ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

نووسینى: شێخ سدیق

گالیسکەوانەکە بەدەم مژلێدانى شەرابەوە گوتى: بۆم باس کردى باپیرەم ڕاوچى بوو، کە زستان دەهات بە لوتکەى چیاکانى باکووردا نەدەهاتە خوارەوە، جلوبەرگى فەروەدارى دەپۆشى، ساڵى وابووە، بە هەرەسى بەفر ڕێگەى لێ گیراوە، دواى دوو شەو و دوو ڕۆژ خەڵکى ئاوایى بە دەنگى تەقەى تفەنگ دەیاندۆزیەوە...

× × ×

چەند شەو و چەند ڕۆژ بە ناو سەختى ڕێگە و بەفردا دژوارى زۆریان بڕى و زۆر ماندوو و شەکەت بوون. گەیشتنە گوندێکى چۆڵکراو خاپوورکراو... تاقە خانوویەک لە بنارى شاخەکەدا بە تەنیا مابووەوە. دەمەو بەیان بوو، تروسکاییەک لە پەنجەرەکەوە دیار بوو، لە لوولەى سوپاکەوە دووکەڵ دەچوو بە ئاسماندا، بە هیلاکى و ماندووبوونەوە، خۆیان گەیاندە تاقە ماڵەکە و لە دەرگاکەیان دا، پیرەژنێک دەرگاکەى کردەوە، بردیانییە ماڵەوە، سۆپاى بۆ گەرم کردن، هۆشێک هاتەوەبەریان، زۆر ماندووبوون، خەویان لێکەوت...

درەنگانێک بە ئاگا هاتنەوە، لەگەڵ پیرەژنەکە کەوتنە گفتوگۆ. گالیسکەوانەکە گوتى: بە تەنیا لەم گوندە وێرانە چى دەکەیت؟ 

پیرەژنەکە گوتى؛ کوڕم ئێوە منداڵن، شەڕى داڵە کەرخۆرەکانتان لە بیرنایە، داڵەکان پەلامارى ئەم ئاواییەیان دا و هەموو خەڵکەکەیان لە ناوبرد، بە کۆمەڵ خرانە ژێر خۆڵەوە. چەند کەسێک دەربازیان بوو... شەڕ و ئاشووب هەموومانى لە ناوبرد، ڕەشەبا گەورەکەى ساڵى گیاقڕانەکە باوکم بە سوارى وڵاخە ڕەشەکان کۆچى کردووە بۆ ئەم گوندە... بە گەنجى دایکمى خۆشویستووە، زۆر خزم و کەسوکارى ناردووە بۆ داواى ماڵى باوکى دایکم قایل نەبوون. بۆیە لەگەڵ دایکم ڕێک دەکەون نیوە شەوێکى زستان هەڵیدەگرێ و دایکیشم لەبەرئەوەى خۆشى دەوێ ڕەدووى دەکەوێت و لە باکوورى کوردستانەوە هاتوونەتە ئەم گوندە .

× × ×

گالیسکەوانەکە گوتى: من دەڕۆم ڕێگەم دوورە. بارام گوتى: ڕێگەکەت نزیک بۆتەوە، دەتوانى بە تەنیا بڕۆیت، من ئەمشەو لاى ئەم پوورە دەمێنمەوە... دەچێتە لاى گالیسکەکە و سەیرێکى تەرمەکە دەکات و گالیسکەکە لە ئەسپەکە دەبەستێ و سوارى ئەسپەکە دەبێت بوتڵە شەرابەکەى دەردەکات و مژێکى قووڵى لێدەدا بە سەر خواحافیزى لە بارام و پیرەژنەکە دەکات...

قەمچیەکەى لە ئەسپەکەى دەدات و بەرەو بنارى چیاکە بەڕێ دەکەوێت و هاوار دەکات و دەڵى: ئەم ساڵ زستانەکەى سەختە ئاگاتان لەخۆتان بێت، بەفرێکى گەورە بەڕێوەیە.

× × ×

پیرەژنەکە گوتى: کوڕم زۆر ماندوو دیاریت، ڕووخسارت تەواو خەفەتبارە و بێهێز و لاوازى، خەڵکى کوێیت؟ 

گوتى: پورێ من بە دواى نۆتە و مۆسیقاى سرووشت و لێکۆڵینەوە دەگەڕێم، دەمەوێت زانیارى لە سەریان پەیدا بکەم، بۆ ئەوەى پێشکەشى قوتابییەکانمى بکەم لە زانکۆ. دایکم کاریگەرى لە سەرم داناوە و خۆشى دەفژەنێکى شارەزا بوو، ناوبانگى هەبوو.

پیرەژنەکە گوتى: دایکت ناوى چى بوو؟ 

بارام گوتى: پوورخورشید.

کە ناوى پوورخورشیدى هێنا پیرەژنەکە دەستى کرد بە گریان و گوتى پوورخورشیدى دەفژەن.

بارام گوتى: دەیناسى؟

گوتی لە بیابانەکان پێکەوە دەستبەسەر و زیندان بووین... هەموو بەیانییەک دەفى دەژەنى و بە دەنگى دەفەکانى ورە دەهاتە گیانمان نەیدەهێشت لە ناخماندا بڕوخێین... 

بارام گوتى: ئەى چى بەسەرهات؟

پیرەژنەکە گوتى: بۆ ئەوەى هەموومان لە ناخەوە بڕوخێین، شەوێک بردیان و نەمانبینیەوە، دواى بردنى پوورخورشید هەموو ڕۆژێک دەگریاین، نەخۆش دەکەوتین و ورەمان ڕووخا بوو... 

بارام گوتى: تۆ دڵنیا بووى پورخورشید بوو.

پیرەژنەکە گوتی: ژنێکى دەم و چاو خڕى ئەسمەر چاوکاڵى تەمەن حەفتا ساڵێک دەبوو. دەفژەنێکى شارەزا و بە ئەزموون بوو... چاو نەترس و ئازا بوو، باکى لە سەربازەکان نەبوو، توڕە دەبوو، داواى خواردن و داو و دەرمانى بۆ نەخۆشەکان دەکرد. ناوکى ئەو منداڵانەى دەبڕى کە لە زیندان لە دایک دەبوون، ئەوانەى دەمردن بە ژێر کراسى ژنەکان کفنى بۆ دەدوورین، یان بە گوێنییە سپییەکان مردووەکانى دادەپۆشى، شەوان بە دزى سەربازەکانەوە، دەمانخستنە ژێرخاکەوە. سەگە ڕەشەکە دواى ئێمە بە چنگە کڕى مردووەکەى دەردەکرد و بە بەرچاوى هەموومانەوە دەیخوارد.

ژنێکى میهرەبان و لەسەرخۆ و نەرم و نیان و کەم دوو، ورە و هێزى بە هەموو زیندانییەکان دەبەخشى، پشت و پەنامان بوو، نەخۆش کەوتینایە، سەرمامان بووایە، ئازارێکى کەممان هەبووایە، کەمێک بێزار بووینایە، بە دیار سەرمانەوە ئامادە بوو.

هەر کاتێ هەستى بکردایە ترس ناخى گرتووین، دەفەکەى دەردەکرد، بە دەست و مەچەکى وەکو بایەکى توند دەست و پەنجەکانى دەفیان دەژەنى، دار و دیوار و زیندانیان بێدەنگ دەبووین، چاوەکانى لە ئاسمانى دەڕوانى، وەکو ئەوەى لە خودا بپاڕێتەوە داواى ڕزگاربوونمانى دەکرد... ورەى پێ دەبەخشین، هێز و ڕۆحمان لە جەستەماندا سەر لە نوێ دەژیایەوە.... ترسەکان لە جەستەماندا ڕایان دەکرد و خۆمان بە هێز دەهاتە بەرچاو، نەماندەزانى ترس ماناى چییە... نەماندەزانى ئەو دەف ژەنینە چ هێزێکى سیحرى پێ دەبەخشین... بەیانییەکى زوو پوورخورشیدیان لەگەڵ کۆمەڵە ژنێکدا پەلکێش کرد و بردیانن.