ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

سەرجەم

ئازارەکانی مرۆڤایەتیم 

ھەڵگرتووە 

تەنھا بەخاتری ئەوەی

ئێوە مرۆڤانە بژین

خۆشبەختیەک لە رێگایەکی

نادیارەوە بانگم 

دەکات 

ئێوارانێک لەدواھەمین

فارگۆنی بێ تاقەتی

دادەنیشم 

بەتاسەوە چاوەروانی 

خۆرئاوابونم 

تائەستێرەی کاکێشان

دەربکەوێ

بەرەو رێگایەکی نادیار 

لەگەڵ ئازارەکانی ئێوە

سەفەر دەکەم

رۆژێک بەباوەشێک 

گوڵەوە لەگەڵ 

کۆمەڵێک

پەپولەی رەنگاو رەنگ 

دەگەرێمەوە

لەناوەراستی

ئەم مەملەکەتە بۆگەنە 

ھاوار دەکەم 

خۆشبەختی 

بە ئازار 

دەگۆرمەوە 

تەنھا بەخاتری ئەوەی 

ئێوە مرۆڤبن 

رۆژێک لەرۆژان 

دەگەرێمەوە 

زیندانیەکان پەپولە

بەخێو دەکەن

لاوەکان لەبری سیگار 

گوڵیان 

بەلێو گرتووە

قەسابەکان 

لەبری چەقۆ 

میکانۆ بە سەرمنداڵەکان

دابەش دەکەن

پۆلیسەکان لەجیاتی چەک 

کەمانچە 

لەشان دەکەن

تیرۆرستەکان 

لەبری تاوانی خۆ کوژی 

گۆرانی بۆ ژیان دەچرن

مەی نۆشەکانی شار 

لەجێگای خەم 

بۆ خەندەی لێو

دەخۆنەوە

عاشقەکان ناترسن 

لە تۆڵەسەندەوەی 

شەرەف 

بەئازادی 

یەکتری لەئامێز دەگرن

گۆر ھەڵکەنەکان

لەبری لاشەی مرۆڤ

نەمامی

خۆشبەختی دەنێژن

تەواوی ئەم

مەلەکەتە 

وەک 

فانۆسی جادویی

سیمایان 

دەگەشێتوە

ھەمووان 

غەرقی 

خۆشبەختی دەبن 

بەتەنھا 

من بونەوەرێکی 

سەیرم 

جەستەم لاوازە 

رەنگم ھەڵبرسکاوە 

لەخەونێکی قوڵ

راچەڵەکێوم 

لە ھەسارەیەکی 

غەمگینەوە گەرامەتەوە

من بونەوەرێکم 

تەواوی ئازارەکانی 

مرۆڤم لەدێرێکدا 

ھەڵگرتووە 

ئێوارانێک لەگۆرەپانی 

شار لەدواین 

فارگۆنی دڵتەنگی 

دادەنیشم 

لەسەر بەردێکی گەورە

دەچمە 

خەونێکی ئەبەدیوە 

بۆ ئەبەدی 

دەبمە پەیکەرێک

دەبمە 

عیبرەت بۆنەوە 

بەنەوەتان 

تەنھا بەخاتری ئەوەی 

ئێوە مرۆڤانە بژین.

ئاراس سەعید 

29تەموزی 2019