ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

نووسینى: شیخ سدیق

نەهەنگێک لەنگەرى بەلەمەکەى تێکدا، بەلەمەوانەکە کەوتە لێدانى سەوڵ بەلەمەکە لەنگەرى گرتەوە، بەرەو کۆتایى زەریاکە دەڕۆیشتن.. تا چاو بڕکا زەریا کۆتایى نەبوو، سامناک، ترسى لە دڵى مرۆڤ دا دروست دەکرد!

مازوانى ڕۆستەمى کەوتە خەیاڵێکى قووڵەوە، ڕۆژانى منداڵى، باوەشى دایکى، یارى کۆڵان و گەڕەک و قوتابخانە، ئاواییەکەیان، ماڵى شێخ مەلیک...

بیرى دایکى هەراسانى کردبوو، کارەکەرى ماڵان، دەفژەنى ماڵى شێخ مەلیک، سەیرى شەپۆڵى ئاوى زەریاکەى دەکرد و خەیاڵ پەلکێشى خۆى کردبوو، وردە فرمیسک بەچاوەکانیدا دەهاتنە خوارەوە، شەپۆڵێکى بەهێزى نەهەنگەکان لەیادەکان دایدەبڕێت، بەسەر پشتى بەلەمەکەوە ئاهێک هەڵدەکێشێت. 

مازوانى ڕۆستەمى دەڵێت: زەریا بەرەو کوێمان دەبات؟

بەلەمەوانەکە گوتى: ئاراستەى جوڵەى بایەکە پەلکێشمان دەکات، ڕەنگە کۆتایى ئەم هەفتەیە بگەینە دوورگەى (نارونیا) کە بچووکترین دوورگەیە شوێنى بەیەک گەشتنى قاچاخچییەکانى ئەم زەریایەیە.

مازوانى ڕۆستەمى گوتى: قاچاخچى بەچییەوە دەکەن؟!

بەلەمەوانەکە گوتى: قاجاغچى بە کەللەسەرى مرۆڤ و قاچ و دەست و دڵ و گورچیلە و چاو و هەموو بەشەکانى جەستەى مرۆڤەوە دەکەن!

مازوانى ڕۆستەمى گوتى: ئەوانە کێن بەشەکانى جەستەى لەشى خۆیان دەفرۆشن؟

بەلەمەوانەکە گوتى: نیشتمانى (تاتاریان) کەوتۆتە لاى چەپى زەریایەکەوە، دەوڵەتێکى هەژار و کەمدەرامەتن سەرۆکەکەیان پیاوێکى دیکتاتۆرە، دەرگاى لە ڕووى هەموو دنیا داخستووە، نایەڵێ کەس ڕووبکاتە وڵاتەکەیان و کەسیش سەفەر بکات.

خەڵکى ئەو وڵاتە بەدەست نەخۆشى دەروونییەوە دەناڵێنن، ئازادى و مافى مرۆڤ بەهاى نییە، نیوەى مرۆڤەکان لە کۆڵان و شەقامەکاندا دەنوون.

ژیان ئەستەم و گرانە، بۆ ئەوەى بژین خێزانەکان ڕێککەوتوون هەر جارە و ئەندامێکى خێزانەکە پارچەیەک لە جەستەى بفرۆشێت بۆ مانەوەى ئەوانى تر!

مازوانى ڕۆستەمى بەوپەڕى سەرسووڕمانەوە دەڵێت: 

ئەى کێ لێیان دەکڕێت؟!

بەلەمەوانەکە گوتى: بە لاى ڕاستى زەریاکەیەدا دەوڵەتێک هەیە، ناوى (سارا وایە) ئازادى ڕەها، بۆ هەموو مرۆڤەکانە، دەوڵەمەند و پۆشتە و پەرداخن، دەستیان بەسەر وڵاتانى چواردەورى زەریایەکەدا گرتووە.

هەر کەسێک لە ئەندامانى خێزانەکانیان بە ڕووداوى هاتووچۆ بە نەخۆشى بە هەر کارەساتێک، بەشێک لە جەستەیان لە دەست بدەن لە ڕێگەى قاچاخچییەکانى زەریایەکەوە لە دەوڵەتى (تاتاریان) بۆیان دەکڕن و شوێنى بەیەک گەیشتنى قاچاخچییەکان ئەو دەریاچەیە.

+++++++++++++++++++++++++++++++++++

دواى هەفتەیەک گەیشتنە دەریاچەکە، بەلەمى بچووک و گەورە لە لێوارى دەریاچەکە وەستابوون، هات و هاوارى مامەڵەى کڕین و فرۆشتنى جەستەى مرۆڤ بوو !..

هاواریان دەکرد و دەیانگوت: کەللەسەرى کوڕێکى گەنج، دە پەنجەى ئافرەتیکى بیست ساڵان، باشترین گورچیلە، قاچ و سى و جگەر، لە هەموو لایەکەوە هاوارى فرۆشتنى جەستەى مرۆڤ بوو!

مازوانى ڕۆستەمى کەللەسەرێکى بینى لەسەر پارچە قوماشێکى سپى دانرابوو، پڕبوو لە خەون و ژیان، دوو چاوى خورمایى بەسەر پارچە شووشەیەکى مەڕمەڕەوە دانرابوون، ڕەنگێکى کاڵ دەبریسکانەوە دەتگوت هێشتا لەخەو هەڵنەستاوە، پڕبوو لەبینین و سەرنجى عاشقانە. دەست و مەچەکێکى پڕ لە بازن لەسەر کوپەیەکى ئاو دانرابوو، ژنێک لەتەمەنى حەفتا ساڵیدا بەگریانەوە دەیگوت: دوو دەستی ناسک و جوان هیی کچە هەژدە ساڵانەکەم. دە نینۆکى تازە بۆیەکراو لەسەر دەستە سڕێکى پیاوانە دانرابوون، پیاوێک بەدەم گریانەوە هاوارى دەکرد و دەیگوت: نینۆکى کچە دە ساڵانەکەم بە کەمترین پارە... لێرە تێگەیشت مارکس بۆیە دژى سیستەمى سەرمادارى بووە، مازوانى ڕۆستەمى بڕیارى دا لەدواى ئەم سەفەرەوە خەبات دژى سەرمایەدارى بکات.

بە غەمبارییەکى دڵ پڕ لە گریانەوە، سوارى بەلەمەکە بوو، بە بەلەمەوانەکەى گوت: واباشە ئێرە بە جێبهێڵین، بە دڵتەنگییەوە سەرى خۆى نەوى کرد و دانیشت... بەلەمەوانەکەش بە هێواشى کەوتە سەوڵ لێدان.

مازوانى ڕۆستەمى گوتى: بەچەند ڕۆژى تر دەگەینە کۆتایى زەریایەکە؟

بەلەمەوانەکە گوتى: یەک شەو و ڕۆژى تر دەگەینە لێوارى زەریا!

مازوانى ڕۆستەمى گوتى: هاتووچۆى ئەم جێگایە دەکەیت؟

بەلەمەوانەکە گوتى: سەردەمانێک قاچاخچى جەستەى مرۆڤ بووم، کارێکى باش بوو، داهاتێکى باشم دەست دەکەوت .

مازوانى ڕۆستەمى گوتى: ئیستا چۆن ئەم کارە ناکەیت؟

گوتى: ڕۆژێک کەللەسەرێکم لە بەلەمەکەدا دەگواستەوە، لە ناوەڕاستى زەریایەکەدا، کەللەسەرەکە گوتى: ئەى مرۆڤ تۆ من ناناسى! زۆر ترسام، لەوکاتەدا بایەکى تووندى دەهات و هەورەکان ڕەش ڕەش بوون، گیانم کەوتە لەرزین، قاچەکانم وەکو شۆڕەبى وابوون، ددانەکانم شەقەشەقیان بوو... گوتم نەخێر گەورەم. گوتى: مەترسە منیش مرۆڤم حەزم بە ژیان بوو، ئارەزووى مەلەوانى، ڕاوکردن و ئەسپسواریم هەبوو. تیرهاوێژێکى کارامە بووم. بۆ ئەوەى دایک و باوکم لە برسا نەمرن کەللەسەرى خۆم فرۆشت، خۆشەویستێکم هەبوو، فریای ئەوە نەکەوتم ماڵئاوایی لێ بکەم...

بۆیە ئەم نامەیە بگەیەنە دەستى خۆشەویستەکەم ناونیشانى ماڵیان لە ناو نامەکەدا نووسراوە.

دواى گەیاندنى کەللەسەرەکە، بە دوورگەى قاچاخچییەکان لەگەڕانەوەمدا، ماڵى کچەکەم بینییەوە، لەبەر دەرگاى ماڵیان کەللەسەرى ژنێک بە دەستى قاچاغچییەکەوە بوو، نامەیەکیش لەدەستەکانیدا بوو، گوتم: ئەم کچە ناوى چییە؟ گوتی: (ناهاریا)، نامەکەم دەرکرد و گوتم: منیش نامەیەکم بۆ ئەم کچە پێیە. 

هەردوو نامەکەمان لەسەر پشتى بەلەمەکانمان نووسى و ئیتر لەو ڕۆژەوە من کارى قاچاخچییەتى بەجەستەی مرۆڤەوە ناکەم..

+++++++++++++++++++++++++++++++++++