ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

پیاوێک...

لە حەشری خەیاڵەوە دابەزی

تەونی جاڵجاڵۆکەی وەهمی پچڕاند،

بەڕاستی دەستی گرتم

دڵی شار کەوتە خوورپە،

یەقین گیربوو

تۆم لە هەولێر خۆشتر دەوێت.

تەنیا درەختێک لەم شارە غیرەی نەکرد،

بن دارەکەی دا بە ئێمە؛

بە مانگم وت: 

بە خەرمانەکەی جاڕێک بکێشێ،

با گەڵاکان تاریکیی ونیان نەکات،

بە چۆلەکەکانم وت:

هەموو ڕۆژێ تا ئێمە دێینەوە

وشەکانمان ڕاڤەکەن،

ئێوە تەنیا گەواهیدەری ئەم ژوانەن؛

ئامەنەتەکەم ڕادەستی گزنگ بکەن

با خۆر ڕاستییەکان هەڵخا

تۆم لە هەولێر خۆشتر دەوێت.

هەموو دەمی ئێوارانێ

دەچمەوە سەر هەمان نزا،

دڵم پڕ پڕ دەبێتەوە لە بۆنی پیاوێک

جارێکی تر...

واژۆ لەسەر هەمان دێڕ دەکەمەوە،

تۆم لە هەولێر خۆشتر دەوێت.

ھێندەی قورسایی خۆشەویستیت

چاوەڕێی مەغریبی... 

دوای ونبوونی زەردەپەڕ دەکەم،

بەیادی ئەوێ... 

ڕۆژێ، تاڵە قژەکانی شیعرێکت بۆ دەهۆنمەوە،

لە دەسپێکا دەڵێم:

تۆم لە هەولێر خۆشتر دەوێت.

لە پێچاوپێچی حەزێکا

خەونێکی ئەرخەوانیی بە بەرۆکی شاردا هەڵدەواسم

دیسان سەرنجەکانت دەکەمە ڕۆشنایی،

تا تاریکی تەریق ببێتەوە و

بەم هەنگاوە دەچمەوە سەر ڕێگای سپێدە،

تا کازێوەش بزانێ

تۆم لە هەولێر خۆشتر دەوێت.

هێشتا مەستبوونی ئەو ڕۆژە بەری نەداوم!

با هەر بەرم نەدا،

من بە ڕژانی پێکی لێوت..

لەززەت لەو مەستبوونە دەکەم،

تەنیا بۆ ئەوە بەئاگام بێنەوە؛

تا پێت بڵێم:

تۆم لە هەولێر خۆشتر دەوێت.

شوێن پێکانتم هەڵگرتووە

تا ئەودیو سنوورەکانی فەنابوون،

ژیلەمۆی ئاگردانی عەشقتم...

پشکۆکان لە ناخما دەسووتێنم،

تا هەرچی لۆگۆی...

سەر دیواری کووچەو کۆڵانەکانە

بیسڕمەوە و

تابلۆی دەستم.. 

لەسەر سینگی شار هەڵواسم،

کە بە خەتی ئەوین لێم نووسیوە:

تۆم لەهەوڵێر خۆشتر دەوێت.

بە حیکایەتەکانی زەمەندا چوومەوە،

تەنیا بەرائەتی حەقیقەتێک؛

لەودیو برژانگەکانت خۆی حەشارداوە،

هەیبەتی عەشقی لێدەچۆڕێ،

دڵۆپ دڵۆپ زەنگوڵەکانم کۆکردەوە

تا لەنێو لەپی دەستەکانم دەربچێ،

تۆم لەهەولێر خۆشتر دەوێت

دەزانم، 

پیاوێک هەیە...

بەیانیان دەستەکانی بە شەونم دەشوا؛

تا پڕوشکەک...

قاچەکانی پەپوولەیەک تەڕکا،

ئەوە ڕۆمانسیترین بەیانی باشە بۆ گوڵ،

من لەسەر ئەو دڵۆپە شەونمە دەنووسم:

تۆم لە هەولێر خۆشتر دەوێت.

لە دوماهی شارێک،

من و درەختەکە...

دەستمان لەنێو دەستی یەک ناوە؛

تا تۆ دێیت،

من ڕەنگی کراسەکەم دەگۆڕم

ئەو گەڵاکانی سەوزتر دەکات،

من لە ماچە ڕژاوەکان و

لە بەرامەی داوی کەزیاکان و

تێکهەڵکێشانی دوو هەناسە و

تەزووی گەرمی پەنجەکانمان؛

ملوانکەیەک دەهۆنمەوە،

دەیکەمە ملی درەختەکە..

تا هەموو خەڵک بزانێ؛

تۆم لە هەولێر خۆشتر دەوێت.