ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

 

لە ژیانی مرۆڤدا، هیچ ڕووداوێک وەکو شەڕ، مایەی ترس و نائومێدی و نەهامەتی نییە. لەهەر شوێنێک بڵێسەی جەنگ هەڵگیرسا، دەبێ چاوەڕوانی هەموو کارەساتێکیش بین. مێژووی مرۆڤایەتی، هێندەی مێژووێکە لە شەڕ و کوشتن، هێندە مێژووی داهێنان و جوانترکردنی ژیان نییە. هەمیشە خوێن، شەڕ و ئاشووب، بەشێک بوونە لەو مێژووە. بە تایبەتیش لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و کۆمەڵگا خێڵەکی و دواکەوتووەکاندا. دەشێ ئەوەی بەدەیان و سەدان ساڵ بینای دەکەین، لە چەند خولەکێکدا، شەڕ وێرانی بکات و هەزاران ساڵ بیگێڕێتەوە دواوە. لە شەڕدا، هەر تەنیا مرۆڤەکان نا، بەڵکو سروشت و ژینگە و نیشتمانیش وێران دەبن و سیمای ڕاستەقینەی خۆیان نامێنێت. کە شەڕیش هەڵدەگیرسێ، خەونی گەورەی مرۆڤ ئەوەیە چۆن پەنایەکی ئارام بدۆزێتەوە و لەو شەڕەدا خۆی ڕزگار بکات، بەڵام گەلێک جار مرۆڤەکان لە مەرگێک ڕادەکەن، بێ ئاگا لەوەی بەرەو مەرگێکی دیکە و چارەنووسێکی دیکەی نادیار دەچن. چوار ساڵ لەمەوبەر، بەهۆی مەرگی ئایلانی کوردی کە لە شەڕ ڕایکردبوو، وێنەیەکی تراژیدی گەورە لە دەرهاوێشتەکانی شەڕ و نەهامەتییەکانی دەرکەوت. کاتێ ئەو منداڵە لەگەڵ خێزانەکەی بەمەبەستی گەڕان بەدوا ژیانێکی دیکە و هەڵاتن لە دۆزەخی شەڕ لەوڵاتەکەی ڕێگەی هەندەرانیان گرتەبەر، کەچی شەپۆڵە بێ ڕەحمەکانی دەریا لوولیدان. گەرچی دیمەن و چیڕۆکە دڵتەزێنەکانی ڕێگەی هەندەران و پەناهەندەیی، هەمیشە بەشێک بوونە لە گێڕانەوەکانی ژیان. وەلێ مەرگی ئایلان بە شێوەیەک بوو، کە مرۆڤایەتی شەرمەزارکرد. بەوەی کە چۆن لەو جیهانە گەورەیەدا، سووچێکی ئارام نەبێت تاکو منداڵێک دنیای پاکی منداڵییەتی خۆی تیادا بباتە سەر. (نوێژی دەریا) ناوی کتێبێکی (خالید حوسێنی)یە و ماوەیەک لەمەوبەر چاپ و بڵاو کرایەوە. ناوەڕۆکی ئەم کتێبە، لاوانەوەیەکە لە شێوەی پەخشانێکی هونەری لە بارەی مەرگی ئەو منداڵەوە کە ویژدانی مرۆڤایەتی هەژاند. نووسەر بە زمانێکی ئەدەبییانە، گوزارشت لەو ڕووداوە دەکات و مەبەستیەتی لە شێوەی پانۆڕامایەک، نەهامەتییەکانی جەنگ بەگشتی و شەڕی سوریاش بەتایبەتی پیشان بدات. کە چەند ساڵێکە بەردەوامە و سەدان ساڵ ئەم وڵاتەی گێڕایەوە دواوە بەبێ ئەوەی کەس براوە بێت لە شەڕەکە. نووسەر لە چەند دیمەنێکددا، وەسفی ژیان و دواتر دروستبوونی شەڕ و پاشان کۆچ و مەرگی ئەو منداڵە دەکات. لە دیمەنی یەکەمیان، هێشتا شەڕ هەڵنەگیرساوە و هەمووان ژیانێکی ئاسایی و بەختەوەرانە دەژین. هێشتا شەڕ حمێ و ئیدلبی وێران نەکردووە. لەو دیمەندا، هێشتا ئایلان نەبوویەکە و نەهاتۆتە ناو ئەو وەیشوومەی کە ژیانە کاتێک دەڵێت:

ئازیزەکەم مەروان..

لە هاوینە درێژەکانی مناڵیدا..

من و مامەکانت

لە سەربانی خانووە دێهاتەکەی باپیرەتدا دۆشکمان ڕادەخست..

بەیانیان وەختی شنەی شەماڵ دار زەیتوونەکانی دەلەراندەوە..

بێدار دەبووینەوە..

نووسەر لێرەدا، لە سەردەمی باوکی مەروان، واتا ئالان دەگەڕێتەوە مێژووی شاری حمێ و ئەو ساتانەی ژیان تیایدا ئاسایی بوو. سەردەمانێک کە هێشتا ئەو شارە، شەڕ وێرانی نەکردبوو. ئایلان بە ژینگە و شارێک ئاشنا دەکرێت کە بەشێکە لە مێژووی باو و باپیرانی خۆی، گەڕانەوە بۆ ئەو کاتانە، ئاماژەیەکە بەوەی کە شەڕ چۆن ژیان وێران دەکات و جوانییەکان دەسڕێتەوە. ئەوەی دەمێنێتەوە، تەنیا یادگارییەکانن کە لە ڕێگەیەوە جارێکی تر بە خەیاڵ بگەڕێینەوە ئەو کاتانە. لەو وێنەیەدا، نووسەر باس لە قۆناغی پێش هەڵگیرساندنی شەڕ دەکات و بەردەوام دەبێت لە نیشاندان و گێڕانەوەی جوانییەکانی ژیانی دوێنێ کە ئێستا شەڕ هەمووی لە ناوبرد. بۆیە لە وێنەیەکی دیکەدا دەڵێت:

لەو شارە کۆنە جەنجاڵەدا..

مزگەوتێک بۆ ئێمەی موسڵمان هەبوو...

کلێسایەک بۆ مەسیحییەکان..

بازاڕێکی گەورەش بۆ هەمووان..

ئەو شارەی ئێستا جەنگ وێرانیکردووە، سەردەمانێک هەڵگری هەموو ئەو هێما جوانانە بووە کە باوکی مەروان بینیویەتی و دەیانگێڕێتەوە. ئەو وەک گێڕەڕەوەیەک مێژووی ژیان لەو شارەدا باس دەکات و ساتەکانی بەختەوەری و ئاسوودەیی ژیانیان بۆ مەروان دەگێڕێتەوە. خۆزگەی ئەوەش دەخوازێت کە ئەوکات مەروان ئەو جوانییانەی ببینیایە، نەک ئێستا بەهۆی شەڕەوە ناچار بێت شارەکە و وڵاتەکەشی جێبێڵێت. بەڵام کە شەڕ دروست بوو، کوا جوانییەکان دەمێنن؟ بۆیە ئەمجارەیان لە وێنەی دووەمدا، نووسەر دیمەنەکانی شەڕی ناوخۆی سوریا و سەرەتاکانی هەڵگیرسانی ئەو شەڕە باس دەکات کە بۆ ماوەی هەشت ساڵە بەداخەوە ئەم وڵاتەی گرتۆتەوە و چەندین سەدە، جوانییەکان و مێژوو، شوێنەوارەکانی ئەو وڵاتەی وێرانکرد و گێڕایەوە دواوە. ئەمجارەیان باوکی مەروان بە کوڕەکەی دەڵێت:

سەرەتا ناڕەزایی و ئۆپۆزسیۆن پەیدابوو..

پاشان گەمارۆ..

ئاسمانەکان بۆمبیان دەباراند

برسێتی و قات و قڕی

مردووناشتن لە گۆڕستان..

دەشێ ئەوەی مرۆڤ بە دەیان ساڵ بینای دەکات، جەنگ لە چەند چرکەیەکدا وێرانی بکات و هیچ ئاسەوارێکی ژیان نیشان نەدات. تا ئەو ڕادەیەی مرۆڤ گومان بکات لەوەی کە ئاخۆ پێشتر ئێرە شوێنی ژیان بووە. لەوێنەی دووەمدا، ئەو چرکەساتانە دەبینین کە شەڕ هەڵدەگیرسێت و هەموو شتێک وێران دەکات. مرۆڤەکان بۆ ئەوەی لە شەڕ هەڵبێن و پەنایەکی ئارام بدۆزنەوە، کۆچ دەکەن. زۆرجار لە ترسی مەرگ هەڵدێن و کەچی دەچنە باوەشی مەرگێکی دیکە. دوای ئەوەی شەڕ دروست بوو، ئیدی مەروان و باوکی ناچارن وڵات جێبێڵن و بەرە و هەندەران کۆچ بکەن. لەوێنەی سێیەمدا، باسی ئەو کۆچە دەکات و دەڵێت:

لەم کەنارە ساردەی بەر تریفەی مانگە شەو..

هەموومان ترسمان لێ نیشتووە..

هەموومان بە دوای نیشتمانێکدا دەگەڕێین..

ئەوان لەشەوێکی بەر تریفەی کەنار دەریادا، سەرنجی شەپۆڵەکان دەدەن و چاوەڕوانی بڕینی ئەو ڕێگایەن کە مەرگێکی شاراوەی هەڵگرتووە. مەروان و باوکی بە دوای ژیاندا وێڵن و لە ترسی مەرگ ڕادەکەن، بێ ئاگا لەوەی شەپۆڵە بێ ڕەحمەکانی دەریا ژیان لە مەروان دەسێنێتەوە و باوکیشی نائومێدانە نزا دەکات کە خودا و دەریا چاویان لە کوڕەکەی بێت، بەڵام ئیدی هەموو شتێک کۆتایی دێت. ئەو بەدەم چاوەڕوانییەوە دەڵێت:

ئەوەی شکی دەبەم تەنیا نزایە و هیچی تر..

لەدەریاکە دەپاڕێمەوە لە مە تێبگات..

بەڵام بەداخەوە، دواجار دەریا گوێی لە پاڕانەوەکانی باوکێک نەگرت کە شەڕ چارەنووسیانی بە ڕێگایەکی وێڵ سپاردبوون و بە مەرگی مەروان، خەونەکانی ئەویش لە ناوچوون. ئەم کتێبە، وێڕای لاوانەوەیەکی کورت، هاوکات بەچەند وێنە و نیگارێکی ڕەنگاوڕەنگیش ڕازێنراوەتەوە کە بە وێنە گوزارشت لە دیمەنەکانی ئەو شەڕە دەکات کە هەشت ساڵە سوریای گرتۆتەوە و بەداخەوە دیاریش نییە کەی کۆتایی دێت و بڵێسەکەی دادەمرکێتەوە...

 

*پەراوێزک؛ نوێژی دەریا، نووسینی؛ خالید حوسێنی، وەرگێڕان؛ ئازاد بەرزنجی، بڵاوکراوەی ناوەندەی ئەندێشە؛ 2019.