ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

نوسینی : شێخ صدیق

بە ناوی مرۆڤایەتیەوە ، داوایی لێبووردن لەهەموگیاندارەكانی دونیا دەكەین , ئەوە تاوانێكی گەورەیە دەرهەق بە ئاژەڵەكان و گیاندارەكان , نەوەكانی مرۆڤایەتی فێردەكەین, لەم كردەوە دڕندانەیە دووبارە نەكەنەوە ، پێویستە كەیسی جینۆسایدی ئاژەڵ و گیاندارەكان لە لایەن مرۆڤایەتیەوە ببرێنە دادگای نێو دەوڵەتی بە جینوساید ناساندنی كردەوەكانی مرۆڤایەتی دەرهەق بە ئاژەڵ و گیاندارەكان ...

بارام بەیاننامەی ڕیككەوتنامەكەی نێوان مرۆڤ و گیاندار و ئاژەڵەكانی مۆركرد!. گووتی : بۆ هەتا هەیە نابێت، لەم مەملەكەتەی ئێمەدا گیاندار و ئاژەڵەكان جینوساید بكرێن ڕێككەوتننامەی یاساخ كردنەكە لە دارستان و دەشتاییەكان و چیاكان و دۆڵەكاندا، جاڕی بۆ دەدراو لەسەر هەموو گاشە بەردو دارەكاندا هەڵواسران .لەناوچە شاخەوایەكان ئاهەنگ بوو, كرایەكوبۆنەیەكی نیشتمانی .

بارام لەسەر گاشە بەردەكە كەوتە بیركردنەوەی دایكی كاتێ‌ لە ماڵی شێخ مەلیك دەف ژەن بوو .بیری لەو شەوانە دەكردەوە ، بەدەم گێڕانەوەی حەقایەت و سەرگوزشتەی ژیانی خۆیەوە دەیانی خەواندن ...

ئەو شەوەی بیرناچۆوەكە حەقایەتی دەنگی ڕەشەباو دەنگی شەپۆلی ئاو ، نمەی باران و هەورە برووسكە و كەوتنی دار بەڕووی بۆ دەگێڕانەوە ... لەو كاتەوە ئارەزووی فێربوونی ئاواز و نۆتەی دەنگی سرووشت بوو . تاكو ئیستاش هەر بەدوای گەڕان و كۆكردنەوەی نۆتەی سرووشتەوە یە ، تاكو گەشت بەوەی لە زانكۆ وانە بڵێتەوە ...

× × ×

لە سەر گاشە بەردەكە بە دەم یادگارییەكانی مناڵی و دایكی خەوی لێكەوت ... لە خەونیدا ، دایكی بینی بە كراسێكی سپی سپی لە سەر چیایەكی بڵند بە پێوە وەستابوو , دەفی دەژەنی بە وێنەی با دەستەكانی دەجوڵاند خرۆشابوو ، وات دەزانی لە كۆڕی زیكری دەروێشاندایە .... بەرەو ڕووی ڕایدەكرد و بانگی دەكرد و دەگریا و هاواری دەكرد ، لە ناكاو لەسەر گاشەبەردەكە كەوتە خوارەوەو ئەوجا هەستی كرد خەوی بینیوە.

دایكی لە خەیاڵیدا دەرنەدەچوو ، ئەو كاتانەی كە مناڵ بووە ، لە گەڵ دایكیدا چۆتە تەكیەی شێخ مەلیك ... لە گەڵ مناڵانی هاوتەمەنی خۆی یارییان كردووە. بیری ئەو شەوەی كردەوە كە دایكی سەرگوزشتەی ژیانی خۆی بۆ گێڕاونەتەوە ، ئەو شەوە بە هەرسێ‌ مناڵەكەی گووت : باپیرە گەورەم لە چیاكانی قەوقازەوە كۆچیان كردووە بۆ چیاكانی كوردستان ، لە قەوقاز لەسەر پاوەن و لەوەڕاندنی ئاژەڵەكان ، تووشی دوژمنایەتی بوون و باپیرم حەوت قەوقازی كوشت و دوای ئەو ڕووداوە ماڵی باوانی باپیرم قەوقاز بە جێدیڵن ، بەم شاخە سەختانەی ئێرەوە دەگیرسێنەوە ،لە قەوقازا ئاینی زەردەشتی بیروباوەرمان بوو,لەئاتەشگاكانی زەردەشتدا باپیرە گەورەی باپیرم پیری زەردەشتی بوو,لیرەش بەچیاكانی كوردستانەوە پەلاماریان دەدان و لەترسا بوون بە ئسلام . بەردەوام لەم ووڵاتەدا شەڕیان پێ‌ فرۆشتوون لێرە و لەوێ‌ جێگەیان پێ‌ چۆڵكردوون . دواجار حكومەت ناسنامەی ئەم ووڵاتەیان پێدە بەخشن . دایكی باسی ئازایی سوار چاكی باپیری و باوكی بۆ مناڵەكانی دەگێڕایەوە دەیگوت : باپیرە گەورەم سوارچاكی ئەسپ سواری بووە ، لە ڕاودا نیشان شكێن بووە ، پێستی ئاژەڵە ماڵی و كێویەكانی و خۆش دەكردوو دەیانی كرد بە دەف و دەهۆڵی گەورە. بۆ خۆی دەهۆڵ و كوت و دەف ژەنێكی باش بوو, فرمێسك بە چاوەكانیدا دەهاتە خوارەوە و ئاهێكی تووندی هەڵدەكێشاو دەیگوت : لە باوكمەوە فێری سوارچاكی ئەسپ سواری و تفەنگ چێتی و دەف ژەنین بووم . بە تەنیا دەچوومە چیا سەختەكان ترس لە دڵمدا نەبوو ، شەوان بە تەنیا لە ئەشكەوتەكاندا لەبەر سەختی بەفر و باران ماومەتەوە ....

هەرسێ‌ مناڵەكە چووبوونە بندەستی و بە تامەزرۆوە گوێیان بۆ قسەكانی دایكان هەڵخستبوو . گووتی : شەوێك بەفرو كڕێوە بوو دۆڵەكان , تاكو باڵای مرۆڤ بەفر باری بوو ، ڕێگاكەم لێ‌ هەڵەبوو ، بە تفەنگەكەم تەقەم دەكرد بە ئاسماندا ، لە دەنگی تەقەكان بەفری قەد شاخەكان دەخزانە كەندڕ و دۆڵەكانەوە ، بە درێژایی شاخەكە هەرەسی دەكرد .

بارام گوتی : بۆچی تەقەت دەكرد ؟

دایكم گوتی : نیشانەی بە هاناوە هاتنەوەیە ئەوانەشی كە گوێیان لە تەقەكە دەبێت بە تەقەی تفەنگەكانیان وەڵامی دەدەنەوە ، بەرەو لای یەكتری دەڕۆن . ئەو كاتەی من تفەنگەكەم تەقان هەستم كرد لە دۆڵێكەوە وەڵامم درایەوە ، ئیدی بەدەم دەنگی تەقەكەوە ڕۆشتم ئاگرێكم بینی ، پیاوێكی سمێڵ گەورە دوای ئەوەی سڵاوم لێكرد و گووتم تۆ قەوقازیت گووتی: نەخێر كوردم كاكەیم ...لە ژێر تاشە بەردێكدا ، جیگەی ڕاخستبوو ، چایەكی لەسەر ئاگرەكە نابوو, بۆنی هێندە خۆش بوو , مرۆڤ بەو بۆنە مەست دەبوو ، چایەكی خەستی پێدام زۆر بە تام بوو ، جەستەم گەرم بووە ... لە جێگەكەی خۆی خەواندمی خۆشی تاكو بەیانی بە دیار ئاگرەكەوە ، دانیشت و چای خەستی دەخواردەوە گووتی : دەزانن ئەو پیاوە كێ‌ بوو ؟ ئێمەش گووتمان نایزانین كێ‌ بوو, ئاهێكی توندی هەڵكێشاوو ، گووتی: ئەو پیاوە باوكتان بوو, ئەوە یەكەم جار بوو, ببینم بۆ بەیانی كە ڕۆژ بووە، بەڕێی كردم تاكو گەیاندمیە ماڵە كۆچەرییەكان لە ڕێگە پێی گووتم :من ژنم نەهێناوە ، ئەگەر تۆش شووت نەكردووە, پێم خۆشە بێم بۆ داخوازیت . بەدەم ئەم قسانەوە نزیك كەوتینەوە لە ماڵەكان پێكەنیم و سەرێكی ڕازیبوونم لەقاندوو ،بەتوندی ئاوزەنگیەكم لەئەسپەكەمدا و بەرەو دەواری ماڵی باوكم بووەمەوە. گووتی :بەم نزیكانە دێمە داوات.