ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

شيعرى : ئیبراهیم هەورامانی 

(1 ) 

له‌ زيندانييه‌ك بپرسه‌،

خۆرى ناو زيندان چه‌ند شيرينه‌ ؟

تۆ 

شيرين و

شيرين و 

شيرين ترى !

**** 

(2 )

تۆ 

یەکجار ڕۆشتیت.

من،

هەزار جار،

مردم!

**** 

(3 )

كه‌ تۆده‌ڕۆیت،

من هیچم له‌ده‌ست نایه‌ت.

هیچ ...

هیچ.

ته‌نیا مردن نه‌بێ!

**** 

(4 )

له‌ زيندانييه‌ك بپرسه‌،

خۆرى ناو زيندان چه‌ند به‌نرخه‌؟

تۆ 

به‌نرخ و 

به‌نرخ و 

به‌نرخترى !

**** 

(5)

دێڕه‌ شیعرێكم،

ناده‌م به‌ هه‌موو گه‌وهه‌ری دونیا.

له‌به‌رئه‌وه‌ی نا،

من شاعیرێكی زۆر باشم.

ته‌نیا به خاتری ئه‌وه‌یه‌ 

ناوی تۆ،

له‌دێڕ به‌دێڕی شیعره‌كانمدا هه‌یه‌.

**** 

(6)

مردن،

تامێكی شیرینی هه‌یه‌.

هه‌روه‌ك،

لاله‌نگی.

به‌تایبه‌ت :

ئه‌و كاتانه‌ی كه‌ تۆ نیت!

**** 

(7)

ده‌زانم،

گۆی زه‌وی،

ڕوبه‌رێكی فراوانی هه‌یه‌!

به‌ڵام،

به‌ من چی؟

كاتێك ،

كه‌ ته‌نیا ده‌بمه‌وه‌ .

(8)

ئه‌وه‌ى،

دڵخۆشم ده‌كات.

هه‌واڵى،

هاتنى تۆيه‌!

**** 

(9)

دواجار،

له‌سه‌ر كێلی گۆڕه‌كه‌م بنوسن.

ده‌یویست بژی .

به‌ڵام هه‌ر نه‌ژییا!!

*** 

(10 )

خه‌نده‌ى،

سه‌ر لێوه‌كانت،

له‌ ڕه‌فه‌ى كتێبخانه‌كه‌مدا هه‌ڵده‌گرم. 

بۆ ڕۆژانى بێ تۆيي ،

كه‌ڵكم ده‌خۆن.