ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

 

 

 

 

 

دڵی هەموومانت شكاندووە پایز

هەر خۆشم دەوێیت

كراسێكم لەگەڵا دەوێت ویەخەكانی پڕ بكە لە نەمە

ئەوەتا

گۆرانی دەڵێم دەنگم هەڵدەوورێت

ئەوەتا شایی دەكەم و

سەرچۆپیم دەوەرێت

شەوم لە بان وەرینی ڕەنگەكانی هەتاو داناوە تا نەمرێت

شەو بمرێت

ژوانی هەموو هەرزەكارەكانی باران دەمرێت

شەو بڕوات

چی فڕینی ماچی تۆ هەیە لێم بزر دەبێت

شەو دەستم لێ بەردات

گیانم دەكەوێتە بەر پێیێان

پایزی گۆران لە شۆڕشێكی چینایەتیدا بڵیند بوو

شۆڕشێك هەڵوەری

زەمەنێك شكا

خودا ئێمەی خستە پەراوێزەوە

تۆمان هەر خۆش دەوێت

چەند ئێوارەكانت لەكۆلكەزێرینە دەچن

سبەینانت

لە ڕوحی مەریمی دایكم دەچن

تۆ دەڕۆیت و وەرزەكانی دی توڕە دەكەیت

من توڕە نابم

دەخەوم

لەناو شكانی تیشكەكانت دا

دەخەوم لەسەر ڕوومەتی سپی سپێدەكانت دا

چی

هەناسە هەیە دەیخەمە باوەشت وبەشیعرێكی حمە عمر عسمان دەخەوم

مەست دەبم ویەخەی شوشەكانی شەڕاب. دەگرم

ئەو پێی گووتم شەڕاب حەرام نیە لەژێر پیاڵەكەیدا حیكمەتەكانی پایز دەبینم

دڵی هەموومانت شكاندووە

وەك گەڵا كەوتووینەتە ژێر پێت

كانیمان پڕ كردووە لەهەناسە

دەڕژێم بۆ سەر خوێندنەوەی تابلۆكان

دەوەرم

وەك ئەو قسەیەی لە نیوەڕپیەكی بێ كەسیدا شكام

شەڕی دەرگەكانم دەكرد

زەنگی دەروازەكانم لێدەدا

بەسەر پشتی بایەكی تووڕدا لولت دام

ئەو ڕۆژە بوو دایكم مرد

ئەو ڕۆژە بوو

ئاسمانم بە باڵەكانی من ڕازی نەبوو

دەنا لەگەڵ دایكم دەچووم

تۆم هەر خۆش دەوێت

زۆر جار پرچەكانی تۆ دەكەمە كەزی ولەسەر كتێبەكەی برایم باڵداری دادەنێم

شیعرێكم بۆدێت

لەخوێندنەوەیدا دەگریم

لە ئاوەزەكانیدا باڵدەگرم

لە وێنەكانیدا سەرم دادەخەم

ئاخر مینبەری شیعر

ڕووی لە مەوسیمی تۆیەو بەدەم حوزنەوە نوێژی ئەوینداران ڕێكدەخات

چیە پایز هەموو ڕۆژێك شیعرێك دەكوژێت و

سروشكی

ساڵێكم

پێ دەنوسێت.

٢٣/٩/٢٠١٩