ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

گەڵاکانم لێ کەرەوە ..

گڤەی ئەو پایزە ،

دەستەکانی لە وەرینی من شل نابێ ..!

لقی هەموو ئێوارەیەکم ،

بە هەورە بروسکە دوو لەت کــە ،

جارێکی تر 

گەڵای بەهار ،

بە قافیەی ڕستەیەکی شیعری من تەڕ نابێ ...!!

من لەبەر تۆ ،

لە ئازاری پاژنەکانی ئاو بێ دەنگ بووم ،

دەنا لە ماچەکانی ئەرخەوانی باران تەڕ ترم ...!

من لەبەربوونەوەی عیشق نەترسام ،

ترسی من ،

لە خنکانی ئاوو

لە کز بوونی سەمای دەستەکانی ئەو بوو ..!

ڕۆژێک دەبێ ئەو کەنارە مۆنجـە بدا،

لەزریکـەی قامکە سووتاوەکانی ڕووبار 

بە تەنیشت گۆرانیەکمەوە بسوتێ ی

لە تەنیشت گریانێکم بوەستی ...!!

ڕۆژێک دەبێ ..

هەناسەکانم ئەوبەری گەڕەکی هیجرەت سەوز کەن

تا کۆڵانەکانی گریان ،

لە کوشتنی مــاچ بستێننەوە ،

تا خنکانـی بــا بە هەموو کەون بڵێم ...!

تۆ من ناناسیەوە ..!

من لە دەلاقەی زەمەنێک لەدایک بووم 

بەر پەنجەرەکەی تەڕ بوو لەترس ،

گیرفانەکانی خاڵی خاڵی بوون لە گۆرانی ..

بۆ مەڵاشووی ئێوارەیەکی ماندوو،

لە دەستەکانی کــانـی ،

تەڕ تر بووم ..

پەنجەکانم لەوێ جێهێشتن ،

بۆ خۆڵی حەساری تابلۆیەکی شین ..

قەڵەمەکەم بەخشی یە شۆرەبی یەک ،

بۆ ڕەنگ کردنی پرچـی ئـاو ..!

تۆ منت بیر نایەتەوە ..؟

من لە سۆراغی بارانێکی وون بوو دا ،

بووم بە پەڵە هەورێکی پـیر 

زۆر دڵ ناسک ،

ناسکتر لە پەنجەی پەشمەکی بەفـر 

بە قریشکەی بروسکەیەکی خومار ڕادەچڵەکیم ..!

جار جار دەستێکم دەگا بە مەرگ ..

هەموو جارێک پێی دەڵێم :

لەگەڵ دەستەکانی بەفر موتربم کە ،

لەگەڵ کچێکی باران ،

لەهەیوانی پایزێک دا بم شارەوە ،

ناونیشانم تەنهاو تەنها ،

بە گەڵای ڕەیحــانە بـڵـێ ..!

گەڵاکانم لێ کەرەوە ..

وەک ئەو ڕەشەبایەی دەستەکانی لە کەزی بەفر دەئاڵێنـێ و ،

شێتی خۆی لە مەستی دا،

لە پەرداخێک دا لێک لێک هەڵدەدا ،

پێت سەیر نەبێ ..!

لە مەرقەدی بولبولێک ،

جریوە چاوەکانی داخستـووە ..

باران بەچاوی شیعرێکەوە ،

دەلینگەکانی بەربوونەوە تەڕ دەکـا 

عیشق لەباڵێکی برینداری شەختە دەچــێ ،

باران ڕاو نانــێ 

بەجانتایەک حەرفەکانی هیجرەتەوە

مــاچ هەڵـدەدا ..

 

پێت سەیر نەبـێ ..

عیشق دەنگی منداڵێکی گریاوە ،

لە باوەشێکی کولاوە دا ،

تا ئاخیر نەفەس ،

هەر باڵ لێک دەدا .....!!!