ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

خوێندنەوە بۆ کۆمەڵە وتار و دیدارگەلی کۆکراوەی ڕۆژنامەوانی، ئەوەندە ئاسان نییە، بەتایبەت لەکاتێکدا تەوەرەکانی قسەلەسەرکراو جیاجیا بن و بابەتەکانیش بۆ قۆناغی جیاجیا بگەڕێنەوە. (وشەی سوور)ی هاوڕێ کەریم ئەحمەد، ئەو هاوکێشەیەی بەسەردا جێبەجێ دەبێت، بەو حاڵەیشەوە لە توانادا هەیە چەند پرسێکی تایبەت وەک ناوەند و چەق لە فیکر و ڕووئیای ئەودا بەڕوونی هەست پێبکەین، لە هەمان کاتدا دەبێت لەوە دڵنیابین بۆ کارەکتەرێکی خاوەن فیکر یان بۆ حزبێکی خاوەن فیکر و ڕووئیا، هەموو ئەو قسە و باسانەی لەسەر پرسی جیاجیایش دەخرێنە ڕوو، دواجار ڕایەڵێکی بەیەکەوە گرێدان و بەستنەوە لە نێوانیاندا هەیە، لێرەدا خاڵی بەیەکەوەگرێدان دەبێت بە چەقێکی جێگیر، ئەوەی لە دیدار و وتارەکانی هاوڕێ کەریم ئەحمەددا زۆرجار بە (ناوەند) گوزارشتی لێ دەکرێت.

ئێمە لە ڕێگەی خوێندنەوەی دیدار و وتارەکانی کۆکراوە لە(وشەی سوور)دا، لە خەمی کارەکتەرێکی شیوعی تێدەگەین، خەمێک لە پێناومرۆڤی کورددا، لە پێناو نیشتمانێک کە سنوورێکی سیاسی نییە، بەڵام جوگرافیایەکی ئاشکرا بە هەموو تایبەتمەندییەکانییەوە. پاڵنەری گەڕان بەدوای ئەو سنوورەدا، لە فیکری ئەو کارەکتەرەدا، پاڵنەرێکی مرۆییە، کە پێی وایە لە دەستنیشانکردنی سنوورەکەدا، دەشێت مرۆڤەکان ئازادتر و لەڕووی تایبەتمەندییەوە پارێزراوتر بن، پێشکەوتنە کۆمەڵایەتییەکان سروشتێکی ئاساییتر وەربگرن و ..هتد. 

لێرەوە یەکێک لە خەمەکانی ئەو کارەکتەرە شیوعییە، کە لە فیکر و ڕووئیای حزبەکەیەوە هەڵدەهێنجرێت، دەستنیشانکردنی ئەو سنوورەیە کە بە کۆمەڵێک پاڵنەر و پاساوی مرۆگەرایانەوە پاڵپشتی دەکرێت. هەڵوەستەکردن لەسەر تەوەرەکانی وەک مافی چارەخۆنووسین و مەسەلەی ڕزگاری نیشتمانی کە پانتاییەکی بەرفرەوان لە دیدار و وتارەکانی کەریم ئەحمەد پێکدێنێت، لە هەمان ڕوانگە و فیکرەوە سەرچاوە دەگرێت.

کاتێک کەریم ئەحمەد پێداگیری لەسەر ئەوە دەکات کە مەسەلەی ڕزگاری نیشتمانی کوردستانی، مەسەلەی هەرە لە پێش و گرنگە لە بەرنامەی خەبات و دەبێت شوێنی لوتکەی پێبدرێت لە دەستنیشانکردنی ئامانجەکاندا، لەوێوە پاڵپشتی هەڵوێستەکەی دەکات کە بەبێ چارەسەرکردنی مەسەلەی نیشتمانی کوردستانی، تەنانەت ناتوانرێت: "چارەسەری مەسەلەکانی پێشکەوتنی کۆمەڵایەتی" بکرێت(لا؛ ٩٤).

پەرەسەندنی ناسروشتی کۆمەڵایەتی لە کۆمەڵگەی کوردستاندا، یەکێک لەو پرسە گرنگانەیە کەریم ئەحمەد ئاماژەی بۆ کردووە، ئەویش دەگەڕێتەوە بۆ سیاسەتی ئەو وڵاتانەی کوردستانیان بەسەر دابەشکراوە، بەو مانایەی کە وڵاتانی داگیرکەری کوردستان دۆخێکیان لە پارچەکانی کوردستان ڕەخساندووە کە هەرێمەکانی کوردستان لە ڕووی ئابوورییەوە لە دواکەوتوویی بمێننەوە و لە پاشکۆیەتی ناوەندی وڵاتانی داگیرکەر دەرباز نەبن. دۆخێک کە هەرێم و پارچەکانی کوردستان لەلایەن ناوەندەکانی وڵاتانی داگیرکەرەوە، دەکرێنە بازاڕێک بۆ ساخکردنەوەی بەرهەمەکانی ئەوان لەلایەک و لەلایەکی دیکە دەبن بە دەسندەخۆری ناوەندەکان و هێزەکانی بەرهەمێنان تێیاندا لاواز دەبێت و دەپوکێنەوە و ناتوانن بەشێوەیەکی ئاسایی لەگەڵ بەرهەمهێنانی نەتەوەیی بەرەپێش بچن. ئەو دۆخە لە کۆتاییدا دەبێت بە کۆسپێک لەبەردەم پەرەسەندنی سروشتی کۆمەڵگەی کوردستاندا و دۆخێکی نائاسایی پێدەدات و لە دەستنیشانکردنی چینەکانی کۆمەڵایەتی و بگرە لە دەرکەوتنی چینەکانی کۆمەڵایەتی ڕۆڵ دەبینێت.

لە تێگەیشتنی کەریم ئەحمەددا، بەرەوپێشچوونی دۆخی کوردستان لەڕووی مەسەلەی ڕزگاری نیشتمانییەوە، یارمەتیدەر دەبێت لە دەرکەوتنی ڕۆڵی کارای چینی کرێکار و بگرە ڕۆڵی پێشەنگانەی لە ڕووداو و گۆڕانکارییەکاندا. لێرەوە پرسێکی دیکە پێشەوە کە دەستنیشانکردنی چینەکانە، ئەو دەستنیشانکردنە هاوکار دەبێت لە تێگەیشتن لە ڕۆڵی هەرکام لە چینەکان لە بزاڤی ڕزگاریخوازی نیشتمانی دا.

کەریم ئەحمەد لە ڕوانگەی حزبی شیوعی کوردستانەوە، پێداگیری لەسەر پێویستی خەباتی چینایەتی و خەباتی نیشتمانی ونەتەوەیی دەکات، ئەو ڕوانگەیەش لە هەموو وتار و دیدارە ڕۆژنامەوانییەکانیدا ڕەنگدانەوەی هەبووە. لەکاتێکدا حزبی شیوعی عێراق لە ساڵی ١٩٣٥ەوە پێداگیری لەسەر مافی چارەخۆنووسین بۆ گەلی کوردستان کردووە، حزبی شیوعی کوردستان شێلگێڕانەتر دووپاتی دەکاتەوە، بەدڵنیاییەوە گوتاری شیوعییەکان لەڕووی پاڵنەر و هێزی جووڵێنەرەوە، هەمان پاڵنەر و هێزی جووڵێنەری پشت بزاڤەکانی دیکە نییە کە دەشێت هەڵگری هەمان گوتاربن.

لەکاتێکدا مەسەلەی ڕزگاری نیشتمانی وەک ناوەندی هەڵوێست لە خەباتی حزبەکەیدا مامەڵەی لەگەڵ دەکرێت، ئەو ناوەندە یەکلاکەرەوە دەبێت لە هەڵوەستەکردن لەسەر هەموو پرس و ڕووداوانەی دێنە پێشەوە. بۆنموونە حزبی شیوعی کوردستان کە ڕۆڵی بنچینەیی لە پێکهێنانی بەرەی کوردستانی دا هەیە، لە پاش ڕاپەڕینی بەهاری ١٩٩١ و پێکهێنانی پەرلەمان و حکوومەتی هەرێمیش، لە پێداگیری لەسەر (بەرەی کوردستانی) وەک بەرەیەکی نیشتمانی بەردەوام دەبێت. ئەو پێداگیرییە لەلایەن حزبەکەوە کە لە وتار و دیدارەکانی کەریم ئەحمەددا بەرجەستە دەبێتەوە، لەو ڕوانگەیەوە پاڵپشتی دەکرێت کە هێشتا قۆناغی ڕزگاری نیشتمانی کۆتایی نەهاتووە و حزبەکە بەپێویستی دەزانێت ڕزگاری نیشتمانی وەک چەقێک لە خەباتی سیاسی پارتەکانی کوردستاندا کردەنی بکرێتەوە و هەریەک لەوان وزەی خۆیانی تێدا خەرج بکەن، نەک بەگەڕخستنی ململانێ لەسەر دەسەڵات لەناوخۆی کوردستان دا. ئەوە وا دەکات حزبەکە پێداگیری لەسەر کاراکردنەوەی بەرەی کوردستانی بکات، بەشێوەیەک کە هێزە نیشتمانییەکانی کوردستان بەشداری تێدا بکەن و ڕۆڵی خۆیانی تێدا بگێڕن. بەرەی کوردستانی وەک چوارچێوە و بەردەبازێکیش بۆ دەربازبوون لە ململانێی پارتی و یەکێتی لەسەر قۆرخکردنی دەسەڵات و داهات و تا مەترسی لە دابەشکردنی کوردستان!

وتار و دیدارەکانی کەریم ئەحمەد کە لە کتێبی (وشەی سوور)دا کۆکراونەتەوە، چونکە لە قۆناغی پاش ڕاپەڕینەوە تا ساڵی ٢٠٠٥ نووسراون و سازکراون، ڕەنگدانەوەیەکی تەواون بۆ هەموو ئەو ڕووداو و گۆڕانکارییانەی لەو قۆناغەدا ڕوودەدەن، هەیە. لە پێکهێنانی پەرلەمان و حکوومەتی هەرێمەوە لە ١٩٩٢دا تا دەگات بە بەرپاکردنی شەڕی ناوخۆیی لە نێوان پارتی و یەکێتی وەک دوو حزبی زاڵ و پاشان پرۆسەی ئاشتەوایی و لەو نێوەندەشدا تێگەیشتن لە هۆکار و پاڵنەرەکانی شەڕەکە، شوێنەوارەکانی و لە هەمووشی گرنگتر ڕۆڵی حزبی شیوعی و کارەکتەرەکانی لە بەڕێوەبردنی پرۆسەی ئاشتەوایی لە نێوان حزبە شەڕکەرەکاندا و خۆپارێزی لە بوون بە بەشێک لە شەڕەکە و دواتریش ڕووخانی ڕژێمی بەعس لە ٢٠٠٣دا و هەوڵەکان بۆ نووسینەوەی دەستووری نوێی عێراق و مسۆگەرکردنی مافەکانی گەلی کوردستان لە دەوڵەتی نوێی عێراق دا.

لێرەوە (وشەی سوور) بۆ هەموو ئەو نووسەر و توێژەر و هەتا سیاسییانەی بەدوای تێگەیشتن لە ڕووداو و دەرکەوتەکانی قۆناغەکە دەگەڕێن، دەکرێت وەک سەرچاوەیەکی پڕ سوود وەربگیرێت، بەتایبەت کە کتێبەکە وتار و دیداری کارەکتەرێکی دەرکەوتووی ناو خودی ڕووداوەکانە و زیاتر لەوەیش خودی کارەکتەر و حزبەکەی، بەشێکی لایەنگیر نین لە هەندێک مەسەلەی نەخوازراودا، لەناویاندا شەڕی ناوخۆیی، ئەو تایبەتمەندی لایەنگیرنەبوونە وا دەکات، هەڵوێست و بۆچوونەکان بێلایەنانەتر و بابەتییانەتر دەربکەون و زیاتر کۆمەکمان بکەن لە تێگەیشتنێکی ڕاست و دروست لەو ڕووداو و دەرکەوتانەدا.