ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

مەرحەبا مەلەک تاوس ، مەرحەبا

ئەوە ئەسحابەکانی ئێوەن

بە کراسی بەفرینەوە دێن

دێن و دەرو دیواری مەزارگەی (چل مێر) ماچ ئەکەن

ئەوە کچە مروارییەکانی بەر دەرگەی لالشن

هەواڵی سەرلەنوێ ئاوسبوونی زەوی و

گەیشتنی مامانەکانی یەزدان

بە کەنیزەکانی بەر دەرکی خەلافەت ئەگەیێنن

٭٭٭٭٭٭٭٭٭٭٭٭٭

مەرحەبا تاوسێ مەلەک مەرحەبا

ئەوەتان دایکانی بێ زارۆک

زارۆیانی بێ دایک

بەسەر پشتی هەورو

تۆفانی پڕ ئومێدەوە رائەکەن

ئەوەتان بە خۆیان و مەسحەفێکی سپییەوە

بەخۆیان و کراسە رەشەکانی مەرگەوە هاتوون

هاتوون ، ئەمجارە لەبن باڵی بریندارت ، ئەی مەلەک تاوس

مەسحەفی رەشی یار

بەخوێنی شەنگالی سپی بنووسنەوە

٭٭٭٭٭٭٭٭٭٭٭٭

مەرحەبا تاوسی سەد رەنگ مەرحەبا

هاتووم بە کۆڵێک تاوانی مێژووەوە هاتووم

هاتووم .. بەنێوچاوانی پڕ لە ئارەقی شەرمەوە ، بڵێم

یەکەم قڕکردنی پەیڕەوانت

هاوئایینەکانی من بوون

هاتووم بە هەموو دونیا بڵێم

ئەوە ئێمەین تاوان بەدوای تاوانەوە گرێ ئەدەین

ئاخرین رۆژی حەشریش هەر ئێمە بووین ، ئێمەەەەەەەەە

ئەزانن بۆ ؟

هاتووم ، منیش لە دۆزەخی ئەوانەوە هاتووم

هاتووم

بە ئاوی گوناحشۆرتان بمشۆرنەوە

نەبادا لە ئاییندە

وەک موریدی سوڵتانێ

یا وەک چەکداری ئەمیرێک

بۆتان بگەڕێمەوە

٭٭٭٭٭٭٭٭٭٭٭

مەرحەبا ئەی تاوسی پەلکەزێڕین مەرحەبا

وەرزی وەرینە وەرین هەستە ...!

زێدی تۆ پڕ بووە لە ڕەش وەرین

لە ڕیشی ڕەش

لە جلی ڕەش

ئاڵای ڕەش ڕەش

هەستەو هەڵفڕە ، دەنگێک لە قەڵشەکانی برینەوە دێ

ئەوە نەوەکانی زەردەشتن

سروودی توڕەیی ئاسمان و

ئەی رەقیبانی شەنگال ئەچڕن

تاوسە بریندارەکانی لالش

حەیرانی پڕ لە غەریبی

کچە ئەسیرو سەبیکراوانی ئێزیدی

ئەڵێنەوە

هاتووم هەستیتەوە

ئەی فریشتەی خوێنی زەوی

هەستەوە

نورێک لە غەزەبی ئێوەو

خۆرێکی سپی سپی ، بە تاریکی باڵای ئێوە ، هەڵئەگەڕێ