ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

ئەی نیشتیمان

ئەوە دیسان ئێوارە بە دەم چاوەروانیمەوە گەڕایەوە

بە حوزنەوە چاوم بریوەتە دوا هەوزینگەکانی

تیشکی خۆر

ئەو لە حەژمەتی دوعاخوازی لە پانتایی جیهان

منیش لە حەسرەتی دووری تۆ

چاوت لێیە

چۆن کراسی ڕەشمان پۆشیوە!

ئەی نیشتیمان

من دەمێکە دەمەو ئێواران قوڵ بیرت دەکەم

عەیامێکە لە گەڵ هەر خۆرئاوا بوونێک

لە دەفتەری هەژمارم

ڕۆژێک دەخەمە سەر ڕۆژەکانی غەریبیم

وا خەریکە ئەو دەفتەرەش بە دڵتەنگی

دەگاتە دوا لەپەڕەی دووری تۆ!

ئەی نیشتیمان

لانەی منداڵی و جوانیم

ئاخر چۆن لە بیرت بکەم چۆن؟!

من لە ناو چارۆگە پینەدارەکەی تۆدا گەورە بووم

بە بۆن و ڕەنگی تۆ راهاتووم

لەو سەرابە سڕکەرەدا

لە گەڵ هەر شێوازێکی

هاوشێوەت

برینەکانم سەد جار دەکەونە هاوار

سەد جار دەکەونە هاوار!