو، بەڵام ئیمیل سیوران (١٩١١ – ١٩٩٥) گوتەنی: کورتترین و ئاسانترین ڕێگە، بۆ ئەوەی کەسێکی سەرنەکەوتوومان لێ دەربچێت ئەوەیە، بێ ئەوەی بەهرە شک ببەین، دەست بکەین بە نووسینی شیعر! ئەوە ڕاست نییە کە دەڵێن: کورد شاعیری زۆرە، ڕاستییەکەی کورد بە دەگمەن شاعیری تێدا هەڵکەوتووە، ئەوانی دیکە کە خۆیان پێ شاعیر بووە، حەزیان لێ بووە، لەسەر شانۆی ژیان، ڕۆڵی شاعیر وازی بکەن، بەڵام شکستیان خواردووە. شیعر گاڵتە نییە، ئاخر (تاقە دەقی زەوینییە، شان لە شانی دەقە ئاسمانی و پیرۆزەکان دەسوێت و وەک هونەر، بەرزتریش دەنوێنێت.) ** شیعر جیاواز لە دەقی ئایینی، بۆ سەلماندنی خۆی، نە پێویستی بە لەشکرە، نە بە ئایدۆلۆجیا. ئەوەیش جێی سەرنجە، دەقی پیرۆز باس لە جەبەرووتی خوا دەکات، بەڵام کەساسی و لاوازیی ئینسان، جێی بایەخی شیعرە. لە ڕوانگەی (سیوران)ەوە، شیعری جوان هەمیشە لەگەڵ قەدەردا ناکۆکە و لە (پەتا)یش دەچێت، ئاخر بە ئاسانی خەمی شاعیر بۆ خوێنەر دەگوێزێتەوە.

برام ستۆکەر (١٨٤٧ – ١٩١٢) لە ساڵی ١٨٩٧ دا ڕۆمانی (دراکۆلا) دەنووسێت، ئیدی دراکۆلا کە وا ڕاهاتبوو (کەڵبە) لە ملی قوربانییەکانی گیر بکات، دەبێتە ڕەمز بۆ کەسانی سادیستی ترسناکی خوێنمژ. هونەری ئەو ڕۆمانە لەوەدایە، نووسەر کۆتایییەکان و کردنەوەی گرێیەکانی دوا دەخات، بێ ئەوەی خوێنەر هەست بە سستیی ڕیتمی گێڕانەوە بکات. ئۆسکار وایەڵد گوتوویەتی: (بە درێژاییی دیرۆک، ڕۆمانی دراکۆلا، باشترین کاری ئەدەبییە، دەربارەی ترس و تۆقاندن و ورووژاندن نووسرابێت.) دراکۆلایش کارەکتەرێکە لەو چەشنەی لە بیر ناچنەوە، وەک (فرانکشتاین)ی ماری شیللی (١٧٩٧ – ١٨٥١) یان (دۆکتۆر جیکڵ و میستەر هاید)ی ڕۆبێرت لویس ستیڤنسن (١٨٥٠ – ١٨٩٤) کە لە دونیای هاوچەرخی سیاسەتی کوردیدا، ئەگەر بۆ کەسانی وا بگەڕێین، بە ئاسانی دەیانبینینەوە.

ڕۆمانی (تاوان و سزا)ی دۆستۆیڤسکی (١٨٢١ – ١٨٨١) کە ١٨٦١ بڵاو بووەتەوە، قارەمانەکەی کە ڕاسکۆلینکۆڤی ناوە، ئینسانێکە هەم ساردوسڕ و دژەکۆمەڵ، هەمیش بەدەر نییە لە هەستی گەرموگوڕی خۆشەویستی و لە نیازی پاک، چونکە لە بواری وەگەڕخستنی ئاوەزدا، کەسێکی دەستوپێ سپییە و هەژارییش لێی ناگەڕێت، درێژە بە خوێندن بدات، بۆیە لە هەواری تاواندا دەگیرسێتەوە. هەرچەندە سەرەتا، مل بۆ ئەوە نادات لە تاوانەکانی پاشگەز ببێتەوە، بەڵام لە کۆتاییدا ددان بە ڕاستییەکاندا دەنێت و خۆی بە شیاوی سزادان دەزانێت. ڕاسکۆلینکۆڤ کەسێکی ئاڵۆزە، یان دروستتر هاوزەمان چەند کەسایەتییەکە، دۆستۆیڤسکی لەڕێی ئەو کارەکتەرەوە پێمان دەڵێت: ناسینی ئینسان وەک خۆی کە هەیە، نەک وەک ئەو ڕۆڵەی بە ئاشکرا دەیبینێت، شتێکە وەک مەحاڵ.

لای تۆلستۆی (١٨٢٨ – ١٩١٠) هونەری ڕاستەقینە ئەوەیە، بتوانین ئەوەی هەستی پێ دەکەین و کاری تێ کردووین، بە جۆرێک بۆ ئەوانی دیکەی بگوێزینەوە، هەمان هەستیان لە کن دروست بکەین و وەها کاریان تێ بکەین، بە ڕاستگۆیییەوە ڕۆڵی هاوبەشی خەم و خۆشییەکانمان ببینن. ئەمەیش لە ڕێی ئاخاوتنەوە ناکرێت، تەنیا بە هونەر مەیسەر دەبێت. جیاوازیی هونەری ڕاستەقینە و هیی ساختەیش ئەوەیە، یەکەمیان زادەی هەستێکی پاکژە کە لە ناخەوە هەڵدەقوڵێت و دووەمیان مەبەستێکی خاوێنی لە دواوە نییە. ئەوە هونەر نییە کە جەستە بە ڕووتی نیشان دەدات، پۆرنۆگرافییە، بە ڕووتی نیشاندانی ڕۆح، هونەرە.

شیعری نوێ ئەوەیە، وەهای بنووسین، جیاواز لەوەی سەروەرە، ئەکتەری نوێکەرەوەیش کەسێکە جیاواز لەوەی زاڵە، نمایش بکات. جیاوازییەکی نێوان شیعر و ئایین ئەوەیە، شیعر ڕۆڵی ئایدۆلۆجیا وازی ناکات، شاعیر و کادیری حیزبیش بەوەدا لێک جودا دەکرێنەوە، ئایینی شاعیر، شیعرە، بەڵام کادیر بانگەشە بۆ ئایینیک یان فیکرێک دەکات. جیاوازییەکی دیکەی نیوان شاعیر و کادیر ئەوەیە، لە کن ئەمیان ئینسانی ئاسایی پیرۆزە و لای ئەویان فیکرێک کە بە باڵای دەزانێت. دەشێت شاعیر هەڵگری ئایینێک بێت، بەڵام وەکوو حەللاج (٨٥٨ – ٩٢٢) ئایین بۆ بڵاوکردنەوەی ئەوین دەخاتە گەڕ، نەک بۆ خۆشکردنی ئاگری ڕق و تۆڵەسەندنەوە.

بۆ ئەوەی ڕۆڵی شاعیرێکی ڕاستەقینە وازی بکەین، تەنیا ئەوەندە بەس نییە، خاوەنی بەهرەیەکی خۆڕسک بین، بەڵکوو دەبێت بەردەوام سەرقاڵی پەرەپێدانی بین، ئەگەرنا وشک دەکات. ڕۆمان یاکۆبسۆن (١٨٩٦ – ١٩٨٢) دەڵێت: (بۆ ئەوەی بزانین شیعر کامەیە، دەبێت پێشەکی ناشیعر دیاری بکەین، ئەمەیش کارێکی ئاسان نییە.) پێم وایە زۆربەی ئەوەی بە ناوی شیعرەوە بڵاو دەکرێتەوە، دەکەوێتە خانەی ناشیعرەوە، ئەمە هیچ لەو ڕاستییە ناگۆڕێت کە دەشێت شیعر لە هەموو کارێکی هونەریدا هەبێت. کاری هونەری هەر دەقی نووسراو نییە، ڕەنگە نمایشێکی شانۆیی، تابلۆیەکی شێوەکاری، پارچەیەک موزیک، پەیکەرێک، فیلمێک یان تەلارێک بێت.

*

 

(*) حفلە تنکریە.

(**) خەزعەل ئەلماجیدی.