ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

 

نووسینى : شێخ سێدیق

مازوانى ڕۆستەمى بەدرێژایى مانگێکى ڕەبەق بەسەر پشتى بەلەمەکەوە، وێنەى ڕووداوەکانى ناو دەریا و شەپۆڵى ئاو، بارانى بەلێزمە و ڕەشەباى شەوى تاریک و بەلەمەوان و سەوڵەکانى دەکێشا .

وێنەى فەرشیباى بەر شەپۆڵى توڕەیى زەریا و دەریاچەى قاچاخچییەکان و دەست و چاو و مل و ئەندامى نێرینەى پیاو، ئەندامى مێینەى ژن، تابلۆکانى بەسەر پشتى بەلەمەکەوە هەڵدەواسى .

کەلەسەرى  سەر خامە سپییەکەى کردبووە چارۆکەى بەلەمەکە و بایە توندەکان دەیانشەکاندەوە لەدوورەوە وا هەستت دەکرد کەشتییەکى چارۆکەدارە.. فەرشیباى بەتەنیشتى چارۆکەى بەلەمەکەوە دەفى دەژەنى و بەوپەڕى مەستییەوە، بە دەست و مەچەکەکانى یارى بە دەفەکەى دەستى دەکرد.

بەلەمەکە  بەرەو کەنارى دەریاکە نزیک دەبۆوە، هێزى بایەکان تینى لەدەستى بەلەمەوانەکە بڕی بوو، سەوڵەکان بە قورسى دەجوڵان، بەلەمەکە ئاراستەکەى پێچەوانە دەبۆوە، شەپۆڵەکان هێندە بە گوژمى خێرا ئاراستەى بەلەمەکەیان دەگۆڕى بەلەماوانەکە ترس دایگرتبوو و هاوارى دەکرد و دەیگوت: خۆتان بەباشى بگرن ئەم ناوچەیە ئاوەکەى گێژاوە، ئەگەر بەخێرایى دەرباز نەبین لەوانەیە لەگەڵ خۆیدا بۆ قوڵایى زەریاکە لووشمان بکات. لەناکاو بەلەمەکە کەوتە سەر شەپۆڵە هێمنەکان، بە ئاراستەى کەنارى زەریاکە، لەنگەرى گرت و لە شەپۆڵ و لەگێژەڵووکەى شەپۆڵ و گێژاوى زەریا دەربازیان بوو، بەسەر پشتى زەریاکەوە سەوڵەکان بەدەستى بەلەمەوانەکەوە دەجوڵان. ئاهێکى توندى هەڵکێشا و گوتى: زۆر مەترسیداربوو ساڵانە یەک دوو کاروانى بەلەمەوانى لەو گێژاوەدا لوول دەخۆن و نوقمى قوڵایى زەریاکە دەبن .

- -     -  -       -  -  - -     - -

بەلەمەکە پشتى زەریاى گرتبوو مازوانى ڕۆستەمى کەوتە بیرکردنەوەی دایکى لەدڵى خۆیدا دەیگوت: تۆ بڵێ پوورخورشیدی دایکم ببینمەوە، خەمێکى قوڵ دایگرت بوو، بێ ئۆقرە و بێ ئارام بوو.. ساتى منداڵى خوشکەکەى بارامى براى دەفژەنینەکانى دایکى..

ئێوارەیەک نزیکی خۆرئاوا بوون. بەلەمەکە گەیشتە کەناری زەریاکە ..

چۆڵ و هۆڵ دەنگى قاز و قوڵینگ و تیترواسک، بەهێواشی قاچەکانى لە بەلەمەکە هێنایە خوارەوە و سەیرێکى زەریاکەی کرد و، بە  بەلەمەوانەکەی گوت: زۆر پێکەوە بووین.. ڕەنگە ئەو ماوە زۆرە بووبمە مایەى ئازاردانت .

بەلەمەوانەکە گوتى: من بەردەوام بە سەر پشتى ئەم زەریایەوە  خەڵک دەگوازمەوە ئەوانەى لەسەفەردا ڕوودەدەن بۆ من ئاسایین، ئەوەى بۆ من گرنگە تۆم گەیاندە ئەم بەرى زەریا، شەپۆڵەکان، بایەکان، باران لەم کاتانەدا ڕێگاکان سەخت و دژوار دەکەن .

مازوانى ڕۆستەمى گوتى: لێرەوە چۆن دەچم بۆ چیاى (مارزانى سپى)؟.

بەلەمەوانەکە گوتى: هەموو ڕۆژانى یەکشەمەیەک بەر لە داگیرساندنى ئاگرى پیرۆزى زەردەشتییەکان لەسەر لوتکەى چیاى (مارزانى سپى) بەر لە ژەنینى دەفەکان گالیسکەیەک کاتژمێر 1ى پاشنیوەڕۆ دەگاتە ئێرە، کوپەیەک شەرابى پێیە، گالیسکەوانەکە تەمەنى 200 ساڵ دەبێت تەنیا کوپە شەرابەکان بۆ ڕۆژى پیرۆز دەگوازێتەوە بۆ سەر لوتکەى چیا بڵندەکان، ئەوەى بچێت بۆ سەر لوتکەى چیاکان لە پشتى گالیسکەوە سوارى دەکات .

مازوانى ڕۆستەمى گوتى: پوورخورشیدى دەفژەن شەوى ئاگرکردنەوەى ئاتەشگەکان بەسەر لوتکەى چیاى (مارزانى سپى) دەردەکەوێت .

بەلەمەوانەکە گوتى: بەسەر بەرزترین لوتکەى چیاکەوە دەف دەژەنێت باپیرە گەورەى لە ئاتەشگەکەدا بەدار بەڕووەکان ئاگر جۆش دەدات. داپیرە گەورەشى چیرۆکى ڕۆژگارى ڕووداوەکان لەسەر ڕەفەى ئاتەشگاکە ڕێک دەخات بەرلەوەى بچێتە لاى پوورخورشید دەبێت چیرۆکەکەت لەسەر ڕەفەکان ڕێک بخەیت .

بەلەمەوانەکە پاڵێکى بە بەلەمەکەیەوەنا بۆ ناو زەریاکە بەرەو ناوەڕاستى زەریاکە کەوتە سەوڵ لێدان.

مازوانى ڕۆستەمى کەوتە ڕوانین لە لوتکەى چیا بڵندەکە و ئاوڕى دایەوە بەلەمەکە دڕى بە ئاوى زەریاکە دەدا. بەرەو ناوەڕاستى زەریاکە دەڕۆیشت...

 

کۆتا بەشى یەکەم