ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

گەر بەوێدا نەهاتمەوە،نە تۆ دڵگران دەبی نەپەپولەیەكیش بیر لەخامۆش بوونی چرای ڕوحی من دەكاتەوە.

ئەز هور بەتەنیا دەسوتێم،

فڕینم بەتەنیا لەعەرعەرە،

باڵی دڵم،بەدەستی خۆم شكاندوومە.

هەموو گۆرانیەكانی نیشتیمانم بەچەند بەرگەیەكی ئیتڵاعات فرۆشت و تا بڵیندتر بم لەتۆ!

ئیدی بەوێدا نایەمەوە،چیدی چاوم بەخۆر ناكەوێت ولەبەر هەیوانی تاریكیدا،سوڕەتی لەناوبردنی خۆم دەخوێنم.

ئەو ڕۆژەی بێ پسولەی هیچ جانەوەرێك زاڵگەو كەمینەكانم دەشكاند،تەنیا نزاو ڕوحی بەفرینی دایكم بوو.

ئەو ڕۆژەی كەسەر چیا بڵیندەكان بەڕوحی زەردەشت دادەگیرسان،تەنیا سروشی ئەو خودا سپیەی شۆڕش بوو.

بەوێدا نایەمەوە،نەسەفەرێكم دێتە پێش و نەبەرنامەی نامەیەكیشم هەیە بینوسم.

ئاخر ئێمە تۆمان فرۆشت،ئێمە بۆ مەلە كردن لەنەوتدا،خودامان هەرزان فرۆشكرد.

ئێمە بۆگەمەیەكی شێتانە هەموو ڕۆژەكانمان كردن بەرواری ناشیرین.

كام ڕۆژ هەیە دەنگی ئێمەی نەسوتاندبێ؟

كام هەناسەی هەڵەبجە هەیە خەوی منداڵانی تێدا نەخنكابێت.

بۆچی خۆ گەر بشمهەوێت بێمەوە،من هی ئەوە نیم خۆشت بوێم.

تۆم داوەتە دەست دەڵاڵێك و لەمەیدانی خەلیفەدا!

لەژێر پاژنەی خەلیفەو دڵڕەشەكانی بیاباندای!

بۆ چی بێمەوە كە نەتوانم بەئارەزووی خۆم تێر لەقڵبەزەی كوێستانەكان ڕامێنم و تێر بۆنی بارانی گوندەكەم بكەم؟!

ئێستا كەسم لەژیان دا نەماوە دوعاو پاڕانەوە بۆ نیشتیمان بكات،نەدایكم دەبینم نەخۆشم ئەو مەردە چەلەنگ و ئازایە نیم،بتوانم شەو بە باوەشی تۆوە خەو ببینم!

نا نا 

نایەمەوە كەڵكی ڕیزكردنی پێڵاوی میوانەكانی خەلیفەشم نیە،

كەڵكی ئێوارانی سەربان ودرەنگ هاتنەوەی نیگاكانیشم نیە،بۆچی بێمەوە خۆ نیشتیمانم ،بەمن ژیر نابێتەوە!

خۆ دایكم بەمن زیندوو ناكرێتەوە!

خۆ گوندەكەم جارێكیدی ناچێتەوە بۆ شاری ڕەشبەڵەك وسەرچۆپی لەدەستی ئێمەدا نیە؟!

تازە دەست لەمن بشۆ!

ئەو دەستانەم بەدیار مردنی خۆم لەسەریەك داناون.

چاوەكانم بۆ گریانێكی كۆتایی جێهێشتوون و كە وەختی گیان كێشانی خودا هات بابگرین،

دڵم بۆ وشك بوونی بقخچەكان جێهێشتووە،كە هەڵەوەرین،ڕێگەی پێ بدە بابشكێت.

ئەوتا من هەردەشكێم،

ئەوتا هەر زەرد دەبم،

ئەوتا هەر لەماڵێك دانیشتووم ،نەتۆی لێی و نە بۆنی چایەكی سەرداران دەكەم!

نەكەس سڵاوێكی ماوە،نەكەس گوێ لە شكان و وێرانبوونم دەگرێت!

١/٩/٢٠١٩