ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

ساڵی 1925 ساڵێکی نەگبەت و پڕ شووم دەبێت بۆ شاعیری گەورەی ڕووسی سرگێی یسێنین ، باری تەندروستی و بەتایبەتی دەروونی زۆر نالەبار دەبێت و لە ھەمان کات ، شاعیر ھەست بە وونبوونێکی ئەدەبی دەکات لە ناو شۆڕشی سۆسیالیزم و گومانێکی گەورەی دەبێت لە وەی ، کە ئەو بەھا ڕۆمانتیکیەی لە سروشت و ژیانی ساکاری گووندی ڕووسی ھەبوو ، شۆڕشی سۆسیالیزم بتوانێت بیپارێزێ . لەو باوەڕەدا بوو ، کە ئەو گۆڕانکاریە پیشەسازیەی لە ئارادایە ، شێوە سروشت دەشێوێنێت و خاک و نیشتمانەکەی ،کە سروشی شاعیر بوون بۆ داھێنان ، ڕوو لە واقعێکی وشکی بێ سۆز و ئاواز دەکات . لە ھەمان کات ، ناکۆکیەکی نائاشکرا ھەبوو لە نێوان شاعیر و دەسەڵات ، چوون وەک کوڕە جووتیارێکی سەربەست پەیوەست بوو بە ئازادی ڕووح و بیر و ھزری خۆی . بۆیە ھیچ پرینتسیپێکی دەسەڵات نەیدەتوانی شاعیر داببەستێ .

دۆشدامان و دوودڵی یسێنین لەم بار و دۆخەدا ، تووشی فشارێکی دەروونی گەورەی دەکات و ڕەنگدانەوەی ڕاستەوخۆی دەبێت لە ناوەڕۆکی شیعرەکانی ، کاتێک باس لە وونبوون و مردن و دابڕان دەکات بە بەردەوامی . لە ھەمان کاتدا شاعیر زیاتر ئاڵوودەی خواردنەوەی مەی دەبێت ، ئەمەش وایلێدەکات کەباری دەروونی بەرەو خراپتر بچێت و بیخەنە نەخۆشخانەی تایبەت بە نەخۆشیە دەروونیەکانەوە . بۆ نزیکەی مانگێک لە نەخۆشخانە چارەسەری بۆ دەکرێت . یسێنین لە وێش خەریکی نووسین دەبێت و چەندین ھۆنراوە دەنووسێت . بەڵام شاعیر لە نەخۆشخانە ھەڵدێت و بەرەو بتروسبورگ دەچێت ، پاش ھەفتەیەک لە چوونی بۆ،ئەم شارە ، شاعیر خۆی دەکوژێت و کۆچی دوایی دەکات ، لەسەر مردنی یسێنین ، جۆرەھا لێکدانەوەی ئەفسووناوی و بۆچوون ھەبوون . چوون شکێکی گەورە ھەبوو ، کە دەسەڵات دەستی لە مردنی شاعیردا ھەبێت . بەڵام ئەوەی کە بوو بە بەڵگەی ھەرە گەورەی خۆکووشتنی شاعیر ، ئەو نامەیە بوو ، کە لە شەوی 27/12/ 1925 بە خوێنی خۆی دەینووسێت ، بە ناونیشانی " ماڵئاوا دۆستەکەم ..... ماڵئاوا " و لە ڕۆژی 28/12/1925 ، لە ئوتێلی" ئەنگلیتار " چاویان بە یسێنین دەکەوێ بە ھەڵواسراوی . پاشان لە ڕێی ڕۆناژنامەکان ، مردنی شاعیر لە تەمەنی سی ساڵی ڕادەگەێنرێت .

مردنی یسێنین ، سەرتا پا ناخی ڕووسیا دەھەژێنێت . ھیچ شاعرێک ئەوەندە کەسەی بۆ ماڵئاوایی لێکردن ، بۆ نەھات ، وەک بۆ یسێنین ھاتن ، ئەوەندە گوڵەی لەسەر تەرمی ھیچ شاعیرێک دانەنرا وەک ،ئەوەندەی بۆ یسێنین دانرا ، نزیکەی دووسەد ھەزار کەس بەشداری دەکەن لە ماڵئاوایی کردنی و بەخاک سپاردنی یسێنینی جوانە مەرگ .

دوا ھۆنراوەی ،کە بەخوێنی خۆی نووسیویەتی دەڵێت :

ماڵئاوا دۆستەکەم .... ماڵئاوا 

ئازیزەکەم ، تۆی لەناو دڵ .

ئەو دابڕانە دەستنیشانکراوە ،

بەڵێنی بەیەکگەیشتنی دواترمان 

پێدەدات .

ماڵئاوا دۆستەکەم ، 

بێ تۆقەکردن و بێ ووشە .

دڵگران و گرژ نەبیت ،

لەم ژیانە مردن ،

شتێکی نوێ نیە و

ژیانیش بێگومان 

لە مردن نوێتر نیە .

وەرگێڕان و ئامادەکردنی لە ڕووسیەوە 

بەیان کەریم ئەحمەد 

<img src="content://com.samsung.android.memo/file/daffa0af-e164-6d48-0000-016d020318f1" orientation="0" altText="null" width="498" />